ئەردۆغان ڕەوایی نەماوە/ ئەمریکا بۆ دژایه‌تی ئێران پێویستی بە تورکیایە

ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەر ئەو باوەڕەیە هەرچەند ئەردۆغان لە گشت پرسیەکەی گۆڕانی یاسای بنەڕەتیدا سەرکەوت بەڵام ڕەوایی خۆی لە دەست داوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، نێوەدەوڵەتی- عەبدولحەمید بەیاتی: گشت پرسیەکەی گۆڕانی یاسای بنەڕەتی تورکیا بە تەواوی هەوراز و نشێوەکانیەوە بە مسۆگه‌رکردنی  ٥١.٤ لەسەد دەنگی ئەرێ کۆتایی بە کاری خۆی هێنا و بەم شێوەیە وەرزێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکرد.

بێ گومان بەم جۆرە هێز و دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لە ڕابردوو دەبێت و سەرکوت کردنی دژبەرەکانی توند تر دەبێتەوە. لەم نێوانەدا هەرچەندە یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە ئەو گشت پرسیە هەڵوێستی نەرێنی نواند بەڵام ئەمریکا لە گەڵی ڕاهاتووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لێکدانەوەی جیاواز سەبارەت بە داهاتووی تورکیا بکرێت، هەر بەم بۆنەوە لە گەڵ پڕۆفسۆر دانیل سرور ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وتووێژێکمان ئەنجام دا.

سرور لە بەناوبەنگترین کارناسەکانی ئێستا لە سەر پرسی بەرپرسایەتی شەڕ و لە کارناسە باڵاکانی ڕێکخراوی ( پێوەندی دوو لایەنەی ئاتلانتیک) و لە مامۆستایانی زانکۆی جان هاپکینزە کە پێشینەی چالاکی بەربڵاوی لە سەر شەڕی، عێراق، ئەفغانستان  باڵکان هەیە و لە ساڵی ١٩٩٤ تا ١٩٩٦ وەکوو نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە پرسی ناوبژیوانی لە نێوان موسڵمانەکان و کرواتەکانی یوگوسلاوی چالاکیی هەبووە.

لێکدانەوەی ئێوە لە سەر ئاکامی گشت پرسیەکەی گۆڕانی یاسای بنەڕەتی تورکیا چیە؟

چاکسازیی مەبەستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەرکەوتنێکی کەمڕەنگەوە گەیشتە ئاکام. ئەم سەرکەوتنە وا دەکات کە بە گۆڕانی سیستەمی دەسەڵاتی تورکیا بە سەرۆکەیاتی، دەسەڵات لە دەستی ئەردۆغاندا بمێنێتەوە، پۆستی سەرۆک وەزیران هه‌لبگیردرێت، دەستی سەرۆک کۆمار لە سیستەمی دەسەڵاتی تورکیا ئاوەڵاتر ببێتەوە و ئەو ئیزنە دەداتە ئەردۆغان تا بۆ دە ساڵی دیکە لە سەر دەسەڵات بمێنێتەوە.

هەرچەندە ئەردۆغان لە گشت پرسیەکەدا سەرکەوت بەڵام ڕەوایی خۆی لە دەست دا. سەرکەوتن بە ئەو ڕێژە دەنگەوە شادیی ناوێت. ئەردۆغان لە سێ شاری سەرەکی تورکیا واتا ئەستەنبۆڵ، ئەنقەرە و ئزمیر شکشتی هێنا و ڕێژەی دەنگە نەخێره‌کانی لە ئەو شارانە زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانی بوو. ئەردۆغان لە کاتی کوودەتا شکستخواردووەکەی هاوینی ساڵی ڕابردووەوە دەستی کردووە بە پاڵاوتنی دژبەرانی خۆی لە زانکۆوەکان، دەزگا هەواڵدەرییەکان، قوتابخانەکان و هیزە ئەمنییەکان.

ئەردۆغان بە کەڵک وەرگرتن لە ئاکامی گشت پرسییەکە نەک تەنیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی تێدەکۆشێت بەڵکوو هەر وەکوو ئەم ساڵانەی دوایی درێژەی داوەتە سەرکوتی دژبەرەکانی، هیوای بۆ چوونە ناو ئەورووپا کەم کردووەتەوە، بەربەرەکانێ لە گەڵ ڕووسیا و شەڕ لە سووریا درێژە دەدات.

جودا لەوانە سەرکوتی لایەنگرەکانی هاوپەیمانی پێشووی ئەردۆغان واتا فەتحوڵلا گولەن کە ئەردۆغان ئەو بە هۆکاری کوودەتاکەی جوولای دەزانێت بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئەنجام دەدرێت و تووش بوون لە گەڵ سێکۆلارەکان و کەسانێک کە لە گەڵ بیرەکانی ئەردۆغاندا دژن، درێژەی هەیە.

بە پێی ئاکامی گشت پرسیەکەی تورکیا هەر چەند بە پەراوێزێکی زۆر کەمەوە، لیبڕاڵ دیمۆکراسی سەرکەوتنێکی دیکەی بە دەست هێناوە. ئەگەر ئەگەر ئاکامی گشت پرسیەکە و چاکسازی یاسای بنەڕەتی تورکیا و هەروەها سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و هەروەها رەوتی سیاسی لە لەهستان و هەنگاریا بنێینە پاڵی یەکەوە تێدەگەین کە لایەنگرەکانی لیبڕاڵ دیمۆکراسی ئەگەر بیانەوێت پاڵ بە بنەماکانی دیمۆکراسیەوە بدەن توانیویانە سەر بکەون و لەم نێوانەدا بەس هۆڵەندا شکستی خواردووە.

بە پێی ئەو روانگەیە کە ئەردۆغان لە تورکیا گرتوویە بەر ئێوە داهاتووی ناوبراو چۆناوچۆن پێش بینی دەکەن؟

ئەگەری هەیە ئابووری زیاتر لە سیاسەت کاریگەری دابنێتە سەر ئەردۆغان. ئابووری تورکیا کەوتووەتە لێژایی، گەشەی کەم بووەتەوە، چوونی گەشتیاران بۆ ناو ئەو ولاتە دابەزیوە، نرخی لیرە (پارەی تورکیا) کەم بووەتەوە و بێکاریش زیادی کردوە. چاکسازی ئابووری و گەشەی خێرای کە کاریگەریی زۆری لە سەر خۆشەویستیی ئەردۆغان لە دەیەی ٢٠٠٠ دانابوو ئێستا وەستاوە. دەسپێکردنی شەڕ لە گەڵ کوردەکان کاریگاری ناوەتە سەر بەشێکی بەربلاوی تورکیا و زەرەری گەیاندووەتە ئابووری ئەو وڵاتە. ئەردۆغان چیدی ئەو شۆڕشگێرە ئیسلامەگەرا نیە کە دژی گەندەلی و ئامادەی ئاشتی لە گەڵ کوردەکان بوو. ناوبراو پاش ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ وەکوو سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرا زیاتر لە ئەوەی کە لە بیری ئابووریی تورکیا بێت لە بیری کاپیتالیزمدا بوو.

بەم حاڵەوە پێوەندیی لایەنە ڕۆژاواییەکان لە گەڵ تورکیا چۆن لێک دەدەنەوە؟

ئەمریکا دژایەتیی کەمی لە گەڵ ڕوانگەکانی ئەم دواییانەی تورکیا و خودی ئەردۆغاندا هەیە و زیاتر لە سەر ئەوەیە کە ئەو ولاتە لە ڕێبازی یەکیتی ئەورووپا بمینێتەوە. دەوڵەتی ئەمریکا پێویستی بە ئەوە هەیە کە ئەنقەرە ئیزنی کەڵک وەرگرتن لە بنکەکانی تورکیا بداتە فڕۆکەکانی ئەمریکا. جگە لەوەش لە ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تورکیا دەورێکی گرنگی بۆ واشنتۆن دەبێت. تەنانەت ئەگەری هەیە ترامپ ڕازی ببێت بە ڕادەست کردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن بە تورکیا کە ئاڵبەت ئەمە پێوەندی هەیە بە ڕەوتی دادوەریی دەستپێکراو لە ئەم پێوەندیەوە.

News Code 9724

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 8 =