بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووە لە کەرتی وزە، کەشتیوانی و نەوت.
وەزارەتی خەزێنەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ئیدیعای کرد کە تۆڕێکی نەوتی نێودەوڵەتیی گەمارۆ داوە کە دەستی هەبووە لە گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێران بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ چین و پەیداکردنی داهات بۆ چالاکییە سەربازییەکانی ئێران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە، سزا نوێیەکانی ئیدارەی ترامپ، هەندێک کەس و کۆمپانیا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهان دەکەنە ئامانج، لەوانە چین، هیندستان و ئیمارات.
وتەبێژی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە گەمارۆ نوێیەکان بریتین لە کۆمپانیای سیپێهر ئینێرجی و بەلەمی کەشتیوانی کە یارمەتی گواستنەوەی نەوتی ئێرانیان داوە.
هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی هێزە چەکدارەکانی ئێران و ئەو گرووپانەی کە پاڵپشتییان دەکات، وەک حزبوڵڵا و حەماس و واشنتۆن هەوڵی خۆی دەدات بۆ لێپرسینەوە لە تاران لە بەرامبەر ئەو کردەوەی کە بە کردەوەی ناسەقامگیری ناوی برد.
Your Comment