باڵوێزخانه‌ی عه‌ره‌بستان یارمه‌تی کومه‌ڵه‌ ده‌دات/ده‌ستێوه‌ردانی ئالی سعوود له‌ عێراق

دەبیری مەکۆی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران وتی: باڵویزخانه‌ی عه‌ره‌بستان له‌ باکووری عێراق به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستێوه‌ردان له‌ کار و باری ئێران و عێراق یارمه‌تی حزبی کومه‌ڵه‌ ده‌دات و تیرۆریست بۆ ئێران ده‌نێرێت.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی سوپای پاسدارانی پارێزگای ئه‌لبورز، موحسن ڕه‌زایی به‌یانی شه‌مه‌، دووی گه‌لاوێژ، له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی سیاسی وتی: کاتێک ئێمه‌ جوان سه‌یری عێراق، سووریا و ئه‌فغانستان و پاشاییه‌تی عه‌ره‌بستان و دیموکڕاسییه‌که‌ی تورکیا ده‌که‌ین به‌ باشی تێده‌گه‌ین که‌ ئێران چه‌ند جیاوزه‌ له‌مانه‌ و ده‌بێت شانازی پێوه‌ بکه‌ین.

ئه‌و زیادی کرد: هۆی سه‌ره‌کی دژایه‌تی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ هێز هێرشی کردووه‌ته‌ سه‌ر یه‌مه‌ن و داگیری کردووه‌. 

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ کوده‌تاکه‌ی تورکیاش وتی: ئێمه‌ ڕێز له‌ سه‌روه‌ری ده‌نگدانی خه‌ڵک ده‌گرین و هه‌ر له‌م ڕه‌هه‌نده‌شه‌وه‌ بوو که‌ کوده‌تاکه‌ی تورکیا له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ڕه‌ت کرایه‌وه‌ و هه‌روه‌ها بۆ عه‌ره‌بستانیش له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ین که‌ ده‌بێت ئه‌م وڵاته‌ ڕێز له‌ ده‌نگی خه‌لکی خۆی بگرێت.

ڕه‌زایی سه‌باره‌ت به‌ به‌حره‌ین وتی: ئێمه‌ ده‌ستێوه‌ردانمان له‌م وڵاته‌ نه‌کردووه‌، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ گرتن مافی هه‌موو که‌سێکه‌ و ده‌ڵێین که‌ ئه‌م وڵاته‌ ڕێز له‌ ده‌نگی خه‌ڵکی خۆی ناگرێت و له‌ نێوان ئاینه‌کان جیاوازی ده‌کات.

دەبیری مەکۆی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران جه‌ختی کرد: باڵوێزخانه‌ی عه‌ره‌بستان له‌ باکووری عێراق به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستێوه‌ردان له‌ ئێران و عێراق یارمه‌تی حزبی کۆمه‌ڵه‌ی داوه‌ و تیرۆریست بۆ ئێران ده‌نێرێت.

ئه‌و وتی: عه‌ره‌بستان ئاژاوه‌گێڕترین حکومه‌ت له‌ جیهانه‌ و به‌و سه‌رشێتییه‌ی که‌ هه‌یه‌تی جیهان به‌ره‌و قه‌یران ده‌بات.

ڕه‌زایی وتی: ئێران وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و هه‌ر که‌س بیه‌وێت ئێران ته‌ڤڵی وڵاتانی دیکه‌ بکات دوژمنه‌ و ئێمه‌ش ئه‌م شته‌ قبووڵ ناکه‌ین.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵێی هەندێ لە به‌رپرسانی ئێرانیش وتی: بۆ ده‌بێت مووچه‌ی ده‌یان ملیۆنی هه‌بێت کاتێک شارۆمه‌ند هه‌یه‌ که‌ پێویستی به‌ نانی شه‌وه‌، ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ یه‌کسانی و عه‌داڵه‌ت. دژایه‌تی کردنی سته‌م و هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی یه‌کێکه‌ له‌ بایه‌خه‌ باشه‌کانی ئێمه‌.

ئه‌و وتی: زۆر که‌س پیشتر ده‌یانوت که‌ حکومه‌تی تورکیا له‌ ئێمه‌ باشتره‌، به‌ڵام ئێسته‌ بڕوانن ئه‌م وڵاته‌، وڵاتی کوده‌تایه‌ و چۆن به‌ ده‌یان هه‌زار که‌سیان ده‌ستگیر کرد و له‌ کار دووریان خسته‌وه‌ و ڕوونیش نییه‌ که‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌مان ڕێڕه‌وی پێشووی خۆی.

ڕه‌زایی جه‌ختی کرد: پێشتر له‌گه‌ڵ ئێران ته‌نیا ئه‌لجه‌زایه‌ر کۆ ده‌بووه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ سووکایه‌تی بوو، به‌ڵام ئێسته‌ بڕوانن وڵاتانی ۵+۱ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر مێزی دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ناشریترین هێزی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی که‌ ته‌نانه‌ت لا له‌ منداڵێکی ۱۲ ساڵانیش ناکاته‌وه‌ شه‌ڕ ده‌که‌ین، هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئه‌مریکا ده‌که‌ین که‌ درۆ ده‌کات و پشتیوانی سه‌ره‌کی ڕژیمی سعوودییه‌ و زایۆنییه‌کانه‌. 

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران له‌ کۆتاییدا ئاماژه‌ی به‌ پڕۆژه‌ی ئابووری خۆڕاگرانه‌ کرد و وتی: ئێران ده‌توانێت ئابوورییه‌کی باشیشی ببێت و به‌رپرسانی ئێرانی به‌داخه‌وه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ که‌م کاریان کردووه‌ و ده‌بێت هه‌وڵی زیاتر بده‌ن.

News Code 4468

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =