مێدیایه‌کی ڕۆژئاوایی شرۆڤه‌ی کرد:

ترامپ له‌ سووریا و ئه‌فغانستان و عێراق چ بڕیارێک ده‌دات

ناسەی هەواڵ: 3874711 -
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌کانی ئه‌مریکا به‌ره‌و ڕه‌قه‌ ده‌ڕۆن، گومان باڵی به‌ سه‌ر پلانه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکادا کێشاوه‌.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی، له‌ ماڵپه‌ڕی دێفنس وان ئاماژه‌ی داوه‌ که‌ پرسیاری زۆر سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی دۆنالد ترامپ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ تایبه‌ت عێراق و سووریا هه‌یه‌.

ئایا ئه‌مریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌مان سیاسه‌تی پێشووی خۆی یان ئه‌وه‌ی به‌ هاتنی ترامپ هه‌موو سیاسه‌ته‌کان گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت؟

ترامپ چه‌ند ڕۆژی دیکه‌ ده‌ست به‌ کار ده‌کات، به‌ڵام هێشتا بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌که‌ ڕوون نه‌کردووه‌ته‌وه‌ و که‌س نازانێت چ بڕیارێک له‌ سه‌ر کێشه‌ ئاڵۆزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌دات.

ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ سووریا هێشتا له‌ شه‌ڕ دایه‌ و بابه‌تی "ئه‌سه‌د ده‌بێت بڕوات" چی دیکه‌ گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌ماوه‌ و ترامپیش باش ده‌زانێت که‌ به‌ لاچوونی ئه‌سه‌د سووریا ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت.

ڕووسیاش به‌رده‌وام پشتیوانی له‌ ئه‌سه‌د ده‌کات. که‌واته‌ چاوه‌ڕوانی ته‌واو بوونی قه‌یرانی سووریا هه‌ڵه‌یه‌ و وه‌ک ڕوونیشه‌ به‌م زوانه‌ پڕۆسه‌ی ئاڵ و گۆڕ کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ سووریا ئه‌نجام نابێت.

پرسیاری جدی دیکه‌ له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا ترامپ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئۆباما پشتیوانی له‌ هێزه‌ کوردییه‌کان ده‌کات و چه‌کیان ڕاده‌ست ده‌کات؟ ئایا ئه‌و درێژه‌ به‌ پشتیوانی ئاسمانی کورده‌کانی سووریا دده‌ات تاکوو شاری ڕه‌قه‌ ئازاد بکه‌ن؟

له‌ ئێستا ئه‌مریکا هاوکاری کورده‌کانی سووریا ده‌کات، به‌ڵام ئه‌مه‌ تورکیای ته‌واو هه‌راسان کردووه‌ و تورکیا لای وایه‌ که‌ دوای سووریا سه‌ره‌ی ئه‌و وڵاته‌یه‌ و کوردی تورکیا له‌ دژی ئه‌نقه‌ره‌ شۆڕشی سه‌رتانسه‌ری ده‌که‌ن، تورکیا به‌ ده‌یان جار باسی ئه‌م بابه‌ته‌ی کردووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ کێشه‌ی کورد به‌ جدی و مه‌رترسیدار بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌زانێت که‌ ڕایگه‌یاند کۆتایی به‌ هاوکارییه‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌نجه‌رلیک دێنێت.

هێشتا که‌س نازانێت که‌ ترامپ چ بڕیارێک بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌دات، ته‌نانه‌ت خودی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریاش نازانن که‌ ئایا دوای هاتنه‌ سه‌ر کاری ترامپ ده‌بێت درێژه‌ به‌ ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانیان له‌گه‌ڵ کورده‌کان بده‌ن یان نا؟

له‌ ئێستادا تورکیا دڵخۆشه‌ که‌به‌ هاتنه‌ سه‌رکاری دۆناڵد ترامپ گۆڕانکاری له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکادا دروست ببێت. له‌مباره‌وه‌ وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی تورکیا وتی: من دڵنیام که‌ ترامپ تێده‌گات که‌ بنکه‌ی ئاسمانی ئه‌نجرلیک چه‌ند گرنگه‌ بۆیان و ده‌ستی لێناشۆرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ئێستادا دڵنیاین لی ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ دۆخی سووریا به‌رده‌وام هه‌روا ئاڵۆز ده‌بێت و ڕوونیش نییه‌ که‌ دوای یه‌ک ساڵی دیکه‌ چی له‌ سووریا ڕوو ده‌دات و هێزه‌ ئه‌مریکاییه‌کان هاوکاری کێ ده‌بن؟

هه‌روه‌ها شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر له‌ ئه‌فغانستانیش کۆتایی پێنایه‌ت چون له‌ ئێستادا ۱۱ پارێزگا له‌ ۳۴ پارێزگاکه‌ی ئه‌فغانستان به‌ ده‌ست گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئامانجی ئه‌مانه‌ش دروست کردنی ناکۆکی زیاتر له‌ نێوان خه‌ڵک و حکومه‌ته‌.

زۆری دیکه‌ی نه‌ماوه‌ که‌ ترامپ ناچار بێت بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوڤین ڕوون بکاته‌وه‌ و چۆنیه‌تی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا و عێراق و ئه‌فغانستان ڕوون بکاته‌وه‌.

ناردنی بۆچوون

6 + 8 =