ئه‌مریکا گوێ به‌ هۆشداریی به‌رپرسانی به‌غدا سه‌باره‌ت‌ به‌ داعش نه‌دا

باڵوێزی پێشووی عێراق له‌ ئه‌مریكا ئاشکرای ده‌کات که‌ پێش كه‌وتنی مووسڵ بۆ ده‌ست داعش، هۆشدارییان داوه‌ته‌ ئه‌مریكا، به‌ڵام گرنگی به‌ هۆشدارییه‌كه‌یان نه‌دراوه.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، لوقمان فه‌یلی، باڵوێزی پێشووی عێراق له‌ ئه‌مریكا، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ئه‌لمانیتۆر، له‌ ۲۰۱۳دا نزیكه‌ی ساڵێك به‌رله‌سه‌رهه‌ڵدانی داعش ‌و كه‌وتنی مووسڵ، حكومه‌تی عێراق داوای له‌ ئه‌مریكا كردووه‌ كه‌ پێگه‌كانی داعش له‌ عێراق بۆردومان بكه‌ن، به‌ڵام گرنگی به‌ هۆشدارییه‌كانیان نه‌دراوه‌.

به‌وته‌ی فه‌یلی سه‌ره‌تای هۆشدارییه‌كان له‌مانگی ئابی ۲۰۱۳دا گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ ئه‌مریكا‌و له‌گه‌ڵ هۆشیار زێباری وه‌زیری ئه‌وكاته‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان گه‌یاندووه‌ته‌ مارتن دێمسه‌ی، سه‌رۆك ئه‌ركانی پێشووی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مریكا.

لوقمان فه‌یلی ده‌ڵێت: "پێمانوتن، ده‌مانه‌وێت كه‌مپه‌كانی داعش بۆردومان بكه‌ن. سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو نوری مالكی، له‌(تشرینی یه‌كه‌م/۱۰ی ۲۰۱۳)دا هات‌و وتییه‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌دوای كه‌وتنی موسڵیش (له‌ حوزه‌یرانی ۲۰۱۴)دا ئه‌م قسه‌یه‌مان كرده‌وه‌".

باڵوێزه‌كه‌ی پێشووی عێراق له‌ ئه‌مریكا، وه‌ڵامی خاویی ئه‌مریكا بۆ داواكانی عێراق له‌هێرشكردنه‌سه‌ر داعش بۆ چه‌ند هۆكارێكی دیاریكراو ده‌گێڕێته‌وه‌. به‌ وته‌ی ناوبراو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌ره‌تا وه‌ك كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی عێراق ده‌ی ڕوانییه‌ داعش نه‌ك مه‌ترسییه‌كی جیهانی.

رێكخراوی داعش ساڵی ۲۰۱۴ شاری مووسڵی كۆنتڕۆڵ كردو دواتر ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراقدا گرت.

فه‌یلی له‌وته‌كانیدا بۆ پێگه‌ی ئه‌لمۆنیتۆر، به‌ روونی ئه‌و گومانانه‌ی پشتڕاستكرده‌وه، كه‌ ئه‌مریكا ئاماده‌نه‌بووه‌ هیچ هه‌نگاوێك بنێت تا ئه‌و كاته‌ی مالكی له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیراندا بمێنێت.

به‌وته‌ی ناوبراو په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و عێراق، پشتێكی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كان ده‌به‌ستێت ‌و سه‌دان هه‌لی گرنگ له‌ده‌ستچووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌هه‌ردوولا وه‌ك تیم كار نه‌كراوه‌.

News Code 4576

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =