باس لە زمانی کوردی کرا/مەلەفی ئابووری ئێران ورووژا

سێهەمین دیبەیتی تەلەفزیۆنیی بەربژارانی دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران لە سەر تەورەی ئابووری لە نێوان ۶ کاندیدی سەرۆک کۆماریی ئێران بەڕێوەچوو.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر،   سێهەمین و دوایین دیبەیتی هەڵبژاردنیی بەربژارانی دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران بە تەوەری مەلەفی ئابووری ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ ماوەی زیاتر لە ۳ کاتژمێر لە کەناڵی یەکی ئێران و کەنالی خەبەر و ڕادیۆ ئێران بەڕێوەبرا.

له‌م دیبه‌یته‌دا په‌ره‌دان به‌ به‌رهه‌م هێنانی ناوخۆیی و هه‌نارده‌ کردنی که‌لوپه‌لی ئێرانی بۆ وڵاتانی ناوچه‌که‌ و جیهان لە لایەن بەربژارانەوە جەختی لەسەر کرا.

یه‌که‌مین پرسیار له‌ ئیسحاق جه‌هانگیری کرا، ئه‌و له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ چۆن به‌ر به‌ قاچاخی که‌لوپه‌ل بۆ ناو ئێران ده‌گرن، وتی: بێ گومان قاچاخی که‌لوپه‌ل کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌ سه‌ر به‌رهه‌م هێنانی ناوخۆیی هه‌یه‌ و ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌. به‌ر له‌ ده‌وڵه‌تی ڕۆحانی ساڵانه‌ ۲۵ ملیار دۆلار قاچاخ بۆ ناو ئێران ده‌کرا، ئێمه‌ ئه‌م ڕێژه‌مان بۆ ۱۲ ملیار دۆلار له‌ ساڵ دابه‌زاندووه‌. به‌شێکی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کاری کۆڵبه‌ری و به‌شێکی بۆ که‌لو په‌لی به‌له‌می سنوورنشینه‌کان که‌ ئێمه‌ ئه‌مانه‌ به‌ڕه‌وڕوویان نابینه‌وه‌ چون ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌ سنووره‌کان هه‌لی کار بڕه‌خسێت و به‌رهه‌م هێنان په‌ره‌ی پێبدرێت، تاکوو سنوورنشینه‌کان بۆ بژێوی ڕۆژانه‌ی خۆیان که‌لو په‌ل هاورده‌ی ئێران نه‌که‌ن.

ئه‌و له‌ درێژه‌دا وتی: ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ ئێمه‌ دروشم نه‌ده‌ین، دروشم دان هیچ کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ناکات ئێمه‌ ده‌بێت به‌ پڵان و به‌رنامه‌ی زانستی به‌ره‌و پێش بڕۆین. ناکرێت دیسان وه‌ک ڕابردوو یه‌ک له‌ دوای یه‌ک دروشم بده‌ین و قسه‌ی جوان بکه‌ین و دواجار هیچیش نه‌که‌ین و دۆخه‌که‌ خراپتر بکه‌ین بۆ خه‌ڵک.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م دیبه‌یته‌دا له‌ سه‌ید مسته‌فا میرسه‌لیم سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌ کردنی که‌لو په‌لی نا-نه‌وتی پرسیار کرا و ئه‌و له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا وتی: ئێمه‌ هه‌موومان باش ده‌زانین که‌ وڵاتی ئێمه‌ ئابووری و بودجه‌که‌ی له‌سه‌ر فرۆشی نه‌وتی خاو ده‌به‌سرێت، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌، ئێمه‌ بۆ ده‌بێت نه‌وتی خاو هه‌نارده‌ بکه‌ین و دواجار به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان له‌ وڵاتانی بیانی بکڕین. ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین تاکوو به‌رهه‌م هێنانی که‌لو په‌له‌ نه‌وتییه‌کان له‌ ئێران په‌ره‌ی زیاتری پێبدرێت و خۆمان ببینه‌ هه‌نارده‌کاری ئه‌م که‌لو په‌له‌ نه‌وتیانه‌، ئێمه‌ چون خۆمان نه‌وتمان هه‌یه‌ ده‌توانین به‌ نرخێکی هه‌رزانتر که‌لوپه‌له‌ نه‌وتییه‌کان به‌رهه‌م بێنین و بۆ وڵاتانی بیانی و ناوچه‌که‌ هه‌نارده‌ی بکه‌ین.

