کێ قەوارەی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە؟

"کێ ڕۆژانە کەرامەتی هاوڵاتیانی هەرێم دەشکێنێت‌و ناچار بەسواڵ‌و سەدەقەی ئەم ڕێکخراوو ئەو کۆمپانیاو فڵان سەرمایەدارو فیسار خێرخوازی دەکات؟"

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ کاوە محەمەد: بزانین ئەوەی قەوارەی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوەو ساڵانێکە بەپاچ تێیکەوتوەو بناغەکەی بنکۆڵ دەکات بەغدایە، یان ئەو مۆرانانەی ناوخۆن کە بەردەوام خەریکی کلۆرکردنی دارو تەختەی هەرێمەکەن‌و بەدۆخێکیان گەیاندوە کە هاکا ڕوخا..

با بێین بەحساب‌و کیتاب بیکەین‌و بپرسین؛

کێ ڕێگربوە لەیەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە؟

کێ بڕیاری هەڵەی ڕیفراندۆمیداو (51%)ی خاکی کوردستانی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد؟

کێ ئایندەی هەرێمی خستۆتە ناو بیرو بۆریی نەوت‌و سامانی نیشتیمانی هەراج‌و هەرزانفرۆش دەکات؟

کێ هەموو قەزیەی کوردی لەموچەی فەرمانبەراندا بچوککردۆتەوەو هەفتانە وەفدی زەلیلی بۆ دەنێرێتە بەغدا؟

کێ بەپای پیلان قۆڵی گەندەڵی‌و ڕاووڕوتی لێ هەڵکردوەو لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، قاسەی بەرپرسان گەورەو پڕدەکات؟

کێ بێڕێزی بەرامبەر دامەزراوەکانی پەرلەمان‌و حکومەت‌و قەزا دەکات‌و کردونی بەداردەستی حزب‌و بەبڕیاری ئەم‌و ئەو حزب هەڵدەسوڕێنرێن‌و دادەخرێن‌و مافی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا لەخەڵکی هەرێم زەوتدەکات؟

کێ هۆکارە کە دوای دەیان ساڵ نەتوانراوە هەرێم بکرێت بەیەک زۆن‌و خاوەنی یەک ئیدارەو یەک حکومەت‌و یەک ئاسایش‌و یەک دارایی‌و ...تاد ؟

کێ ئازادیی خەڵک زەوتدەکات‌و خۆپیشاندەران سەرکوت‌و خەڵتانی خوێن دەکات‌و میدیاو میدیاکاران دەمبەست دەکات؟

کێ ڕۆژانە کەرامەتی هاوڵاتیانی هەرێم دەشکێنێت‌و ناچار بەسواڵ‌و سەدەقەی ئەم ڕێکخراوو ئەو کۆمپانیاو فڵان سەرمایەدارو فیسار خێرخوازی دەکات؟

کێ پشتی لەگەنجانی خێر لەخۆنەدیوی هەرێم کردوەو ساڵانە بەدەیان هەزاریان خوێندن تەواو دەکەن‌و بچوکترین هەلی کاریان دەستناکەوێت، هاوکات کوڕی بەرپرسانیش دەکرێن بەخاوەن زانکۆو کۆمپانیای گەورە گەورە؟

کێ‌و کێ‌و سەدان کێی تر..

من نامەوێ بڵێم؛ بەغدا فریشتەیەو چاویان بەو قەوارە کوردستانییە هەڵدێت‌و هەندێک لەهێزو کەسە دەسەڵاتدارەکانی لەبۆسەدا نین بۆ لەباربردنی هەرێمەکەمان، بەڵام

ئاخۆ ئەمانە بەغدا لێیان بەرپرسە یان ئەو دەسەڵاتدارە مافیاگەرانەی ناوخۆ کە هیچ خەون‌و خەمێکی نەتەوەیی‌و نیشتیمانییان نەبوەو نییەو هەرێم تەنها وەک مانگایەک بۆ دادۆشین دەبینن‌و ناوەستن تا شیرەکەی چک دەکات، دواتریش نۆرەی کەوڵکردنەکەی دێت تا پلێک گۆشتی پێوە مابێت لێی بخۆن، ئینجا فرمێسکی تیمساحی بۆ بڕێژن‌و بڵێن ئەوەتا هەرێمەکەمان بەپیلانی دوژمنان‌و عێراقچییەکان لەناوبرا!.

کێ قەوارەی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە؟

ژێدەر: شارپرێس

News Code 45157

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha