ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: جان دوندار، ڕۆژنامەنووسی ناسراوەی تورک لە لێدوانێک بۆ پڕۆگرامی "بابەتەکە قووڵە" لە کەناڵی یۆتیۆبی "ئالان"، ئاوڕی لە ڕەوتی نوێی گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە و پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە دایەوە و وتی: بەپێچەوانەی خولەکانی پێشوو کە تەرکیز لەسەر چارەسەریی پرسی کورد بە تەوەری دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەچووە پێش، ئەمجار نە گفتوگۆ لە ئاستی کۆمەڵگاوە دەستی پێکردووە و نە پرسی ڕیفۆڕمی یاسایی لە گۆڕێدایە. دەوڵەت تەنیا بە دوای دروشمی "تورکیای بێ تیرۆر"ەوەیە و نەک تورکیای ئازادتر.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە گۆڕانکارییەکی ئەمدواییەی تورکیا بەرهەمی گوشاری هاوکاتی دەرەوەیی و باری ناچاریی ناوچەیە، وتیشی: هاندەری سەرەکیی ئەم وەرچەرخانە لەناکاوە لە سیاسەتی ئەمنیی تورکیا لە سێ تەوەری گرنگی ژێئۆپۆلیتیکیدا خۆ دەبینێتەوە کە بریتین لە: گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا هەمبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوین، سەقامگیربوونی دەسەڵاتی کوردەکان لە سووریا و ئەگەری هاوکاریی ستراتژیکیان لەگەڵ ئەکتەرانی بیانی و بەتایبەت ئیسرائیل و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ ئەنقەرە کە ئەگەر بێتوو ئەوان لەگەڵ کوردەکان پێک نەیێن، ئەوا دیتران ئەو کارە دەکەن.
دوندار بە ئاماژە بە گۆڕانی ڕاوێژی واشنتۆن هەمبەر بە تورکیا و تەرکیز لەسەر بەفرەمیناسرانی کوردەکان لە سووریا و مەترسیی تەریککەوتنی ستراتژیکی ئەنقەرە لە هاوكێشەی نوێ، ڕوانییە ڕێککەوتنی هەسەدە و دەوڵەتی دیمەشق و ڕایگەیاند: ئەنقەرە نیگەەرانی ئەوەیە کە ئەگەر ئەم ڕەوتە درێژەی هەبێت، بە پاڵپشتیی دیمەشق و مسکۆ، باکووری سووریا بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی سەقامگیر و فەرمیی کوردەکان و ئەمە دەتوانێ هەلێكی ئۆتۆنۆمی و نیوە سەربەخۆیان بۆ بڕەخسێنێت و کاریگەری دابنێت لە سەر ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا.
ئەو ڕۆژنامەنوسە هوشداریشی دا: گەورەترین مۆتەی ئەنقەرە، هاوکاریی ستراتژیکی کورد و ئیسرائیل و ئەمریکا لە سنوورە باشوورییەکانیەتی؛ هاوکارییەک کە دەتوانێ لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا بە شیوەی تۆڕی هەواڵگری، سەربازی یان ئابووری دەرکەوێت.
ناوبراو لە بەشێکی تر لە لێدوانەکانیدا ڕوانییە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی و جەختی کرد: ئۆجەلان نە وەک زیندانێکی سیاسی یان ڕێبەرێکی کۆنسێرڤات، بەڵکوو وەک داڕێژەری پشتپەردە خەریکی پێناسەکردنەوەی ستراتژیک بۆ بزووتنەوەی کوردە و بە دەرکردنی "ڕاگەیێندراوی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" لە فێڤرییەی 2025 و هاندانی پەکەکە بۆ بەڕیوەبردنی کۆنگرەی دوازدەهەم و ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتایی شەڕی چەکدارانە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تێپەڕین لە فازی سەربازییەوە بۆ فازی سیاسی.
دوندار ئەم هەنگاوەی ئۆجەلانی بە ئەزموونی یاسر عەرەفات لە فەلستینی دەیەی 90 شوبهاند و بە ئاماژە بەوەی کە ئۆجەلان بە پێناسەکردنەوەی بەرخۆدان بە زمانی سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە چریکەوە بۆ ڕێبەرێکی سیاسی بەرزبۆتەوە، ڕاشیگەیاند: ئەم گۆرانە تاکتیکییە جۆرێک ڕەوابەخشیی سەروونەتەوەییە بۆ بزووتنەوەی کرد. ئەوان چیتر دەتوانن وەک بڕەندێکی سیاسی هەنگاو بنێنە پەرلەمانی ئەورووپا و ئەنجومەنە لۆبیگەرەکانی برۆکسێل.
ئەم ڕۆژنامەنوسە تورکە لە درێژەدا باسی لە پلانێکی وردبینانەی 20 قۆناغی لە ئاستی باڵای دەسەڵاتی تورکیا بۆ تێپەڕین لەم قۆناگە کرد و وتی: سەرەتا محەمەد ئۆچووم ڕاوێژکاری ئەردۆغان باسی لە "هەنگاونانی تورکیا بۆ قۆناغێکی نوێ بە دوورنوێنی دەستووری نوێ" کرد و پاشان دەوڵەت باخچەلی دروشمی "سەقامگیرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی" هەڵدا. ئەمانە و چەند هەنگاوی دیکەی هاوشێوەیان هەر کام پاژگەلێک لە نەخشەیەکی کامڵن کە بریتییە لە: گفتوگۆی نافەرمی لەگەڵ ئۆجەلان، ئازادی هێمایین چەند زیندانی، پێکهێنانی کۆمیسیۆنی 100 کەسی لە پەرلەمان، چالاککردنی کەنالە نافەرمییەکانی گفتوگۆ، پێناسەی دووبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەسەدە و دواجار ڕیفۆڕمی یاسایی بۆ کۆتاییهێنانی فەرمی بە شەڕی چەکدارانە.
جان دوندار هەنگاوە نوێیەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیای بەری لە دیموکراسی وەک کاکڵەی سەرەکیی هەر هەنگاوێکی ئاشتەوایانە زانی و هەشداری دا: ئێمە بەرەوڕووی پڕۆژەیەکین کە دەیەوێ کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، بەبێ ئەوەی لۆژیکی شەڕ بباتە ژێر پرسیارەوە. نە باسی مافی هاووڵاتێتی دەکرێت و نە هاوبەشیی یەکسان و نە دەستەبەرکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و میدیا. لەو ڕووەوە ئەم ڕەوتە زیاتر وەک ئەندازیارییەکی سیاسی بۆ پووچەڵکردنەوەی ململانێ و شەڕ و ڕەواییبەخشین بە دەسەڵاتی زاڵ دەچێت تا پڕۆسەیەکی ڕاستگۆیانە بۆ داڕشتنی داهاتوویەکی دادپەروەرانە و یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیان.
Your Comment