ئه‌و له‌ درێژه‌دا وتی: ئه‌مه‌ی که‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ئاستی به‌رهه‌م هێنانی نه‌وتی خاو و هه‌نارده‌ کردنی به‌رز بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ یارمه‌تی کۆمپانیا بیانییه‌کان، هیچ کارێکی گه‌وره‌مان نه‌کردووه‌، چون ئێمه‌ هیچێکمان نه‌کردووه‌ و ته‌نیا خه‌ریکن سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م خه‌ڵکه‌ هه‌رزان دەفرۆشین و چون هه‌ر ساڵ خەرجی  ژیان گرانتر ده‌بێته‌وه‌، ناچار ده‌بین نه‌وتی خاوی زیاتر هه‌نارده‌ بکه‌ین، ئه‌مه‌ بۆچوونێکی هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بێت به‌ جدی پێدابچینه‌وه‌.

حه‌سه‌ن ڕۆحانی، سه‌رۆک کۆماری ئێستای ئێران سێهه‌مین به‌ربژار بوو که‌ سه‌باره‌ت به‌ بانکداری و کێشه‌ بانکییه‌کانی ئێران پرسیاری لێکرا و ئه‌و له‌ وڵامدا وتی: بانک یه‌کێکه‌ له‌ سه‌ره‌کی ترین به‌شی ئابووری ئێران، ئێمه‌ له‌ چوارساڵی ڕابردوو به‌ جدی ئاوڕمان له‌ بانکه‌کانی ئێران داوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵمان داوه‌ تاکوو به‌ مه‌به‌ستی سه‌رمایه‌دانه‌ری ناوخۆیی و بیانی ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م بانکداری ئێران که‌م بکرێته‌وه‌. یه‌کێک له‌ کێشه‌کانی بانکداری ئێران ئه‌و ناوه‌نده‌ دراوییە نوێیانه‌یه‌ که‌ دروست کراوه‌ و کاری بانکی ده‌که‌ن و به‌رپرسیش نین له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی خۆیان چون سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت نین، له‌گه‌ڵ بانکه‌کان ڕکابه‌ری ده‌که‌ن به‌ڵام ده‌ستووره‌کانی ده‌وڵه‌تیش وه‌رناگرن چون سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت نین، ئه‌مه‌ کێشه‌ی دروست کردووه‌ و ئێمه‌ زیاترین هه‌وڵمان دا تاکوو ئه‌م جۆره‌ ناوه‌ندانه‌ یان خۆیان له‌گه‌ل یاساکانی بانکی ناوده‌ندی یه‌ک بخه‌ن و له‌ هه‌مان یاساکان په‌یڕه‌وی بکه‌ن یان ئه‌وه‌ی خه‌ڵک چی دیکه‌ کاریان له‌گه‌ڵ نه‌کات.

سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی خۆی وتی: یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌ گه‌وره‌کانی سه‌رشانی بانکه‌کان به‌رده‌وام ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ یارمه‌تی به‌رهه‌م هێنان و کارگه‌کانی که‌رتی تایبه‌ت بدات، له‌ ۴ ساڵی ڕابردوودا ۲۴ هه‌زار کارگه‌ی بچووک له‌ لایه‌ن بانکه‌کانی ئێرانه‌وه‌ یارمه‌تیان پێدراوه‌ تاکوو ئاستی به‌رهه‌م هێنانی خۆیان به‌ باشترین کوالێتی و نزمترین نرخ به‌رز بکه‌نه‌وه‌. ئێمه‌ ساڵی ڕابردوو زیاتر له‌ ۱۰ ملیار دۆلار سه‌رمایه‌ی بیانیمان بۆ ناو ئێران ڕاکێشاوه‌ تاکوو په‌ره‌ به‌ کاری به‌رهه‌م هێنانی ناوخۆیی بدرێت.

