توانایی سوپا بۆ پاراستنی سنووره‌کانی ئێران/هۆشدار به‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان

له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا، ۲۸ ئه‌ندامی گرووپه‌ دژبه‌ره‌کانی شۆڕش، وه‌ک پژاک و حزبی دیموکڕات له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سوپای پاسدارانه‌وه‌ کوژران.

ئاژانسی مێهر، گرووپی سیاسه‌ت، جه‌واد به‌خشی ئه‌له‌مووتی: دوای ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا سه‌قامگیری ناوچه‌که‌ له‌ لایه‌ن تیرۆریسته‌کان و ته‌کفیرییه‌کانه‌وه‌ خرایه‌ ژێر مه‌ترسی، بۆ ماوه‌یه‌که‌ که‌ گرووپه‌ دژبه‌ره‌کانی شۆڕشی ئێرانیش له‌ نێو خاکی ئێراندا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه.

له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا ئه‌م ئۆپراسیۆنانه‌ به‌ چه‌ند چالاکییه‌ک له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران ده‌ستی پێکرد و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی بڕیارگه‌ی حه‌مزه‌ی سه‌یدوشوهدای سوپای پاسداران له‌ ۲۴ی جۆزه‌ردان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا به‌م جۆره‌ هه‌واڵی دا: "گرووپێکی پێنج که‌سی سه‌ر به‌ گرووپی تیرۆریستی پژاک له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران و له‌ ناوچه‌ی سه‌رده‌شت، دوای هه‌واڵگریی ورد له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی بڕیارگه‌ی حه‌مزه‌ی سه‌یدوشوهه‌دا کوژران. "

به‌ پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ له‌م ئۆپراسیۆنه‌دا چه‌ندین جۆر چه‌کی سووک ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، به‌ڵام ئه‌مه‌ کۆتایی کاره‌که‌ نه‌بوو. سوپا له‌گه‌ڵ گرووپه‌ دژبه‌ره‌کانی شۆڕش له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران ساڵی ۱۳۹۰ هه‌تاوی به‌شه‌ڕهاتبوون که‌ له‌و کاته‌شدا گرووپی پژاک له‌گه‌ڵ سوپا به‌شه‌ڕ هات و دواجار دوای ئه‌وه‌ی گورزیان لێدرا کشانه‌وه‌ و سه‌قامگیری بۆ سنووره‌کانی ئێران گه‌ڕایه‌وه.

هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت به‌مه‌ش ئاماژه‌ بکه‌ین که‌ ناوچه‌کانی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران ناوچه‌گه‌لێکی شاخاوین که‌ کێشه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیانیان هه‌یه، سه‌ردار ئۆسانلو، فه‌رمانده‌ی بڕیارگه‌ی حه‌مزه‌ له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت که‌ له‌ ناوچه‌ی بۆرالانی ماکو شوێنێکی شاخاوی ئه‌سته‌م هه‌یه‌ که‌ ۳۰ دۆنم له‌ ۳۰ دۆنم پانتایه‌که‌یه‌تی،   ئه‌م ناوچه‌یه‌ ته‌واو پڕه‌ له‌ به‌رد و ئه‌شکه‌وتی سه‌خت و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ جاده‌ی تێدا دروست نه‌بووه، هه‌وڵ کارێک که‌ ئێمه‌کردمان کێشانی جاده‌ بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ بوو تاکوو بتوانین به‌ ئاسانی کۆنترۆڵی بکه‌ین.  

به‌ وته‌ی ئه‌م فه‌رمانده‌یه‌ ناوچه‌که‌ چون له‌ نێوان ئێران و تورکیا و ئه‌رمنه‌ستان دایه‌ گرنگی تایبه‌ت به‌ خۆیی هه‌یه. ئه‌و درێژه‌ی دا: ئێمه‌ دواتر توانیمان ۵۰ تۆنلی ئه‌م گرووپه‌ دژبه‌ره‌ی شۆڕش له‌م ناوچه‌یه‌دا بدۆزینه‌وه‌ و له‌ناومان برد و به‌م کاره‌ش گورزێکی کاریگه‌رمان لێیان دا.

له‌ ۲۶ی جۆزه‌ردانی ئه‌م ساڵ جارێکی دیکه‌ سه‌ردار محه‌مه‌د پاکپوور، فه‌رمانده‌ی هێزی وشکانی سوپا ڕایگه‌یاند:له‌ شنۆ له‌گه‌ڵ دوو گرووپی تیرۆریستی دیکه‌ تێک ئاڵاون و دوای دۆزینه‌وه‌یان له‌ناو براون.

دوای ئه‌وه‌ی که‌ فه‌رمانده‌ هێزی وشکانی سوپا ڕاگه‌یاند که‌ له‌گه‌ڵ حزبی دیموکڕاتی کوردستان به‌شه‌ڕ هاتوون جارێکی دیکه‌ نیگاکان بۆ سه‌ر سنووره‌کانی ئێران وه‌رگێڕدرا. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی سپا هاتووه‌: له‌ شه‌ڕی ئه‌ندامانی سوپای پاسداران له‌گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان له‌ شنۆ ۱۲ ئه‌ندامی ئه‌م گرووپه‌ کوژران و هه‌ڵبه‌ت ۳ ئه‌ندامی سوپای پاسدارانیش شه‌هید بوون.  

ته‌نیا یه‌ک هه‌فته‌ دوای ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی سوپا، له‌ ۴ی پۆشپه‌ڕ و له‌ ناوچه‌ی سه‌وڵاوای سنه‌ و شاخه‌کانی مه‌هاباد جارێکی دیکه‌ شه‌ڕ هه‌ڵگرسا و گرووپه‌ دژبه‌ره‌کانی شۆڕش ده‌ستیان بۆ چه‌ک برده‌وه.

دوای ئه‌م شه‌ڕانه‌ هێزی وشکانی سپا ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ی دا: له‌ شه‌ڕی ئه‌م دوایه‌دا له‌ مه‌هاباد و سه‌وڵاوا ۵ به‌کرێگیراوی ئیستکباری جیهانی که‌ دوانیان فه‌رمانده‌ بوون کوژران، ناوی ئه‌م دوو فه‌رمانده‌ی ئاژاوه‌چییه‌کان ئارش منبه‌ری و شۆڕش منبه‌ری بوو.

ئارش و شۆڕش منبه‌ری هه‌ر دووکیان له‌ فه‌رمانده‌ ئاژاوه‌گێڕه‌کانی سه‌ر به‌ حزبی دیموکڕاتی کوردستان بوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ کۆتایی ئه‌م شه‌ڕانه‌ نه‌بوو، تاکوو سوپای ئێران هه‌شتی پۆشپه‌ڕ له‌ کوژرانی ۱۱ چه‌کداری دیکه‌ له‌ سه‌وڵاوا هه‌واڵی دا.

سوپای ئێران جه‌ختی کرد که‌ له‌م ئۆپراسیۆنه‌دا کاوه‌ جوانمه‌رد یه‌کێکی دیکه‌ له‌ فه‌رمانده‌کانی ئه‌م گرووپه‌ کوژراوه.

که‌ به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م ۳ مانگه‌ی به‌هاردا ۲۸ ئه‌ندامی گرووپه‌ دژبه‌ره‌کانی شۆڕش، واتا پژاک و دیموکڕات له‌ ۴ شه‌ڕدا کوژران.

ئه‌گه‌رچی ئێران به‌ ده‌یان جار به‌ وڵاتانی دراوسێ هۆشداری داوه‌ که‌ نابێت خاکی ئه‌وان بۆ دژایه‌تی کردنی ئێران به‌کار بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیاره‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ تێوگلانی سنووره‌کانی ئێران به‌ شه‌ڕی چه‌کداری پلانی بۆ داڕژاوه‌ و کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت.

له‌ نوێترین قسه‌کانی سپای ئێران، سه‌ردار پاکپوور وتی: به‌م پێیه‌ که‌ بنکه‌ی ئه‌م گرووپانه‌ له‌ باکووری عێراقه، له‌ ئه‌گه‌ری پێبه‌ند نه‌بوونی به‌رپرسانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ به‌ڵێنه‌کانی خۆیان ئێمه‌ ئه‌م تیرۆریستانه‌ له‌ هه‌ر کوێیه‌کی ناوچه‌که‌ بن ده‌یانکه‌ینه‌ ئامانج.

ئه‌م فه‌رمانده‌یه‌ جه‌ختی کرد که‌ ئه‌ندامانی سپا ئاماده‌یی ته‌واویان هه‌یه‌ تاکوو له‌ هه‌ر کاتێک فه‌رمانیان پێبکرێت خزمه‌ت به‌ وڵاته‌که‌یان بکه‌ن.

مه‌نسوور حه‌قیقه‌ت پوور، جێگری کۆمۆسیۆنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران له‌مباره‌وه‌ به‌ ئاژانسی مێهری وت: هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بستان، ئه‌وان پلانیان داڕشتبوو تاکوو له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا له‌ ئێران ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

ئه‌و زیادی کرد: ئه‌م کارانه‌ ده‌بێت بخه‌ینه‌ ته‌نیشت هاتنه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی حزبی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی دیموکڕات و پژاک له‌ ڕۆژئاوای ئێران. ئه‌وان لایان وابوو که‌ ئاستی ئه‌منی ئێمه‌ له‌ خواره‌وه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌ ده‌رچوو چون وڵامێکی سه‌ختیان وه‌رگرت. ئه‌م ئاسایشه‌ی له‌ ئێراندا هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریکا و عه‌ره‌بستان و ئیسڕائیله‌وه‌ چاویان پێی هه‌ڵنایه‌ت.

ئه‌م نوێنه‌ره‌ی مه‌جلیسی ئێران درێژه‌ی دا: هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت به‌ر به‌ هاتنی ئه‌م گرووپانه‌ بۆ نێو خاکی ئێران بگرێت، ئه‌گه‌رنا چۆن وه‌ک فه‌رمانده‌ی وشکانی سوپای ئێران جه‌ختی کرد ئێمه‌ ئه‌م تیرۆریستانه‌ له‌ هه‌ر کوێیه‌ک بێت ده‌که‌ینه‌ ئامانج.

ئه‌م جه‌خت کردنه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئێرانی درێژه‌ی هه‌بوو تاکوو دواجار سه‌ردار حسیه‌ن سه‌لامی له‌ نوێژی هه‌ینی تاران به‌وپه‌ڕی هێز و به‌ ئاشکرا هۆشداری به‌و ڕژیمه‌ توندڕه‌وانه‌ی ناوچه‌که‌ دا که‌ ئامانجیان دروست کردنی بۆشایی ئاسایش له‌ ئێرانه.

سلامی جه‌ختی کرد: که‌ به‌ ڕژیمه‌ کۆنه‌په‌ره‌سته‌کان و به‌رپرسانی سیاسی باکووری عێراق هۆشدار ده‌ده‌ین که‌ پێبه‌ند بن به‌ به‌ڵێنه‌کانی خۆیان، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ هه‌ر ناوچه‌ و خاڵێک کۆماری ئیسلامی بخاته‌ ژێر مه‌ترسی بێ هیچ چاوپۆشییه‌ک وێرانی ده‌که‌ین.

کۆتا قسه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێران هێزی سه‌بازی لێهاتوو و ئاماده‌ی زۆر باشی هه‌یه‌ و ده‌توانێت به‌ باشی له‌ خۆی به‌رگری بکات، به‌ڵام وڵاتانی دراوسێ، به‌ تایبه‌ت هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق نابێت مۆڵه‌ت بده‌ن که‌ ئه‌ندامانی تیرۆریستی و دژ به‌ شۆڕش له‌ خاکی ئه‌وانه‌وه‌ بێنه‌ نێو سنووره‌کانی ئێران و چالاکی بکه‌ن و دواجاریش بگه‌ڕێنه‌وه. ئه‌م شته‌ش به‌ تاکید زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆدی ئه‌وانه.

News Code 4144

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 5 =