حه‌ماس سنووره‌کانی ۶۷ی به‌ فه‌رمی ناسیوه‌، نه‌ک ڕژیمی زایۆنی

ئه‌ندامی باڵای بزوتنه‌وه‌ی حیماس له‌ میانه‌ی قسه‌کانی خۆی جه‌ختی کرد که‌ بڕیاری نوێی سیاسی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ به‌ هیچ له‌ونێک هه‌بوونی ڕژیمی زایۆنی به‌ فه‌رمی ناناسێت.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی، محه‌مه‌د مه‌زهه‌ری: بزوتنه‌وه‌ی فه‌لستینی حه‌ماس له‌ دواین بڕیارنامه‌ی خۆی که‌ بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌ دانی به‌وه‌داناوه‌ که‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌ سنووره‌کانی ساڵی ۱۹۶۷ به‌ پایته‌ختی قودس به‌ فه‌رمی ده‌ناسێت.

هه‌ر له‌مباره‌وه‌ ئاژانسی مێهر گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ مه‌حمود زه‌هار، ئه‌ندامی باڵای حه‌ماس ئه‌نجام داوه‌.

* چی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ حه‌ماس له‌م کاته‌ و دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکا و گوشاری وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ ده‌ست پێ کردنه‌وه‌ی دانوستانه‌کان وه‌ها بڕیارێک بدات و سنووره‌کانی ساڵی ۶۷ به‌ فه‌رمی بناسێت؟

گۆڕانکارییه‌کان و هه‌وڵه‌ بیانییه‌کان بۆ سازش هیچ کاریگه‌رییه‌کیان به‌ سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ی حه‌ماسه‌وه‌ نییه‌. ئه‌م کاره‌ به‌ پێی هه‌مان ساڵانی ڕابردوو ئه‌نجام ده‌بێت. له‌م به‌ڵگه‌یه‌دا جه‌خت کراوه‌ که‌ ده‌بێت ئاواره‌ فه‌له‌ستینییه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌. حه‌ماس له‌ بستێک خاکی فه‌له‌ستین پاشه‌کشه‌ ناکات و سوورین له‌ سه‌ر بڕواکانی خۆمان.

ئێسته‌ش ئێمه‌ سنووره‌کانی ۱۹۶۷ به‌ فه‌رمی ده‌ناسین بێ ئه‌وه‌ی له‌ بستێک خاکی فه‌له‌ستین پاشه‌کشه‌مان کردبێت. ئێمه‌ بۆچوونی خۆمان ناگوڕین و سوورین له‌ سه‌ره‌ی.

* ڕای ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمی ناساندنی سنووره‌کانی ۱۹۶۷ چییه‌؟

ئێمه‌ سنووره‌کانی ۱۹۶۷ به‌ فه‌رمی ده‌ناسین، نه‌ک ڕژیمی زایۆنی. ئه‌مه‌ی که‌ ئێمه‌ تاکوو سنووری ساڵی ۱۹۶۷مان قبووڵه‌ به‌و مانا نییه‌ که‌ ئه‌م ڕژیمه‌ به‌ فه‌رمی بناسین. ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ په‌یوه‌ندی ئاسایی له‌گه‌ڵ زایۆنییه‌کان دروست بکه‌ین. 

* ئایا ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ حه‌ماس به‌م بڕیاره‌نامه‌یه‌ نوێیه‌ ده‌ستی له‌ ئیخوانولموسلمینیش شۆردووه‌ته‌وه‌؟

نه‌خێر ئه‌مه‌ش دروست نییه‌، ئێمه‌ له‌ بڕیارنامه‌ نوێکه‌مان خۆمان به‌ درێژه‌ده‌ری ڕێگه‌ی ئیخوانول موسلمین ده‌زانین، به‌ڵام بڕیاره‌کانی ئێمه‌ له‌ لایه‌ن ئیخوانول موسلمینه‌وه‌ نادرێت.

* ئایا هیچ لێکچوونێک له‌ نێوان ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ی ئێوه‌ و حزبی نه‌هزه‌ له‌ تونس هه‌یه‌؟

هیچ لێکچوونێک نییه‌، ئه‌وان له‌ ناو خۆیاندا کێشه‌یان هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌ره‌ڕووی دوژمنێکی داگیرکار نه‌بوونه‌ته‌وه‌.

* باسی ئه‌وه کراوه‌ که‌ خالید مه‌شعه‌ل له‌ سه‌رۆکایه‌تی حیماس لاده‌برێت، ئایا ڕاسته‌؟

به‌ پێی یاسای ناوخۆی حه‌ماس، به‌رپرسان ده‌بێت هه‌ر دوو ساڵ جارێک بگۆڕدرێن. شتێک به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م یاسا ئه‌نجام نه‌بووه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک بگۆڕدرێت ئه‌وه‌ ده‌توانێت بۆ چه‌ند ساڵی دیکه‌ دووباره‌ خۆی بۆ سه‌رۆکایه‌تی ئاماده‌ بکات ئێمه‌ هه‌موومان یه‌کگرتووین و کێشه‌مان نییه‌.

* زۆر که‌س لای وایه‌ ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ به‌ فه‌رمی ناساندنی ڕژیمی زایۆنییه‌ و کۆتایی هێنانه‌ به‌ دوژمنایه‌تییه‌کان چون سنووره‌کانی ساڵی ۶۷ له‌ لایه‌ن ئێوه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕژیمه‌ به‌ فه‌رمی ناسراوه‌؟

میله‌تی فه‌له‌ستین به‌رده‌وام دوژمنی زایۆنییه‌کان بوون و ده‌بن، چون ئه‌وان وڵاتی ئێمه‌یان داگیر کردووه‌. گرنگ نییه‌ که‌ داگیرکه‌ره‌کان چ دینێکیان هه‌یه‌ چ مه‌سێحی و چ یه‌هوودی، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رن. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌هوودییه‌کان کێشه‌مان نییه‌. له‌ ئێرانیش هه‌ر وایه‌، ئێرانییه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌هوودییه‌کان کێشه‌یان نییه‌، کێشه‌ داگیرکارییه‌.

News Code 9763

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 16 =