پرسایری چواره‌م له‌ هاشمـی ته‌با، به‌ربژاری دیکه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئێران کرا، ئه‌و له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ چی ده‌که‌ن بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لی کار و په‌ره‌دان به‌ به‌رهه‌م هێنانی ناوخۆیی وتی: گومانی تێدا نییه‌ که‌ به‌رهه‌م هێنانی و هه‌نارده‌ کردنی که‌لوپه‌لی ئێرانی بۆ جیهان و ناوچه‌که‌ گرنگییه‌کی یه‌کجار زۆری هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ نابێت له‌بیرمان بچێت که‌ ته‌نیا به‌رهه‌م هێنان ته‌واو نییه‌، به‌ڵکو کوالێتی باشی که‌ل و په‌له‌ ئێرانییه‌کان مه‌رجی سه‌ره‌کییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باشترین فرۆشمان هه‌بێت. ئێمه‌ ده‌بێت ئامانجام له‌ به‌رهه‌م هێنان هه‌نارده‌ کردن بێت، هه‌نارده‌ کردنی باش و سه‌رکه‌وتووش ته‌نیا کاتێک به‌ ده‌ست دێت که‌ به‌رهه‌مه‌ ئێرانییه‌کان باشترین کوالێتیان هه‌بێت و که‌مترین نرخیشیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت یارمه‌تی کارگه‌ ناوخۆییه‌کان بدات ئه‌م دوو بابه‌ته‌ ده‌توانین چاره‌سه‌ر بکه‌ین.

ئه‌و له‌ درێژه‌دا وتی: بابه‌تێکی دیکه‌ که‌ یه‌کجار گرنگه‌ به‌رهه‌مه‌ کشت و کاڵییه‌کانه‌. ئێمه‌ ده‌بێت بتوانین کشت و کاڵ له‌ ئێراندا مۆدێڕن بکه‌یه‌نوه‌، ئه‌مه‌ دوو ده‌رنجامی زۆر باشی هه‌یه‌، یه‌که‌م ده‌توانین که‌ل و په‌لی کشت و کاڵی بۆ وڵاتانی ناوچه‌که‌ هه‌نارده‌ بکه‌ین، دووهه‌م به‌م کاره‌ سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کانی ئێران باشترین ده‌ست پێوه‌ گرتنی تێدا ڕووده‌دات چون کشت و کاڵی سونه‌تی زیاترین ئاو به‌ خه‌سار ده‌دات و که‌مترین به‌رهه‌می هه‌یه‌، ده‌بێت ئه‌مه‌ میکانیزه‌ بکرێته‌وه‌ تاکوو بتوانین به‌ره‌وڕووی وشکه‌ساڵی و که‌م ئاویش ببینه‌وه‌.

له‌ درێژه‌دا سه‌ید ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌باره‌ت به‌ یاسای یارانه دان له‌ ئێران وتی: ده‌وڵت ده‌بێت ئاوڕی جدی له‌ هه‌ژاران و که‌م ده‌رامه‌ته‌کان بداته‌وه‌. له‌ ئێستادا بڕه‌ پاره‌یه‌ک وه‌ک یارمه‌تی و یارانه‌ به‌ خه‌ڵک ده‌درێت من ئه‌م یارانه‌ ۳ به‌رنابه‌ر ده‌که‌مه‌وه‌ چون گرانی به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت ئێمه‌ خۆمان به‌ به‌رپرسی ئه‌م دۆخه‌ بزانین و یارمه‌تی خه‌ڵک بده‌ین. یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی شۆڕشی ئیسلامی بنبڕکرندی هه‌ژاری له‌ ئێراندا بوو، ده‌بێت ده‌وڵه‌ت بتوانێت به‌ باشی یارمه‌تی هه‌ژاره‌کان بدات.

ئه‌و له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی خۆی جه‌ختی کرد: من له‌ خه‌ڵک ده‌پرسم ئایا ئێسته‌ سفره‌ی ئێوه‌ بچووکتر نه‌بووه‌ته‌وه‌؟ ئایا برنج و گۆشت و ڕۆن و خوارده‌مه‌نی سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵک گران تر نه‌بووه‌، ده‌وڵت به‌رپرسه‌ له‌م دۆخه‌ و ده‌بێت یارمه‌تی خه‌ڵک بدات تاکوو ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م گرانییه‌ بێن. من یاسای یارانه‌کان به‌ ته‌واوی ده‌خه‌مه‌ بواری جیبه‌جێ کردن و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان بێت بۆ یارمه‌تی خه‌ڵکی هه‌ژار کۆتایی ناکه‌ین.

