بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە سەروبەندی ٤٦هەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵوێزەکانی وڵاتانی دەرەوە، وتارێکی پێشکەش کرد و وتی:
ئەوانەی لە وڵاتی ئێمەدا چەندین تیرۆریان ئەنجامداوە، ئێمە بە پشتیوانی تیرۆر تۆمەتبار دەکەن.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە دەستدرێژکار نین و بە دوای شەڕ و نائارامی نەگەڕاوین.
پزشکیان وتیشی: لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی ئێمە وەک سەرۆک کۆمار، ئیسماعیل هەنیە لە تاران تیرۆر کرا، لە کاتێکدا هەر لەسەرەتاوە دروشمی ئێمە ئەوە بوو کە لە ڕێگەی دۆستایەتی و برایەتییەوە پەیوەندیمان لەگەڵ هەمووان هەبێت.
ڕاشیگەیاند: میدیا بێ ئینسافەکانی جیهان هەموو ڕۆژێک ڕیکلام بۆ ئەوە دەکەن کە ئێمە هۆکاری نائارامیین. باسی مافی مرۆڤ دەکەن و 14 هەزار منداڵی بێتاوان لە غەززە لەبەرچاوی جیهان دەکوژن. ژنیان کوشت و نەخۆشخانەکانیان بۆردومان کرد. کام مافی مرۆڤ ڕێگە دەدات منداڵان لە ژێر کۆمەڵێک خۆڵدا بنێژرێن؟
سەرۆک کۆمار هەروەها ئاماژەی بە بێدەنگی جیهانی کرد لەبارەی کوشتنی خەڵکی غەززە و وتی: بۆچی لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگن و هەندێکجار پشتیوانی تاوانباران دەکەن، لە هەمان کاتیشدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێمە ئاسایشی ناوچەکەمان تێکداوە؟ شەڕ لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە، ئێمەش بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نین و ڕێبەرمان فەتوایەکی لەو شێوەیەی دەرکردووە.
لەو پێوەندییەدا پزشکیان ڕوونی کردەوە: "تەنانەت ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت ئەم کارە بکەن، ناتوانن بەرەو چەکی ئەتۆمیمان ببەن، چونکە دوکتۆرینی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵکوژی خەڵکی بێتاوان قبووڵ ناکات". ئەم ئیدیعایە ئاسانە بۆ پشتڕاستکردنەوە. هەرکاتێک ویستویانە هاتوون و پشکنینیان بۆ کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بە پاگەندەی بێ بنەمای بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی ئێران کرد و جەختی کرد: ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سهر هەموو وڵاتانی دراوسێی خۆی لە ناوچەکەدا . دەڵێن ئەمە مافی مرۆڤ و خۆپاراستنە کێ فەلەستینیەکانی لە خاکی خۆیان دەرکرد؟ ڕوونە هەر کەسێک لە ماڵەکەی دەربکەیت ناچارە بەرگری لە خۆی بکات.
Your Comment