سێ به‌رهه‌می محه‌مه‌د قازی بۆ میرمنداڵان دووباره‌ له‌ چاپ درا

"له‌گه‌ڵ خاتوونه‌کان"، "پۆلۆنیا، چاو و چرای پای کێوه‌کان" و "ڕێبواری لاو" سێ به‌رهه‌می ناوداری جیهانی به‌ وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د قازی دووباره‌ له‌ چاپ درایه‌وه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له‌ ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ی فیکری منداڵان و میرمنداڵان له‌ ئێران، نه‌وه‌ی نوێی میرمنداڵه‌ ئیرانییه‌کان ده‌توانن سێ به‌رهه‌می ناوداری جیهانی به‌ وه‌رگێڕانی بێ وێنه‌ی محه‌مه‌د قازی له‌ دیزاین و به‌رگی نوێدا بکڕن.

ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ی فیکری منداڵان و میرمنداڵان له‌ ئێران بۆ یادی ۵۰ ساڵه‌یی خۆی ئه‌م ۳ ڕۆمانه‌ میرمنداڵه‌ی به‌ دیزاینێکی نوێ له‌ چاپ داوه‌ته‌وه‌. پێشتر ئه‌م سێ کتێبه‌ به‌ ده‌یان جار له‌ ئێران له‌ چاپ دراوه‌ و فرۆشی یه‌کجار زۆریان له‌ نێوان میرمنداڵاندا هه‌بووه‌.

له‌گه‌ڵ خاتوونه‌کان" به‌رهه‌می دیاری هکتور مالۆیه‌ که‌ چیرۆکی کچێک به‌ ناوی پێرین ڕه‌وایه‌ت ده‌کات که‌ له‌گه‌ڵ دایک و باوکی خۆی له‌ یۆنانه‌وه‌ ڕوو له‌ مارۆکۆر ده‌ڕوات تاکوو باپیری ببینێت، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌دا باوک و دایکی له‌ ده‌ست ده‌دات و ته‌نیا ده‌که‌وێت.

"پۆلۆنیا، چاو و چرای پای کێوه‌کان" له‌ نووسینی ئاناماریا ماتوته‌، چیرۆکی کچێکی نوخۆش ڕه‌وایه‌ت ده‌کات که‌ له‌گه‌ڵ کوڕێکی کوێر ئاشنا ده‌بێت و پێکه‌وه‌ له‌ یه‌کتر زۆر شت فێر ده‌بن.

 "ڕێبواری لاو"یش چیرۆکی کوڕێکی پورتقاڵییه‌ که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی منداڵانی هاوته‌مه‌نی خۆی له‌ دوای ناسینی جیهانه‌ و ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌ له‌ لایه‌ن ژاک سێرۆنه‌وه‌ نووسراوه‌.

به‌ڵام له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌م ۳ ڕۆمانه‌ میرمنداڵه‌ له‌ لایه‌ن محه‌مه‌د قازی، وه‌رگێڕی به‌ناوبانگی کورد کراوه‌ته‌ فارسی و زمانێکی یه‌کجار پته‌و و ره‌وانی هه‌یه‌ و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ خوێنه‌رێکی زۆر ئه‌م سێ ڕۆمانه‌یان خوێندووه‌ته‌وه‌ و تاکوو ئێسته‌ش فرۆشیان هه‌یه‌ و ساڵانه‌ به‌ چاپی نوێ ده‌گاته‌وه‌.

ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ی فیکری منداڵان و میرمنداڵان له‌ ئێران به‌ هۆی فرۆشی باش و به‌رده‌وامی ئه‌م سێ ڕۆمانه‌ ئه‌مساڵ بڕیاری دا تاکوو له‌ ساڵیادی ۵۰ ساڵه‌یی خۆی هه‌ر سێ ڕۆمانه‌که‌ به‌ دیزاینی و به‌رگی نوێیه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی بازاڕ بکات.

ئه‌م ۳ ڕۆمانه‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ نێوان ساڵانی ۱۳۵۲ی هه‌تاوی بۆ ۱۳۵۶ی هه‌تاوی له‌ تاران له‌ چاپ دران.

News Code 4583

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 6 =