AP ١٤٠٤ پووشپەڕ ١٠ ١٦:٣٥

دەستوورە نوێیەکەی تورکیاو دەم پارتی وەک هێزی یەکلاکەرەوە

دەستوورە نوێیەکەی تورکیاو دەم پارتی وەک هێزی یەکلاکەرەوە

پارتی داد و گەشەپێدان بەشێک لە ئامانجی کرانەوە بە ڕووی کورد و دەست پێ کردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئیمراڵی بۆ ئەم مەبەستە بووە کە دەستووری نوێ تێپەڕێنێت لە پەرلەماندا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ عومەر موحەمەد عەلی :

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بەسەر دەستووری کودەتاچییەکان لە ساڵی ١٩٨٠ ،هەتا ئێستاش لە تورکیادا هەر کار بەو دەستوورە دەکرێت و دەبێت حکوومەت و هاووڵاتیان ملکە چی بن .

ئۆردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١ وە بەردەوام باس لە گۆڕینی دەستوور و دروست کردنی دەستوورێکی مەدەنی و دیموکراتی و لیبراڵ دەکات، چونکە ئەو وای دەبینێت کە لە ئێستادا تورکیا لە سەدەی خۆیدایە و گەلی تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی پێشکەوتوتر هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بە هەموو لایەک هەوڵ بدەن لە دەست دەستووری کودەچیەکانی ساڵی ١٩٨٠ خۆیان ڕزگار بکەن و بچنە قۆناغێکی تر و دەستوورێکی تر دابڕێژن کە وەڵام دانەوە بێت بە مەرجەکانی یەکێتی ئەورووپا و جارنامەی مافەکانی مرۆڤ.
پارتی داد و گەشەپێدان کە زیاتر لە ٢٣ ساڵە جڵەوی حوکمڕانی تورکیای بە داوستەوەیە و لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە .دەیەوێت لە بواری دەستووریشدا هەنگاوێکی نوێ بنێت و بە تەواوی شوێنکاری کەمالییەکان بە سەر دەوڵەت و کایەی حوکمڕانیەوە نەهێڵێت و هەمووی بخاتە چوارچێوەی ئەو دید و جیهانبینیەی کە خۆی باوەڕی پێەتی.
بۆ ئەم مەبەستە بە سەرۆکایەتی جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا، لیژنەیەکی ١٠ کەسیان لە پارتی دادو گەشەپێدان دروست کردووە کە بە وتەی خۆیان پێک هاتوون لە کەسانی کنۆکرات و پسپۆڕ لە بواری حوکمڕانی و پەڕلەمان و یاسای دەستووری و کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەویش بە مەبەستی داڕشتنی دەستوورە نوێیەکە.

بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت ڕای هەموو پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمیەکان و زۆر لە پەرلەمانتارانی حیزبەکانی تر وەربگرن ، چونکە بە ڕای ئۆردوغان ئەم دەستوورەی ئێستا جێگەی ڕەزامەندی هەمووان نیەو بەشێک لە کۆمەڵگەی تورکیا بە دەستووری خۆی نازانێت ،چونکە ئەم دەستوورە تەنها دان بە یەک ڕەگەز و یەک زماندادەنێت و وەک بنەمایەکی دیموکراسی سەروەری بۆ گەل نیە و لە بواری ئازادیە گشتییەکان کەمو کوڕی هەیەو و دانانی هەندێک ئەنجومەنی وەک ئاسایشی نەتەوەیی و دادوەرەکان لە ژێر دەسەڵاتی سوپادایە.

