خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان چاویان له‌ هه‌نگاوه‌کانی یه‌کێتییه‌

موحسن ڕه‌زایی له‌ دیداری لێژنه‌ی باڵای یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان وتی: په‌یوه‌ندی ئابووری و بازه‌رگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌رفراوان ده‌که‌ین.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی موحسن ڕه‌زایی،  ده‌بیری مەکۆی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران، ئێواره‌ی دوێنێ له‌گه‌ڵ لێژنه‌یه‌کی باڵای یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان دیداری کرد.

ڕه‌زایی له‌م دیداره‌دا وتی: به‌خێڕ بێن بۆ وڵاته‌که‌ی ئێمه‌، له‌ ڕاستیدا وڵاتی خۆتانه‌. من ۳۵ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا مام جه‌لالم له‌ کرماشان دی و تاکوو ئێسته‌ ئه‌م په‌یوه‌ندی و هاوبه‌رژه‌وه‌ندییه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌. یه‌کێتی به‌ڕاستی که‌سایه‌تی دیار و ده‌ستکه‌وتی مرۆڤانه‌ی زۆر باشی هه‌یه‌ که‌ هه‌مووشی به‌ هه‌وڵ و ماندوو بوونی ئه‌ندامانی ئه‌م حزبه‌یه‌. هه‌ر ئه‌م پاشاخانه‌ش وه‌های کرد که‌ یه‌که‌مین سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ یه‌کێتی نیشتمانی بێت.

 ده‌بیری مەکۆی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران زیادی کرد: خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕاستی خه‌ڵکی هه‌ژار و سته‌م لێکراوه‌، ئه‌وان چاویان له‌ هه‌نگاوه‌کانی یه‌کێتییه‌ و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه‌، ئێوه‌ و باڵه‌کانی ناو یه‌کێتی ئه‌رکه‌ له‌ سه‌ر شانتان که‌ یه‌کێتی ناو خۆتان بپارێزن.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ دۆخی کورد له‌ ناوچه‌که‌دا وتی: ئێوه‌ ده‌بینن که‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ چۆن له‌گه‌ڵ کورده‌کانی تورکیا و سووریا و عێراق شه‌ڕ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کورده‌کانی ناوچه‌که‌ له‌ هه‌ر وڵاتێک بێت به‌ ڕێز و حورمه‌ته‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ین. ئێمه‌ دۆخی ئابووری ئێوه‌ش به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ و  هه‌وڵ ده‌ده‌ین په‌یوه‌ندی ئابووری و بازه‌رگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌رفراوان که‌ین.

ڕه‌زایی جه‌ختی کرد: ئێسته‌ عه‌ره‌بستان له‌ دوای ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ستێوه‌ردان بکات و به‌ پشتیوانی له‌ دیموکڕاته‌کان ده‌یه‌وێت ئاسایشی ئێمه‌ تێک بدات. هێزه‌کانی ئێمه‌ له‌ شنۆ و مه‌ریوان تێوه‌گلان. 

هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامی باڵای یه‌کێتی نیشتمانی له‌م دیداره‌دا وتی: له‌ ۳۰ ساڵی ڕابردوودا ئێمه‌ به‌ هاوکاری یه‌کتر له‌گه‌ڵ دوو دوژمنی زۆر گه‌وره‌ یه‌که‌م سه‌دامی به‌عسی و داعش شه‌ڕمان کردووه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ نه‌ده‌بوو، ڕه‌نگه‌ له‌م شه‌ڕانه‌دا سه‌ر نه‌که‌وتایه‌تین و ئێسته‌ دۆخه‌که‌ شتێکی دیکه‌ ببوایه‌ت. به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌وه‌ لامان وایه‌ که‌ داعش هیچی که‌متر له‌ به‌عس نییه‌. ئێمه‌ ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌مان نییه‌ و ده‌بێت به‌ هاوکاری ئێران داعش له‌ناو ببه‌ین.

ئه‌و زیادی کرد: مام جه‌لال په‌یوه‌ندی نێوان کورد و ئێران به‌ ستراتیژی و گرنگ ده‌زانێت و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت که‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ دوای داعشیش هه‌ر درێژه‌ی هه‌بێت. به‌ تایبه‌ت په‌یوه‌ندی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شیعه‌ی به‌غدا ستراتیژیه‌، نه‌ک تاکتیکی.

مه‌لا به‌ختیار له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌ ناکۆکییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سنووره‌کانی ئێراندا وتی: ئێمه‌ له‌م چه‌ند شه‌ڕه‌ی که‌ له‌ سنووره‌کانی ئێران ڕوویاندا، نیگه‌ران بووین و هه‌وڵیشمان داوه‌ که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ ئاشتی چاره‌سه‌ر بکرێت. دڵنیام که‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ڕۆڵی ئه‌رێنیان بۆ داهاتووی ناوچه‌که‌ و ئاشتی ده‌بێت. له‌ ناوچه‌که‌دا به‌ ملیۆنان کورد هه‌یه‌ و که‌س ناتوانێت مافی کورد له‌ به‌رچاو نه‌گرێت، له‌ ئه‌گه‌ری ئاڵ و گۆڕی ژئۆپۆلیتیکی له‌ ناوچه‌که‌دا، به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و ئاسایشی ئێران له‌به‌ر چاو ده‌گیردرێت. ئێمه‌ له‌ ساڵی ۱۹۷۹وه‌ په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ یه‌کتر بووه‌ و پشتیوانی یه‌کتر بووین و ئه‌م ئاسایشه‌ی ئێران له‌ هه‌ر دۆخێکدا ببین، ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیردرێت.

News Code 6248

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =