كوژرانی زیاتر له‌ ۴۰ سه‌رباز و ۷ هێزی په‌که‌که‌ له‌ چه‌ند ڕۆژدا

هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل ئاماری كوژراو و بریندارانی شه‌ڕی چه‌ند رۆژی رابردووی نێوان په‌که‌که‌ و سوپای توركیای راگه‌یاند که‌ زیاتر له‌ ۴۰ سه‌ربازی سوپا كوژراون ‌و ۷ هێزی په‌که‌که‌ش کوژران.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا که‌ هه‌په‌گه‌ بڵاویکردۆته‌وه‌ دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی سوپای تورکیا له‌گوندی جه‌وزات-ی‌ سه‌ربه‌ شارۆچكه‌ی سوڵتان شێخموس له‌شاری ماردین  له‌ ۹ی ئه‌م مانگه، هێزه‌كانی په‌که‌که‌ هێرشیان كردوه‌ته‌سه‌ر ئه‌و بنكه‌یه‌و ۴۰ سه‌ربازی سوپای توركیا كوژراون.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی هه‌په‌گه، دوای كوژرانی سه‌ربازه‌كانی پاسه‌وانی ده‌روازه‌ی بنكه‌كه‌، دواتر ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌ناو بنكه‌كه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه ‌و له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا دوو باڵه‌خانه‌ی بنكه‌كه‌ روخاون‌ و زرێپۆشێك گڕیگرتووه.

هاوكات هه‌په‌گه‌ ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی رۆژانی ۴-۵ی ئه‌م مانگه ‌و بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیا له‌ناوچه‌ی به‌یتولشه‌باب سه‌ر به‌ شرناخ ۵ چه‌کداری په‌که‌که‌ کوژراون.

رۆژی ۸ی ئه‌م مانگه‌ش له‌ناوچه‌ی ئه‌لباك-ی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای وان له‌نێوان په‌که‌که‌ و سه‌ربازانی توركیا شه‌ڕ رویداوه‌ و دوو چه‌کداری په‌که‌که‌ کوژراون.

شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیا له‌ هاوینی رابردوه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش دوای وه‌ستانی پڕۆسه‌ی ئاشتی كه‌ دووساڵی خایاندو له‌ئێستادا پڕۆسه‌كه‌ به‌ته‌واوی په‌كی كه‌وتووه.

News Code 4263

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 5 =