AP ١٤٠٥ خاکەلێوە ٢٢ ١٤:٥٥

بۆچی ترامپ دۆڕاوترین کەسی شەڕ لەگەڵ ئێرانە؟

بۆچی ترامپ دۆڕاوترین کەسی شەڕ لەگەڵ ئێرانە؟

گۆڤارێکی بەریتانی، ترامپی وەک گەورەترین دۆڕاو لە شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستنیشان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە زۆر درەنگ درکی بەوە کرد کە نەدەبوو لە پلەی یەکەمدا بچێتە ناو شەڕەکەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا گەورەترین دۆڕاوی شەڕی ئێرانە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نەتەنیا ئامانجە سەرەکییەکانی جەنگی نەپێکاوە، بەڵکوو قووڵایی تێڕوانینەکانی لەبارەی ڕێبازە نوێیەکەی بۆ دەسەڵاتی ئەمریکا دەرخستووە.

گۆڤاری بەریتانی ئێکۆنۆمیست ئاماژەی بەوەشکرد، دەرئەنجامەکانی شەڕ لەگەڵ ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەبووە و دۆناڵد ترامپی کردە گەورەترین دۆڕاو لەو ململانێیەدا.

ئەو شەڕە پێگەی ئێرانی بەهێزتر کردووە، ناسەقامگیریی ناوچەکەی زیاتر کردووە و ئاستی مەترسییە ئابووری و ئەتۆمییەکانی بەرزکردووەتەوە.

ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ئاماژەی بە دوودڵی ترامپ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕەکە، ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆر درەنگ درکی بەوە کردووە کە نەدەبوو لە پلەی یەکەمدا شەڕ دەستپێبکات و لێدوانە شەڕانگێزانە و توندەکانی دژ بە ئێران هەوڵێکە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم پاشەکشەیە.

بەپێی شیکارییەکانی گۆڤارەکە، دەستپێکردنەوەی شەڕ دەتوانێت ترس و دڵەڕاوکێ لە بازاڕە جیهانییەکان دروست بکات و قسەکانی پێشووی ترامپ سەبارەت بە “سەردەمی زێڕین” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەدرۆ بخاتەوە.

ڕاپۆرتەکە پێی وایە بانگەشەی ترامپ بۆ گەیشتن بە “سەرکەوتنێکی گەورە” بە لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێران، خۆی وەک وەهم نیشانداوە لە هەڵسەنگاندنی ئامانجە سەرەکییەکانی شەڕەکەدا، کە بریتی بوو لە ڕووخاندنی سەروەری ئێران و ڕێگریکردن بۆ هەمیشەیی ئێران لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی.

گۆڤارەکە دەشڵێت، پێشکەوتنەکان لە گەیشتن بەو ئامانجانە زۆر سنووردار بووە و شەڕەکە بووەتە هۆی زیادبوونی ناسکی دۆخی ئەمنی ناوچەکە نەک بەدیهێنانی سەقامگیری.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێران ئێستا ئامرازی نوێی فشاری لەبەردەستدایە، لەوانە هەڕەشەکردن لە دەوڵەتانی کەنداوی فارس، پەکخستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و هەوڵدان بۆ سەپاندنی باج بەسەر کەشتیوانیدا. هەرچەندە دەوڵەتانی کەنداوی فارس ڕەنگە بەرەنگاری ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە ببنەوە، بەڵام ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان هەر ماوە.

ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتانی کەنداو لەوانەیە یان هەوڵی پێداچوونەوە بە ستراتیژییە ئەمنییەکانیان بدەن یان پرۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئێراندا پەیڕەو بکەن.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، شەڕی ئێران زیادەڕەوییەکی لە کاریگەریی دەسەڵاتی سەربازی ئەمریکا ئاشکرا کرد. پیشەسازی سەربازی ئەمریکا نەیتوانی پێداویستییەکانی وڵات دابین بکات و ئێرانیش لە بەرامبەردا توانی بە شێوازی شەڕی ناهاوسەنگ بەرەنگاری ئەمریکا ببێتەوە.

گۆڤارەکە بڕیارەکانی ترامپی بە "پەلە و لەسەر بنەمای سۆز" ناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، تێوەگلانی ترامپ لەگەڵ شەڕەکەدا وەک پڕۆژەیەکی شەخسی و پشتبەستنی بە دەسەڵاتی سەربازی بەبێ ڕەچاوکردنی تەواو لە دەرئەنجامەکانی، ئاماژەیە بۆ کەموکوڕی لە ڕێبازە ستراتیژییەکەیدا. چونکە دەسەڵات بەتەنها شەرعیەت نابەخشێت و تەنانەت گەرەنتی سەرکەوتنیش ناکات.

News ID 59203

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha