۲۱۰ کانتینر قاچاخ زه‌وت و۲۳ که‌س ده‌ستگیر کراون

فه‌رمانده‌ی هێزی پۆلیسی هورموزگان رایگه‌یاند که‌ گه‌وره‌ترین کاروانی قاچاخی که‌ل و په‌ل له‌ دوای شۆڕشه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌.

فه‌رمانده‌ی هێزی پۆلیسی پاریزگای هورموزگان به‌ ئاماژه‌ به‌م بابه‌ته‌ که‌ گه‌وره‌ترین کاروانی قاچاخی که‌ل و په‌ل له‌ دوای شۆڕشه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، وتی: له‌ میانه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا ده‌ست به‌سه‌ر ۲۱۰ کانتینر باری قاچاخ له‌ ڕێچکه‌ ئاوویه‌کانی پارێزگای هورموزگان که‌ ده‌که‌وێته‌ باشووری ئێران گیراوه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، سه‌ردار عه‌زیزوڵا مه‌له‌کی به‌یانی سێ شه‌مه‌ له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌ڤانیدا وتی: ماوه‌یه‌کی زۆره‌ که‌ به‌ تووندی به‌ره‌وڕووی دیارده‌ی قاچاخ بووینه‌ته‌وه‌ و تاکوو ئێسته‌ ده‌ستکه‌وتی باشیشمان بووه‌.

ئه‌و زیادی کرد: له‌ ئۆپراسیۆنێکدا زیاتر له‌ ۱۱ کانتینر که‌ل و په‌لی قاچاخ کراوی نێو ماڵمان دۆزیه‌وه‌ و دوای به‌دوادا چوون ۱۷ که‌سمان له‌مباره‌وه‌ ده‌ستگیر کردووه‌.

ئه‌و وتی: ئه‌م گرووپه‌ له‌ ژێر ناوی چه‌ندین کۆمپانیای ساخته‌ به‌ڵگه‌ گومرۆکییه‌کانیان دروست ده‌کرد و دواتر به‌ ناوی که‌ل و په‌لی گومروکی به‌ره‌و شاره‌کانی مه‌شهد و ئه‌سفه‌هان و شیراز و تاران ده‌یان نارد.

فه‌رمانده‌ی هێزی پۆلیسی هورموزگان به‌ ئاماژه‌ به‌م بابه‌ته‌ که‌ بڕێک له‌م قاچاخچیانه‌ ویستوویانه‌ به‌ره‌و وڵاتانی بیانی هه‌ڵبێن و وتی: له‌ ماڵی قاچاخچییه‌کان ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندین لۆب تاب، کامپیۆتر و 900 ملیارد ریال پاره‌ و که‌ل و په‌ل گیراوه‌.

ئه‌و وتی: به‌ فه‌رمانی سه‌رۆکی گشتی گومروکه‌کانی ئێران ئێمه‌ توانیمان هه‌موو به‌ڵگه‌ ساخته‌کانی ئه‌م گرووپه‌ قاچاخچییه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌ گومروکییه‌کان به‌راورد بکه‌ین و دواجار تێگه‌یشتین که‌ هه‌موویان ساخته‌ن.

شایانی باسه‌ که‌ هاورده‌ کردنی که‌ل و په‌لی قاچاخ بۆ ئێران له‌ دوای گه‌ماڕۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ به‌ ده‌یان کارگه‌ی نێوخۆیی به‌ره‌و داخران ڕۆشتوون.

News Code 4390

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 15 =