بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە بە شیاوی نازانێت هەڵبژاردن لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سووریا لە بارودۆخی ئێستادا ئەنجام بدرێت.
ڤێدانت پاتەل، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی بڕیاری ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکوور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی وتی: هەر هەڵبژاردنێک کە لە سووریا بەڕێوە بچێت دەبێت ئازاد، دادپەروەرانە، ڕوون و گشتگیر بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
وتیشی: ئێمە پێمان وانییە کە مەرجەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەم بارودۆخەی ئێستادا لەبەردەستدا بێت.
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە کە لەم بارودۆخەی ئێستادا خۆیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم ناوچەیە بەدوور بگرن.
هەروەها تورکیا هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر هەڵبژاردن لەو ناوچەیەی کە کوردەکانی سووریا کۆنترۆڵی دەکەن ئەنجام بدرێن، ئەوا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دیکە لەم ناوچەیە ئەنجام دەدەن.
Your Comment