ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی هەڵاتووە و له‌ ترسی گیانی ده‌رناکه‌وێت

چاره‌نووسی به‌غدادی به‌لای جیهانه‌وه‌ گرنگی زۆری پێده‌درێت و تاکوو ئێسته‌ چه‌ندین گێڕانەوەی له‌سه‌ر وتراوه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی، ڕۆژنامه‌ی حه‌یات له‌ ڕاپۆرتێکدا نووسی: به‌رپرسانی عێراقی و ئه‌مریکایی له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که‌ ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی فه‌رمانده‌ی داعش موسڵی چۆڵ کردووه.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ به‌غدادی به‌ ئه‌گه‌ری زۆر به‌ره‌و بیابانه‌کان هەڵاتووە و هه‌موو شه‌ڕه‌که‌یشی به‌ فه‌رمانده‌کانی داعش سپاردووه‌ چیان پێخۆشه‌ بیکه‌ن. به‌غدادی شاری موسڵی چۆڵ کردووه‌ به‌ڵام ڕوون نییه‌ به‌ره‌و کوێ هەڵاتووە.

سه‌رۆکی تیرۆریسته‌کان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌دۆزرێته‌وه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن له‌ ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندی گشتی که‌ڵک ده‌بات و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ دۆزینه‌وه‌ی شوێنی خۆ حه‌شاردانی ئه‌م گه‌وره‌ تیرۆریسته‌ی جیهان. زۆر به‌ ده‌گمەن و ته‌نیا له‌ ماوه‌ی یه‌ک ڕۆژدا جێگۆڕه‌کی ده‌کات و چی دیکه‌ که‌س نازانێت به‌ره‌و کوێ چووه.

هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌کان باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ به‌غدادی بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به‌رچاو نه‌که‌وێت زیاتر خۆی له‌ ناو گونده‌کان و خه‌ڵکی هەژار ده‌شارێته‌وه. دوایین زانیاری له‌ سه‌ر به‌غدادی بۆ ۱۳ی فێڤریه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی عێراق خانوویه‌کیان له‌ سنووری سووریا و عێراق بۆردمان کرد و گومانی ئه‌وه‌ ده‌کرا به‌غدادی خۆی تێدا شاردبێته‌وه.

ئه‌مریکاییه‌کان ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ به‌غدادی به‌ پێچه‌وانه‌ی بن لاده‌ن ته‌نیا له‌ یه‌ک که‌س بۆ گواستنه‌وه‌ی نامه‌کانی خۆی که‌ڵک نابات و چه‌ندین که‌س به‌ کار دێنێت و ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ که‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌سته‌متر بێت.

به‌غدادی به‌ که‌س باوه‌ڕی نییه‌ به‌ڵام به‌ پێی زانیارییه‌ سه‌ربازییه‌کان ئه‌یاد عوبه‌یدی یه‌کێک له‌ ئه‌فسره‌ کۆنه‌کانی به‌عس که‌سی ده‌ستی ڕاستی ئه‌وه. هه‌ڵبه‌ت زۆر که‌س له‌ شاره‌زایانی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن گه‌ر ته‌نانه‌ت به‌غدادیش بکوژرێت داعش له‌ناو ناچێت چون چوارچێوه‌ی داعش وه‌ک خۆی ماوه‌ و که‌سانی دیکه‌ له‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ دێنه‌ سه‌ر کار.

هیشام هاشمی شاره‌زای گرووپی تیرۆریستی داعش له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: به‌غدادی له‌ بیابانێکی نێوان سووریا و عێراق که‌ خۆی له‌وێ له‌ دایک بووه‌ ده‌ژیت، چون ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ باشی ده‌ناسێت و خه‌ڵکی به‌ باشی یارمه‌تی ده‌ده‌ن و هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی سیخۆڕه‌کان له‌م ناوچه‌دا بۆ ئه‌وان ئاسانه، هه‌ر بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ گونده‌کانی ئه‌م بیابانه‌ی نێوان سووریا و عێراق له‌ هات و چوو دایه.

شایانی باسه‌ که‌ له‌ پاییزی ساڵی ۲۰۱۶وه‌ هێزه‌کانی عێراق پڕۆسه‌ی ئازاد کردنی موسڵیان ده‌ست پێکردووه‌ و له‌م چه‌ند مانگه‌دا زۆربه‌ی ناوچه‌کانی پارێزگای نه‌ینه‌وایان کۆنترۆڵ کردووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ به‌غدادی جێگه‌ی خۆ حه‌شاردانی بۆ نه‌مێنێته‌وه.

News Code 8709

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 9 =