سیاسه‌تی دووفاقیی ئه‌ردۆغان/ئه‌نقه‌ره‌ له‌ دیمه‌شق نێزیک ده‌بێته‌وه‌؟

وا دێته‌ به‌ر چاو که‌ له‌ دوای گۆڕان کاری له‌ سیاسه‌ته‌کانی تورکیا له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ڕژیمی زایۆنی، گۆڕان له‌ سیاسه‌تی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سووریاش بێته‌ ئاراوه‌.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - ڕامین حسه‌ین ئابادی: له‌ میانه‌ی یه‌ک مانگی ڕابردوودا، ده‌وڵه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ ئاڵ و گۆڕی له‌ سیاسته‌کانی خۆیدا ئه‌نجام داوه‌ و دوای چه‌ندین مانگ ئاڵۆزی له‌ نێوان تورکیا و ڕووسیا دواجار ئه‌ردۆغان داوای لێبوردنی له‌ ڕووسیا کرد و دوای ۶ ساڵ ناکۆکیش له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل، ئه‌نقه‌ره‌ ڕێککه‌وتنێکی گرنگی له‌گه‌ڵ ڕژیمی زایۆنی واژۆ کرد.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت گۆڕان کاری له‌ سیاسه‌ته‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ میسریش بکات و په‌یوه‌ندی ئابووری به‌هێز له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ دابمه‌زرێنێت.

ئه‌م پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌نقه‌ره‌دا، ئه‌گه‌ری ئه‌م باسه‌ به‌هێز ده‌کات که‌ ئایا ئه‌نقه‌ره‌ له‌ به‌رانبه‌ر دیمه‌شقدا هه‌مان سیاسه‌تی گۆڕانکاری بۆچوونی سیاسی ده‌گرێته‌ به‌ر یان نا؟ ڕۆژنامه‌ی شه‌رقوئه‌وسه‌ت له‌ له‌مباره‌وه‌ نووسی ئه‌گه‌ری زۆره‌ که‌ تورکیا ناچار بێت بۆ ماوه‌یه‌کی کاتیش بووه‌ به‌ مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵات ڕازی بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ڕێکاره‌ی تورکیا بۆ سووریا له‌به‌ری ده‌گرێت له‌گه‌ڵ ڕێکاره‌ سیاسییه‌کانی ڕووسیا و ئیسڕائیل و میسر جیاوازی زۆریان هه‌یه‌.

ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ ده‌کات که‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به‌ به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سووریا ناگۆڕێت و به‌رده‌وام داوای ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌کات، به‌ڵام ئه‌گه‌ری زۆره‌ که‌ تورکیا له‌ ژێر گوشاری ئه‌مریکا و ڕووسیا به‌ مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ ۶ مانگی دیکه‌ ڕه‌زایه‌ت بدات.

ئه‌م پێداچوونه‌وه‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ بۆ ماوه‌ی ۶ ساڵه‌، ئه‌نقه‌ره‌ به‌ پشتیوانی له‌ داعش و تیرۆریسته‌کانی به‌ره‌ی نوسره‌ به‌رده‌وام له‌ دوای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی یاسایی سووریا بڕوخێنێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رچی له‌ ده‌ستی هاتووه‌ کردوویه‌تی و به‌ ته‌واوی پشتگری له‌ تیرۆریسته‌کانی سووریا کردووه‌. 

ئه‌م ناکۆکییه‌ له‌ سیاسه‌تی نوێ تورکیا ته‌نیا یه‌ک شت به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت ئه‌ویش ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت به‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ی که‌ به‌شار ئه‌سه‌د مه‌شرووعیه‌تی نییه‌، وه‌ها نیشانی بدات که‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتگیری کردنی تیرۆرسیته‌کانی سووریا تاکوو له‌وه‌ زیاتر ئه‌م بۆچوونه‌ دروست نه‌بێت که‌ تورکیا له‌ هه‌رچی سیاسه‌تی کۆنیه‌تی پاشه‌گه‌ز بووه‌ته‌وه‌ و دۆڕاندوویه‌تی.

ڕاست وه‌ک چۆن له‌ لایه‌که‌وه‌ داوا ده‌کات په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری له‌گه‌ڵ میسر ساز بکات و له‌ له‌یه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ جه‌خت ده‌کات که‌ ده‌وڵه‌تی میسر به‌ کۆدتا هاتووه‌ته‌ سه‌ر کار، به‌م سیاسته‌ ناکۆکه‌ ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت وه‌ها نیشان بدات که‌ له‌ سیاسه‌تی خۆی پاش گه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر له‌مباره‌وه‌، عه‌بدولباری عه‌توان نووسه‌ری به‌ناوبانگی عه‌ره‌ب ده‌نووسێت: تورکیا ڕه‌زایه‌تی داوه‌ که‌ به‌شار ئه‌سه‌د ۶ مانگی دیکه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام خالی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌بێت بزانین که‌ سیاسه‌ته‌کانی تورکیا له‌ ۵ ساڵی ڕابردوودا شکستی هێناوه‌ و له‌م پێگه‌یه‌دا نییه‌ که‌ بۆ هیچ بابه‌تێکی ناوچه‌که‌ بڕیاری سیاسی بدات.

خاڵی گرنگی دیکه‌ له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێرشی خۆکۆژی ڕووی له‌ تورکیا کردووه‌، ئه‌مه‌ش ڕاست ده‌رنجامی سیاسته‌ هه‌ڵه‌کانی خۆی تورکیایه‌ و ئارام ئارام شارۆمه‌ندانی تورکیا له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په‌ وه‌ڕه‌س کردووه‌ و تورکیا ناچاره‌ هه‌نگاوێکی شلگێرانه‌ بۆ دژایه‌تی کردنی تیرۆرسیته‌کان هه‌ڵبگرێت.

هه‌روه‌ها تورکیا به‌ ته‌واوی له‌ دروست بوونی قه‌واره‌یه‌کی دیکه‌ی فیدڕاڵ له‌ کوردستانی سووریا ده‌ترسێت و ئه‌مه‌ش وه‌های لێده‌کات که‌ زیاتر له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌میشق خۆی ڕێکبخاته‌وه‌.

عه‌بدولباری عه‌توان له‌مباره‌وه‌ ده‌نووسێت: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕاست ده‌ربچێت که‌ تورکیا بۆ پشتیوانی به‌رنگار بوونه‌وه‌ی کورده‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د سازشت ده‌کات، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ که‌ ده‌وڵه‌وتی تورکیا بووه‌ته‌ بارمه‌ته‌ی ده‌ستی سووریا، نه‌ک سووریا بارمه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ بێت. واتا تورکیا به‌ سه‌ختی پێویستی به‌ سووریا هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش زۆره‌ که‌ تورکیا به‌ درۆ له‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌د نزیک بێته‌وه‌ تاکوو گوشار بخاته‌ سه‌ر ئه‌مریکا و ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له‌ باکووری سووریا دروست بکات و به‌م کاره‌ هه‌م دژایه‌تی کورده‌کان ده‌کات، هه‌م ده‌وڵه‌تی سوریا. 

هه‌روه‌ها تورکیا به‌ پڕۆژه‌ی نیشته‌ جێ کردنی ئاواره‌ سوورییه‌کان هه‌م ده‌یه‌وێت پێگه‌ی خۆی له‌ناو تورکیادا به‌هێزتر بکات، هه‌م ده‌یه‌وێت سیمای خۆی له‌ناو خه‌ڵکی سووریا جوان‌تر بکات و ئه‌مه‌ش له‌ دژی ده‌وڵه‌تی سووریا ده‌بێت و به‌م کاره‌ ده‌یه‌وێت بۆ هه‌میشه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی نێو سووریادا ببێت.

ئه‌وه‌ی له‌م نێوانه‌دا زۆر ڕوونه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ تورکیا چی دیکه‌ ناتوانێت وه‌ک ڕابردوو پشتیوانی له‌ تیرۆرسیته‌کان بکات چون ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و ڕووخان و ناسه‌قامگیری ده‌بات، تورکیا جارێکی دیکه‌ ده‌یه‌وێت له‌ بابه‌تی ئاواره‌ سوورییه‌کان بۆ به‌رژوه‌ندی خۆی سوود ببات، هه‌مان ئه‌و ئاواره‌ سووریانه‌ی که‌ کاتێک ده‌گه‌نه‌ سه‌ر سنووره‌کانی تورکیا به‌ ده‌یان ئاکار و قسه‌ی نه‌شیاویان پێده‌وترێت و هێزی سنووره‌وانی تورکیا تاکوو ئێستا به‌ ده‌یان جار ته‌قه‌ی لێکردوون.

News Code 4241

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 1 =