بەشداریی ۲۱ فیلمی کوردستان ل فستیڤاڵی مەشهەد

سه‌رۆکی حه‌وزه‌ی هونه‌ری پارێزگای سنه‌ له‌ ناردنی ۲۱ فیلمی هونه‌رمه‌ندانی کورد بۆ فستیڤاڵی ڕوویش هه‌واڵی دا.

ئه‌مین مورادی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری مێهر وتی: کوردستان له‌ به‌شی کورته‌ فیلمدا به‌هره‌ی زۆر باشی هه‌یه‌ و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ یه‌کێک له‌ به‌رنامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئێمه‌ له‌ حه‌وزه‌ی هونه‌ری پشتیوانی کردن له‌ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م چینه‌یه.

ئه‌و ئاماژه‌ی به‌ به‌ڕێوه‌ چوونی خوله‌کانی پێشووی فستیڤاڵی ڕوویش کرد و وتی: ئه‌م فستیڤاڵه‌ زیاتر گرنگی به‌ ناوه‌ڕۆکی فیلمه‌کان ده‌دات، ئه‌گه‌ری ته‌کنیکیش به‌شێکی گرنگی فستیڤاڵه‌که‌یه‌ و بێ گومان ئه‌و فیلمانه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێن گرنگی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه.  

ئه‌و زیادی کرد: له‌ خوله‌کانی پێشووی ئه‌م فستیڤاڵه‌دا هونه‌رمه‌ندانی کورد به‌شداری زۆر باشیان بووه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئێمه‌یه‌ که‌ کارێک بکه‌ین هونه‌رمه‌ندانی کورد به‌ تایبه‌ت سینه‌ماکارانی کورد له‌ ڕووداوه‌ هونه‌رییه‌ ناوخۆیی و بیانییه‌کان ئاماده‌ بن.  

مورادی وتی: فیلمسازانی کورد چ له‌ فستیڤاڵه‌ ناوخۆییه‌کان و چ له‌ فستیڤاڵه‌ بیانییه‌کان خه‌ڵاتی زۆر باشیان مسۆگر کردووه، جێگه‌ی خۆشحاڵیشه‌ که‌ ئه‌ماژه‌ بکه‌م پارێزگای کوردستان پشتیوانی باشی له‌ سینه‌مای کوردستان کردووه‌ و هه‌ر له‌م دواییه‌دا بایی ۱۰۰ ملیۆن ته‌مه‌ن که‌ل و په‌لی پڕۆفشناڵی سینه‌مایی ڕاده‌ستی ماڵی سینه‌مایی کوردستان کرا. گومانی تێدا نییه‌ که‌ ئه‌م یارمه‌تیانه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هونه‌رمه‌ندانی کورد سه‌رکه‌وتنی زۆر باشتر به‌ ده‌ست بێنن.

سه‌رۆکی حه‌وزه‌ی هونه‌ری کوردستان وتی: ئێمه‌ ئه‌مساڵ به‌ ۲۱ فیلمی پڕۆفشناڵه‌وه‌ به‌شداری فستیڤاڵی ناوخۆیی ڕوویسشمان کردووه‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ له‌ چه‌ندین به‌شدا خه‌ڵات به‌ ده‌ست بێنین.

جیگه‌ی ئاماژه‌یه، فیلمه‌ به‌شدار بووه‌کان بریتن له‌: پێگه‌ له‌ ده‌رهێنانی ماشائه‌ڵا محه‌مه‌دی، بووکه‌ بارانه‌ له‌ ده‌رهێنانی ئاکۆ زنه‌دکه‌ریمی، نۆتی هه‌شتم له‌ ده‌رهێنانی ئازه‌ر مه‌نسوری، په‌پوله‌کان له‌ ده‌رهێنانی عه‌دنان زه‌ندی، جێگه‌ بۆ نه‌فس دان نییه‌ له‌ ده‌رهێنانی سینا ئه‌یوبی، به‌هره‌ی ئێوه‌ چییه؟  له‌ ده‌رهێنانی به‌رزان ڕوسته‌می، بینای ژماره‌ ۱۳ له‌ ده‌رهێنانی ئه‌میر غوڵامی، ماسی و قوڕ له‌ ده‌رهێنانی زانیار ته‌هماسبی، پووش کیشان و لانه‌ک له‌ ده‌رهێنانی زانیار لوتفی، چرای سوور له‌ ده‌رهێنانی نه‌وید زارع، ماڵی سپی له‌ ده‌رهێنانی مادێح مه‌فاخری، وای له‌ زمانه‌ له‌ ده‌رهێنانی په‌رویز ڕوسته‌می، نارنجی له‌ ده‌رهێنانی ئارمان محه‌مه‌دی، جێ ژوان له‌ ده‌رهێنانی ئه‌شکان ساعدپه‌نا، نه‌ختێک جێگه‌ بۆ ژیان له‌ ده‌رهێنانی هێرش ئارمه‌ند، ماسی و گه‌ڵا پایزییه‌کان له‌ ده‌رهێنانی سامان حسه‌ین پوور، خه‌یاڵی ناته‌واو له‌ ده‌رهێنانی ناسر نیک به‌خت.

شایانی باسه‌ که‌ فستیڤاڵی ڕوویش له‌ دوو به‌شی سه‌رتانه‌سه‌ری و لاوه‌کان و له‌ میانه‌ی ڕۆژانی ۲۷ تاکوو ۳۰ به‌فرانبار له‌ شاری مه‌شهه‌د به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

News Code 6851

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 4 =