بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، درێژەی ململانێی چەکداری قورس لە ناوخۆی ناوچە داگیرکراوەکان، هێرشی هاوەنیی حزبوڵا دژی باکووری ناوچە داگیرکراوەکان و هێرشی نوێ سوپای رژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لە نوێترین گۆڕانکارییەکانی فەلەستینە.
ئۆپراسیۆنی گەورە و سەرسوڕهێنەری "گەردەلولی ئەقسا"ی بەرخۆدانی فەلەستین لە دژی ڕژێمی زایۆنی دوێنێ شەممە دەستی پێکرد و بە وتەی زۆرێک لە شارەزایانی ناوچەکە و دانپێدانانی میدیای زایۆنیی، ئەم ئۆپەراسیۆنە شکستێکی هەواڵگری و ئەمنی گەورە بۆ ئیسرائیلە.
لە بەرامبەردا ڕژێمی زایۆنی ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززەی بۆردومان کرد و ئەمڕۆ یەکشەممە، حیزبوڵڵای لوبنان بنکە سەربازییەکانی ڕژیمی ئیسرائیلی کردە ئامانج و بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرت.
گرژی و شەڕی نێوان هەردوولا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ئەگەری درێژەپێدران و نەبڕانەوە و پەرەسەندنی ململانێیەکان لە ئارادایە.
ژمارەی شەهیدانی غەززە گەیشتە 313 کەس/ بۆردومانی ماڵی سەرکردە دیارەکانی حەماس
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە دوایین بەیاننامەی خۆیدا ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٣١٣ فەلەستینی لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئەم کەرتە شەهید بوونە.
هەروەها ئەم وەزارەتە ژمارەی بریندارانی بە 1990 کەس راگەیاند کە ٢٠ منداڵی فەلەستینی لەو شەهیدانەدان.
بەگوێرەی سەرچاوە فەلەستینییەکان، ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا ماڵی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی بەم شێوەیە بۆردومان و خاپوور کردووە: فەتحی حەماد، کەمال ئەبوو عەون، ئەبو موعز ئەلسەراج، غازی حەمەد، سەلاح ئەلبەردویل، یەحیا سەنوەر، مەحموود زەهار نزار ، عەوزوڵا و عەسام الدەلالیس.
بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان
کەناڵی ١٣ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە دوێنێوە ٦٠٠ ئیسرائیلی لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەلئەقسا کوژراون.
لە هەمان کاتدا وەزارەتی تەندروستی ڕژێمی زایۆنی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ٢٠٤٨ زایۆنی لەم ئۆپەراسیۆنەدا بریندار بوون کە لەو ژمارەیەش باری ٣٣٠ کەسیان ناجێگیرە و باری ٢٠ کەسی دیکەش زۆر ناجێگیرە.
هەواڵنێری جەنگی سەرایای قودس لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: هێزە تایبەتەکانی کەتیبەکانی ئەلقودس لەگەڵ براکانیان لە قەسام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٠ کاتژمێر لە شەڕی دژ بە دوژمنی زایۆنی بەردەوامن.
٧٥٠ ئیسرائیلی بێسەروشوێنن
سەرچاوە عیبری زمانەکان ڕایانگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا، ٧٥٠ ئیسرائیلی لە ناوچە داگیرکراوەکان بێسەروشوێن بوون و هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نییە.
Your Comment