ئەردۆغان دوای گشت پرسیەکە دەبێتە دیکتاتۆرێکی تەواو

گشت پرسیی گۆڕانی یاسای بنەڕەتی تورکیا لە قازانجی ئەردۆغان کۆتایی هات. زۆر کەس ئەم گۆڕانە بە دەسپێکی خولێکی سیاسی نوێ لە تورکیا دەزانن؛ خولێک کە لەوە دەچێت دیمۆکراسی هیچ دەورێکی تێدا نەبێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دکستر فیلکینز لە یادداشتێکدا بۆ گۆڤاری نیۆیۆرکر، نووسی دەنگی ئەرێ لە گشت پرسیەکەی تورکیا بە واتای کۆتایی هاتنی دیمۆکراسی لە ئەو وڵاتەیە. لە خوارەوە کورتەیەک لە یادداشتەکەی ناوبراو دەخوێننەوە.

سەرکەوتنی ئەردۆغان لە گشت پرسیەکەی ڕۆژی یەکشەممە، دیمۆکراسیی تورکیای گەیاندە هێڵی کۆتایی.  دەسەڵاتێک کە بڕیارە بدرێتە ئەردۆغان کە بریتیە لە کۆنترۆڵی تەواوەتی دەزگای داد، هێزی یاسا دانەری، لابردنی پۆستی سەرۆک وەزیری و سیستەمی پەڕلەمانی ، لە کردەوەدا دەیکاتە دیکتاتۆرێکی تەواو. بە پێی یاسای نوێ، ئەردۆغان دەتوانێت لانیکەم بۆ دوو خولی دیکە، سەرۆک کۆمار بێت.

گشت پرسیەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە دۆخێکی پڕاوپڕ توندوتیژی، هەڕەشە و ترسدا بەڕێوە چوو. هێرش دەکرایە سەر کەسانێک کە دژی دەنگی ئەرێ پاگەندەیان دەکرد و تەنانەت لە بڕێ شوێنیشدا دەدرانە بەر گولە. ئەردۆغان لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی خۆی دا تا ئەوەی کە لە ئۆپۆزسیۆن بەجێ مابوو لە ناو ببات.  لە مانگی جوولای و کوودەتا گومانلێکراوەکەدا، نێزیک ۴۰ هەزار کەس دەسبەسەر کران کە ۱۵۰ ڕۆژنامەنووسیشیان تێدا بوو. سەد هەزار کارمەندی دەوڵەتی لە کار  دەرکران و ۱۷۰ کەناڵی تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامە و دەزگاکانی تر داخران . زۆربەی ڕێبەرانی ئۆپۆزسیۆن لە زینداندان. لە ئاوەها دۆخێکدا ناتوانرێت لە خەڵک پرسیار بکرێت کە چیان دەوێت.

ڕێژەی دەنگەکانی ئەرێ و نا زۆر نێزیکی یەکن و زۆر کەسیش باس لە ئەگەری ساختەکاری لە گشت پرسیەکەدا دەکەن.  ئەوەی کە وا بیر بکەینەوە ئەردۆغان بڕیار بوو ئیزن بدات تا گشت پرسیەکە ببەزێت، دوور لە چاوەڕوانییە. ئەو تەنانەت ئیزنی چاوەدێری کردنی چاوەدێرانی نێودەوڵەتیی دەرنەکرد. لە ڕاستیدا ئەو دەیویست هەر جۆرێک بووە بیباتەوە.  ئێستاکە تورکیا بووەتە وڵاتێکی دوو جەمسەریی تەواو. جەیمز جێفری باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە تورکیا بە منی وت: ئێستاکە نیوەی خەڵکی تورکیا ئەردۆغانیان خۆش دەوێت و ئەو نیوەکەی تر ڕقیان لێیەتی.

بە ڕای من، ئیسلامگەرایی ئەردۆغان تەنیا شوێن پێ ون دەکات و ڕواڵەتیە. ئەو بە دوای دەسەڵات گەیاندنی ئیسلام نیە، بەڵکوو دەیەوێت خۆی دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت. ئەمە لانیکەم پاش دووهەمین خولی سەرۆک وەزیریی ئەودا تەواو ڕوونە. لە ساڵی ۲۰۰۷، دەوڵەتی ئەو دەستی کرد بە لەناو بردنی لایەنگرانی دیموکراسیی سێکۆلار و لایەنگرەکانیان لە سوپادا،ئەو سوپاییانەی کە دوو دڵ بوون لە ئەردۆغان و ئامانجەکانی.

لە ئەو کاتە بە دواوە، ئەردۆغان دەستی کرد بە لەناو بردنی دژبەرەکانی تا بەم شێوەیە هێزەکەی سەقامگیر بکات، لە ساڵی ۲۰۱۳، هێزەکانی پۆلیس بە فەرمانی ئەو خۆپیشاندانی ئارامی خەڵک لە پارکی گەزییان بە توندوتیژیەوە سەرکوت کرد، چەند کەسیان کوشت و سەدان کەسیان بریندار کرد. لە جوولای ساڵی ڕابردوو، ئەو لە کوودەتا کەڵکی گرت تا پاشماوەی دژەبەرکانی سەرکوت بکات.

دژبەرەکانی ئەردۆغان قسەیەک دەدەنە پاڵی ئەوەوە کە نادیارە وتوویەتی یا نا، بەڵام بە شێوەیەکی سەیر شێوەی بیر و ستراتیزی سیاسیی ئەو بەیان دەکات: دیمۆکراسی وەکوو شەمەندەفەرێک وایە. کاتێک گەیشتینە شوێنی مەبەست دادەبەزن. ئێستا لە ساڵی ۲۰۱۷،وا دیارە ئەو پاش ۱۵ ساڵ دانیشتن لە ناو شەمەندەفەری دیمۆکراسی،  خەریکی دابەزین و بەجێهێشتنی ئەو شەمەندەفەرەیە و ئەمە یانی کۆتایی دیمۆکراسی لە تورکیا.

News Code 9473

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 10 =