یادداشتی لێک تێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و  پێنتاگۆن واژۆ کرا

ڕۆژی ڕابردوو لە سەلاحەدین، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئێلیزا سلۆتکین یاریدەدەری وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کرد.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر له‌ ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی سوپاسی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی ئەمەریكای كرد بۆ هێزی پێشمەرگەی هه‌رێمی كوردستان كە كاریگەریی هەبووە لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە.

بارزانی، ئاستی هەماهەنگی نێوان سوپای ئەمەریکا و پێشمەرگەی بە نموونەیی وەسف کرد بەجۆرێک کە بە درێژایی شەڕ دژی تیرۆریستان هیچ شوێنێکی مەدەنی نەکراوەتە ئامانج کە ئەوەش دیقەتی هەماهەنگی و متمانەی نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە دەردەخات.

لە بەرانبەردا یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستایشی هێزی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەچاوی ڕێزەوە سەیری پێشمەرگە دەکات و وەک هێزێکی شەڕکەری کاریگەر دەیناسێت کە ڕۆڵی زۆر گرینگی بینیوە.

وتیشی: ئەو یادداشتی لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئیمزای دەکەن ئاماژەیەکی ڕوونی ئەو گرینگیپێدانەیە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە و هێمای هاوبەشییەکی بەردەوامی ئەمەریکا و هێزی پێشمەرگە و دۆستایەتییەکی پتەوە.

هەر لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی چۆنییەتی هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی داعش و ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە هەماهەنگی هەبێت و زۆر بەوردی چارەسەر بۆ کێشە و گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی قۆناخی دوای داعش بدۆزرێتەوە، ئەوەش لەپێناو ڕێگە گرتن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان و بۆ دڵنیایی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی پارێزگای نەینەوا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی هه‌رێمی كوردستان و هێزی هاوپەیمانان و سوپای عێراقی بەرز نرخێندرا و یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهەنگاوێکی گرینگی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لەقەڵەم درا.

دواتر لە مەراسیمێکدا، بەسەرپەرشتی و ئامادە بوونی بارزانی، یادداشتی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەلایەن کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت و لە ئێلیزا سلۆتکین جێگری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئیمزا کرا

بەپێی ئەو یادداشتە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هاوکاریی دارایی پێشکەشی پێشمەرگە دەکات و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ بە هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان بەڕێوە دەچێت و ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە بۆ قۆناخی دوای داعش لە نەینەوا بەردەوام دەبێت.

جێگەی ئاماژەپێكردنە ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و سەربازییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی ئەم دیدارە بوون.

News Code 4284

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 13 =