هەروەها لە بواری خێزان و پەروەردەدا کەمو کوڕی تێدایە و دان نانێت بە فرە کولتووری و مافەکانی هاووڵاتی و شوناس و زمانی نەتەوەکانی تر.
ئەو ئاڵنکاریە گەورانەش کە دێتە ڕێگەی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور، بریتیە لە ماددەی یەک و دوو سێ و چوار ،چونکە ماددەی چوار دەڵێ بە هیچ جۆرێک گۆڕان
کاری لە سێ مادەکەی پێشوودا ناکرێت و تەنانەت نابێت پێشنیاری گۆڕینیشی بۆ بکرێت .
مادەی یەکەم دەڵێت شێوازی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە ،
دووەم باس لە سیماکانی کۆمار دەکات کە دەوڵەتی یاسا و دیموکراتی و عەلمانی و کۆمەڵایەتییە .
سێهەم دەڵێت زمانی فەرمی تورکیەو ئاڵایەکی سووری هەیە و مانگێک و چەند ئەستێریەک لە چەقەکەیدایە، هەروەها باس لە سروودی کۆمار دەکات کە بریتییە لە کاروانی سەربەخۆیی، ئەنقەرەش پایتەختی کۆمارە.
ئۆردوغان دەڵێت ئێمە گرفتمان لەگەڵ چوار ماددەی یەکەم نییە و وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەم چوار ماددەیە بگۆڕێت و دەبێت وەک خۆی لە دەستوورەکەدا بمێنێتەوە ،لە لایەکی ترەوە جەهەپە دەڵێت ئێمە بڕوامان بەم لێدوانانەی ئۆردوغان نییە و دەڵێت تەنها بۆ تێپەڕاندنی دەستوورەکەیەو ئەگەری ئەوەی هەیە کە دەنگدانیان لە سەر ئەو ٤ مادەی یەکەم بۆ ئەوە بێت کە بەرامبەرەکان بێدەنگ بن لە ئاست سیستمی حوکمڕانی و دەسەڵاتەکانی سەرۆک.
ئۆپۆزسیۆن دەڵێت نابێت ئۆردوغان ئەم گۆڕانکاریە دەستووریانە بکاتە پاساوێک بۆ درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی.
چونکە بە پێی دەستوور ئۆردوغان ناتوانێت بۆ خولی سێهەم خۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەگەر هەمواری ئەو ماددە دەستوورییە نەکرێتەوە. ئۆردوغان دەڵێت ئەو نایەوێت بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتی خۆی بپاڵێتەوەو ئەو دەستوورە نوێیە دەبێت کایەیەک بێت بۆ خزمەتکردن بە دەوڵەت و گەلانی تورکیا و مەبەست لێی ڕزگاربوون بێت لە دەستووری کوودەتاچییەکان.
پارتی داد و گەشەپێدان بەشێک لە ئامانجی کرانەوە بە ڕووی کورد و دەست پێ کردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئیمراڵی بۆ ئەم مەبەستە بووە ، چونکە ئەگەر ئەو دەستوورە نوێیە لە پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە، دەبێت خاوەنی ٤٠٠ دەنگ بێت لە کۆی ٦٠٠دەنگی پەرلەمان .بەڵام ئەگەر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی گەل ڕاپرسی لەسەر بکات ئەو کاتەش پێویستی بە ٣٦٠ دەنگ هەیە. لە کاتێکدا ئێستا هەردوو پارتە حکومڕانەکە خاوەنی ٣٢١ کورسین ، لەبەر ئەوە ڕۆڵی دەم پارتی یەکلاکەرەوەیە و ئەگەر لە پاڵ پارتەکانی تری وەک ئایندەی داوود ئۆغڵۆ عەلی باباجان سەعادە و هودا پار بچنە پاڵ هاوپەیمانی کۆمار ئەوە دەتوانن لە پەرلەماندا تێی بپەڕێنن.
بە پێی لێدوانەکانی ئەم دوایەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری ئێستای پارتی کرێکاران ، دەم پارتی پشتیوانی لە دەستوورە نوێیەکە دەکات و بەمەش دەستوورەکە ئەگەری ئەوەی هەیە سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، چونکە ئەوان وا دەبینن ئەمە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنی تورکیاو بەدەستهێنانی مافە کلتوریەکانی گەلی کورد دەکات و لە ئێستاشدا داواکانی ئۆجالان لە دەوڵەتی تورکیا هەر ئەوەندەیەو ناچێتە چوارچێوەی داوای ڕەهەندی سیاسی.

News ID 55821

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha