کۆڕی ڕوونوێنی له‌ رۆمانی "هەرا و تووڕەیی" به‌ڕێوه‌ چوو

کۆڕی ڕوونوێنی لەسەر کتێبی "هەرا و تووڕەیی" بەرهەمی  نووسەری بە ناوبانگی ئامریکایی، "ویلیام فاکنێر" له‌ شاری بۆکان به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی بۆکان ڕایگه‌یاند که‌ کۆڕی ڕوونوێنی لەسەر کتێبی "هەرا و تووڕەیی" بەرهەمی  نووسەری بە ناوبانگی ئامریکایی "ویلیام فاکنێر"، به‌ وه‌رگێڕانی مامۆستا محەمەد رەمەزانی  بۆ سه‌ر زمانی کوردی به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ له‌ هۆڵی سیمورغی ئیدارەی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی شاری بۆکان و به بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە هۆگران و خۆشەویستانی ئەدەبی کوردی بەڕێوە چوو.

له‌ میانه‌ی کۆڕه‌که‌دا مامۆستا محه‌مه‌د رەمەزانی، دوای سپاس بۆ ئامادەبوان باسێکی کورتی لەسەر پڕۆسەی وەرگێڕانی کتێبی "هەرا و تووڕەیی" پێشکەش کرد و وتی: زمانی کوردی توانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ شاکارێکی وەک هەرا و تووڕەیی لە خۆیدا بتوێنێتەوە و ئەوە دەیسەلمێنێت زمانی ئێمەش گەر بێتوو لێزانانه مامەڵەی لەگەڵ بکرێ توانستی ئافراندنی دەقی پێشکەوتوو و جیهانی هەیه.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا رومان‌نووسی بۆکانی سەید قادر هیدایەتی به خوێندنەوەی یادداشتێک وتی: ئەرکی وەرگێڕ وەبیرهێنانەوەی زمانی سەردەمانی لێک‌تێگەیشتن و زمانی سەردەمانی یەکیەتی و یەک‌بوونه. محەممەد ڕەمەزانی وەرگێڕێکە کە دووپات نابێتەوە و زمانەکەی لە ڕەچەڵەکی هێمن و هەژار و قزڵجییه.

ئه‌م ڕۆمانووسه‌ ئاماژه‌ی دا: وەرگێڕانی هەرا و تووڕەیی تا ڕادەیەک گرنگە کە دەکرێت وەک کارگەیەکی فێرکاری زمان و کارگەیەکی فێرکاری وەرگێڕان چاوی لێ‌بکرێت.

بەشی سێهەمی ئەم کۆڕە تایبەت بوو به پانێلی زانستی لەسەر کتێبی هەرا و تووڕەیی که‌ ساڵح سووزەنی(شاعیر و رەخنەگری ئەدەبی)، عەتا نەهایی(رۆمان‌نووس) و دوکتور بەختیار سەجادی(مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری ئەدەبی) تێیدا به‌شدار بوون.

سەرەتا عەتا نەهایی باسی لە گرنگی ئەم وەرگێڕانه کرد کە چەند دەتوانێت ئاسۆکانی زمانی کوردی بەربڵاوتر بکات و رەهەندی نوێ لە دووتوێی وێژەی کوردیدا بێنێته ئاراوە.

عه‌تا نه‌هایی دواتر هەوڵ و تێکۆشانەکانی محمەد رەمەزانی لە پێناو ئەم کارەدا بەرز نرخاند.

وتاربێژی دووهەم ساڵح سووزەنی وەرگێڕانی ئەم کتێبەی به هۆی نوێ بوونی فۆرم به رووداوێکی گەورە وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا: بۆ من ئەم ڕۆمانه‌ یەکێکه لە سەرچاوە مەعنەوەییەکانی خوڵقاندنی "شێعرەسات" و "به عینجه و فینجەوە چ شار".  به‌ڕاستی جێگه‌ی شانازییه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ده‌بینم که‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی وه‌رگێڕی به‌توانای کورد، مامۆستا ڕه‌مه‌زانی کراوه‌ته‌ کوردیی.

دوایین وتاربێژی پانێلەکە دوکتور سەجادی لە گۆشەنیگایەکی ئاکادمیکەوە تێڕوانینی خۆی ئاراستەی ئەم کتێبه و وەرگێڕانه‌که‌ی کرد و وتی: ئه‌م کاره‌ هه‌وڵێکی یه‌کجار پیرۆزه‌ چون قسه‌ کردن له‌ فاکنێر و ڕۆمانه‌کانی قسه‌ کردنه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی جیهانی.

سەجادی لە درێژەی باسەکانیدا ئاماژەی دا: ئەدەبی مۆدێرنیستی ئەساسەن کەڵکەڵەیەکی فۆرمیکه و ئەم ئامانجه به تەواوی لە کتێبی هەرا و تووڕەییدا پێکراوە و هەر ئەو خاڵەشە کە وەرگێڕان و تەنانەت شرۆڤه و تەفسیری ئەم دەقەی ئه‌ستەم کردووە. هەر بۆیه وەرگێڕانی ئەو کتێبه لە لایەن مامۆستا رەمەزانییەوە نیشانەی بەرز بوونەوەی ئاستی زمانی کوردییه لە هەمبەر هزر و ئەندێشەی مۆدێرن.

له‌ کۆتایی کۆڕەکه رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی "هەرا و تووڕەیی" به بەشداری مامۆستایان فەتاح ئەمیری، حەمەدەمین شامحەمەدی، ناسر وەحیدی و حوسێن شێربەگی به‌ڕێوه‌ چوو.

شایانی باسه‌ک که‌ ڕۆمانی هه‌را و تووڕه‌یی له‌ لایه‌ن بڵاڤگه‌ی گوتار و به‌ سه‌رپه‌ره‌شتی ڕه‌زا شه‌جێعی ڕه‌وانه‌ی بازاڕی کتێب له‌ ئێران کراوه‌.

News Code 5861

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 2 =