دوایین به‌ربژاری ئه‌م دیبه‌یته‌ محه‌مه‌د باقر قاڵیباف بوو، له‌ درێژه‌دا له‌م به‌ربژاره‌ پرسیار کرا که‌ چ پلانێکی بۆ په‌ره‌دان به‌ داهاتووی ئێران هه‌یه‌، ئه‌و له‌ وڵامدا وتی: له‌مڕۆدا وڵاته‌که‌ی ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئابووری وه‌ک بێکاری، گرانی و کزی بازاڕ بووه‌ته‌وه‌. له‌ چوار ساڵی ڕابردوودا که‌ل و په‌له‌کان گران تر بووه‌ به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ گرانی کۆنترۆڵ کردووه‌. نزیک به‌ ۶ بۆ ۷ ملیۆن بێکارمان له‌ ئێراندا هه‌یه‌ و زۆربه‌ی کارگه‌کانی ئێران به‌ هۆی گرانی و نه‌بوونی بازاڕ داخراون. ئه‌مه‌ش به‌ هۆی به‌ڕێوه‌ بردنی لاوازی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بووه‌ که‌ ده‌بێت ئه‌م خه‌ساره‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین.

ئه‌و له‌درێژه‌دا وتی: ئێمه‌ نزیک به‌ ۴۰ له‌ سه‌د له‌ ئێراندا ڕاکردن له‌ باجمان هه‌یه‌، بۆ ده‌بێت خه‌ڵکی ئاسایی باج بدات به‌ڵام که‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ند بتوانن له‌ باج دان ڕابکه‌ن. ئێمه‌ ده‌بیت له‌ ده‌وڵه‌تی دوازده‌هوم له‌ دوای که‌م کردنه‌وه‌ بێکاری بین و کێشه‌ی به‌رهه‌م هێنانی ناوخۆیی چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئێمه‌ ده‌بێت باج له‌و که‌سانه‌ بسێنین که‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن و له‌ خه‌ڵکی هه‌ژار پشتیوانی زیاتر بکه‌ین. ده‌بێت چوامان له‌ هه‌نارده‌ کردن بۆ وڵاتانی جیهان بێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌توانین که‌ل و په‌لی ئێرانی هه‌نارده‌ بکه‌ین ناتوانین داهاتی زیاتر و سه‌روه‌تی زیاتر بۆ ئێران به‌رهه‌م بێنین چون فرۆش به‌ ناوخۆ نابێته‌ هۆی به‌رز بوونه‌وه‌ی سه‌روتی زیاتری ئێران، به‌ڵکوو فرۆش به‌ وڵاتانی دیکه‌یه‌ که‌ ده‌توانێت داهات و سه‌روه‌تی زیاتر بۆ ئێران به‌رهه‌م بێنێت و خه‌ڵک ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکات.

شایانی باسه‌ که‌ له‌ میانه‌ی قسه‌کانی به‌ربژاره‌کان له‌م دیبه‌یته‌ به‌ هه‌موو به‌ربژارده‌کانی دیکه‌ مۆڵه‌ت درا تاکوو  ڕه‌خنه‌ لە قسەی یەکتر بگرن  و له‌ کۆتایشدا مۆڵه‌ت به‌ هه‌موو به‌ربژاره‌کان درا تاکوو له‌ بۆچوون و قسه‌کانی خۆیان به‌رگری بکه‌ن.

جێگەی ئاماژەیە کە لە کاتی ڕەخنەگرتن لە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی و وڵامدانەوەی ئیدیعای دەوڵەتی ئیستای ئێران بۆ ئەوەی ئاوڕی لە ئیتنیک و نەتەوەکان و زمانەکانی ناو ئێران لەوانەش کوردی داوەتەوە، ئیبراهیم ڕەیسی بەربژاری سەرۆک کۆماریی ئێران ئاماژەی دا کە دروست نییە دەوڵەتێک بڵێت ئێمە مافی خوێندن و نووسینی زمانی کوردیمان لەبەرچاو گرتووە، چونکوو مافی زمان خودا بە هەموو نەتەوەیەکی داوە و دەوڵەتەکان دەبێ دەقی یاسا جێبەجێ بکەن چونکوو لە یاسای بنەڕەتی ئێران دا ڕاشکاوانە ئاماژەی بە مافی زمانی نەتەوەکان داوە.

هه‌فته‌ی داهاتوو، ۲۹ی گوڵان، ده‌نگدان به‌ ۱۲هه‌مین سه‌رۆک کۆماری ئێران ده‌ست پێ ده‌کات و تاکوو دره‌نگانێکی شه‌و درێژه‌ی ده‌بێت و له‌ نێوان ئه‌م ۶ به‌ربژاره‌ یه‌ک که‌س ده‌بێته‌ ۱۲هه‌مین سه‌رۆک کۆماری ئێران و ده‌وڵه‌تێکی نوێ ڕێده‌خات.

News Code 9960

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 0 =