ئه‌و کوده‌تایه‌ی که‌ سه‌ر نه‌کەوت/ فەرماندە ئەرتەش قوربانیی سەرەکی

کوده‌تا سه‌ربازییه‌که‌ی تورکیا له‌ کۆتایی خۆی نزیک ده‌بێته‌وه‌ تاکوو ئێسته‌ زیاتر له‌ ۲۰۰ کوژراوی لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ و نێزیک بە ۳۰۰۰ سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری سوپای تورکیاش به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی. عه‌بدولحه‌مید به‌یاتی: شه‌وی ڕابردوو سوپای تورکیا ڕایگه‌یاند که‌ کوده‌تای له‌ دژی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان ئه‌نجام داوه‌ و ئه‌م هه‌واڵه‌ش ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ر بوو که‌ هه‌واڵی ڕووداوه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی فه‌ڕه‌نسای داپۆشی.

کوده‌تاچییه‌کان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا به‌ ناوی "بزوتنه‌وه‌ی ئاشتی له‌ ماڵه‌وه‌" ئاشکرایان کرد که‌ خه‌ریکی گرتنه‌وه‌ی تورکیان و دوو بۆمببیان له‌ ده‌ورووبه‌ری کۆشکی سه‌رۆک کۆماری تورکیا ته‌قانده‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هێرشیان کرده‌ سه‌ر پارلمانی تورکیاش و له‌وێش بۆمبێکی دیکه‌یان ته‌قانده‌وه‌.

بینالی یه‌لدریم خێرا هاته‌ سه‌ر هێڵ و وتی که‌ ئاسمان و شه‌قامه‌کانی ئه‌ستانبۆل له‌ ژێر کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت دایه‌. دواجار ئه‌ردۆغان داوای له‌ خه‌ڵک کرد بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان تاکوو کوده‌تاچییه‌کان خۆیان به‌ ته‌واوی ڕاده‌ست نه‌کردووه‌ نه‌چنه‌ ماڵه‌وه‌.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که‌ هۆتێله‌که‌ی له‌ ڕۆخه‌کانی ده‌ریای ئێژه‌ بۆردمان کراوه‌ و کوده‌تاچییه‌کان یه‌کگرتویی وڵاتیان کردووه‌ته‌ ئامانج و ئه‌مه‌ ئاژاوه‌گێڕان له‌ دژی یه‌کێه‌تی وڵاته‌. دڵنیا بن فڕۆکه‌کانی تورکیا به‌رگری له‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن.

ئه‌و زیادی کرد: ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ کوده‌تایان ڕێبه‌ری کردووه‌ ئه‌فسه‌رانی پلە خوارووی سوپان که‌ پێگه‌یه‌کی وه‌هایان له‌ سوپادا نییه‌. سوپای ئێمه‌ سوپایه‌کی بێ خه‌وشه‌.

ئه‌ردۆغان جه‌ختی کرد: برێک ناتوانن تورکیا یه‌کگرتوو ببینن. ئه‌م گرووپه‌ بچووکه‌ به‌ ئامانجه‌کانی خۆیان ناگه‌ن. ئه‌م گرووپه‌ خه‌ریکی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و گه‌لی تورکیایه‌.

سه‌رۆک کۆماری تورکیا زیادی کرد: ئێمه‌ به‌ هێزی ته‌واوه‌ درێژه‌ به‌ کاری خۆمان ده‌ده‌ین و ناهێڵین ئه‌م گرووپه‌ به‌ ئامانجی خۆیان بگه‌ن.

ئه‌و جه‌ختی کرد: خه‌ڵکی هاتووه‌ته‌ شه‌قامه‌کان و من سپاسیان لێده‌که‌م خه‌ڵکی ئێمه‌ خه‌ڵکێکی هۆشیاره‌

ئه‌و زیادی کرد: خه‌ڵك له‌ شه‌قامه‌کاندا بمێننه‌وه‌ تاکوو ئه‌م کوده‌تاچیانه‌ به‌ سزای کاری خۆیان بگه‌ن و کۆتایی پێبێت.

ئه‌ودۆغان جه‌ختی کرد: هێزه‌ سه‌ربازییه‌کان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بنکه‌ سه‌ربازییه‌کان. ئه‌وه‌ی که‌ چ که‌سێک له‌م کوده‌تایه‌دا ده‌ستی بووه‌ له‌ داهاتوودا ڕوون ده‌بێته‌وه‌.

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ کاردانه‌وه‌ به‌م کێشانه‌ له‌ تویتێره‌که‌ی خۆی نووسی: وڵامی باشی خه‌ڵکی تورکیا به‌ کوده‌تاچییه‌کان نیشانی دا که‌ کوده‌تای سه‌ربازی له‌ ناوچه‌که‌دا هیچ جێگه‌یه‌کی نییه‌ و خه‌ڵکی له‌ ده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژێردراوی خۆیان پشتیوانی ده‌که‌ن.

سه‌رچاوه‌ مێدیاییه‌کان هه‌واڵیان دا که‌ فڕۆکه‌ ئێف ۱۶کانی سوپای تورکیا تانکه‌کانی کودتاچییه‌کانیان له‌ ده‌ورووبه‌ری پارلمان و کۆشکی سه‌رۆک کۆمار کردووه‌ته‌ ئامانج.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی سی ئێن ئێن تورک هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت باڵه‌فڕێکی سه‌ربازی تورکیایان له‌ ئاسمانه‌وه‌ خستووه‌ته‌وه‌ خواره‌وه‌ چون بۆردمانی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ده‌کرد.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ یه‌کێک له‌ ڕێبه‌ره‌کانی کوده‌تاچییه‌کان فه‌رمانی به‌ هه‌موو سه‌ربازه‌کان کرد تاکوو خۆیان ڕاده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بکه‌ن.

نووسینگه‌ی داواکاری گشتی تورکیا ڕایگه‌یاند که‌ نزیک به‌ 200 که‌س له‌م ڕووداوه‌دا کوژراون و ۱۰۰۰ که‌سیش به‌ سه‌ختی بریندار بوون.

هه‌روه‌ها بینالی یه‌لدریم داوای کرد تاکوو پارلمانی تورکیا هه‌رچی زووتره‌ کۆببێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ بڕیاڕێکی به‌ په‌له‌ بدات.

هه‌روه‌ها بینالی ئیلدیریم ڕایگه‌یاند که‌ ئۆمیت دۆندار بووه‌ به‌ سه‌رۆکی نوێ ئه‌رکانی هاوبه‌شی سوپای تورکیا. 

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ ناوه‌ندی سه‌ره‌کی سوپای تورکیا هێشتا له‌ لایه‌ن کودتاچییه‌کانه‌وه‌ داگیر کراوه‌. هه‌روه‌ها زیاد له‌ ۲۰ له‌ سه‌دی ناوه‌نده‌کانی هێزه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا له‌ ده‌ستی کوده‌تاچییه‌کان دایه‌ و ڕوون نییه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت چۆن ده‌یه‌وێت ئه‌م ناوه‌ندانه‌ بگرێته‌وه‌.

به‌یانی ئه‌مڕۆ ڕێکخراوی هه‌واڵگری نه‌ته‌وه‌یی تورکیا ڕایگه‌یاند که‌ کوده‌تاکه‌ ته‌واو بووه‌ و سه‌ربازه‌ سه‌رکێشه‌کان دواجار خۆیان ڕاده‌ستی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا کردووه‌.

به‌کر بوزداغ، وه‌زیری دادی تورکیا ڕایگه‌یاند که‌ زیاتر له‌ ۳۰۰۰ که‌س له‌ کوده‌تاچییه‌کان ده‌ستگیر کراون.

به‌ وته‌ی سی ئێن ئێنی تورکی چوار که‌س له‌ ده‌ستگیر کراوه‌کان ژنراڵی باڵای سوپا و ۲۹ که‌سیان سرهه‌نگ بوون.

به‌ وته‌ی وه‌زیری دادی تورکیا لێکۆلینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی کوده‌تاکه‌ له‌ ۸۱ پارێزگای تورکیا درێژه‌ی هه‌یه‌. ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌ت بزوتنه‌وه‌ی فه‌تحوڵا گوله‌ن به‌ به‌رپرسی سه‌ره‌کی کوده‌تاکه‌ ناو ده‌بات، به‌ڵام گوله‌ن له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ئاشکرای که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و کوده‌تاوه‌ نییه‌.

ئه‌و له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا نووسی: ده‌وله‌ت ده‌بێت له‌ تورکیا له‌ پڕۆسه‌یه‌کی دیموکڕاتیکدا هه‌ڵبژێردرێت نه‌ک له‌ ژێر گوشاری سه‌ربازی و من هیچ په‌یوه‌ندییه‌کم به‌م کوده‌تاوه‌ نییه‌ و داوای سه‌رکه‌وتن بۆ خه‌ڵکی تورکیا ده‌که‌م.

شایانی باسه‌ که‌ فه‌تحوڵا گوله‌ن سه‌ره‌کی ترین هاوپه‌یمانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ ڕابردوودا بوو، به‌ڵام دواتر ناکۆکی بنه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان په‌یدا کرد و کار گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یه‌ب ئه‌ردۆغان بزوتنه‌وه‌ی گوڵه‌نی به‌ تیرۆریستی ناو برد و گوشاری خسته‌ سه‌ر ئه‌دامانی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌.

ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی تورکیا فه‌رمانی ده‌ستگیر کردنی گوڵه‌نی داوه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ ئه‌مریکایه‌ و کێشه‌کان کاتێک سه‌ری هه‌ڵدا که‌ لاینگره‌کانی گوڵه‌ن له‌ یوتیوب شریته‌یه‌کی ته‌له‌فوونی ئه‌ردۆغانیان بڵاو کرده‌وه‌ که‌ نیشانی ده‌دات ئه‌ردۆغان له‌ گه‌نده‌ڵییه‌کی گه‌وره‌ی ئابووری تێوه‌گلاوه‌ ئه‌مه‌ش ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی توڕه‌ کرد و ڕایگه‌یاند که‌ بزوتنه‌وه‌ی گوڵه‌ن خه‌ریکی سیخۆڕکی کردن به‌سه‌ر به‌رپرسانی تورکیاوه‌ن.

له‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فوونییه‌دا ئاشکرا بووه‌ که‌ ئه‌ردۆغان و کوڕه‌که‌ی سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ قه‌باره‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ پاره‌ن و دوابه‌دوای ئه‌مه‌ فایلێکی دیکه‌ش بڵاو بوویه‌وه‌ که‌ ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ شه‌ڕی سووریا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یه‌کی باڵای سوپای تورکیا گفتوگۆ ده‌کات و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ ئه‌ردۆگانی تووڕه‌ کرد.

ئه‌ردۆغان ڕایگه‌یاند که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ پیلانگێڕی بزوتنه‌وه‌ی گوڵه‌نه‌ و ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی تاوانبار کرد که‌ بۆ ڕووخاندنی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی پارتی داد و گه‌شه‌ ئه‌م کارانه‌ ده‌کات. به‌ڵام گوڵه‌ن به‌رده‌وام ئه‌م پاگه‌ندانه‌ی ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و دژی گه‌نده‌ڵییه‌، به‌ڵام ئه‌و هیچ کارێکی له‌ دژی ده‌وڵه‌تی تورکیا نه‌کردووه‌.

News Code 4331

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =