بۆچی کورد داوای پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناکات؟

"ئەگەر زۆرینە و کەمینەش جێبەجێ دەکرێت، وا باشترە پارتی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کاندید بکات، چونکە قازانجی بۆ کورد زیاترە، کورد پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەبێت نەک سەرۆک کۆمار"

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: دوکتۆر موئمین زەڵمی: دەمەوێ لە پرسیارێکەوە دەست پێبکەم، کە کەناڵی رووداو لەسەر پڕۆمۆکانی بۆ کەڤەری پێشهاتەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق نوسیویەتی "زۆرینە یان سازان؟".

ئەگەر وای دابنێین پاش نۆزدە ساڵ لە حوکمی دوای رژێمی بەعس، دەتوانرێت سسیتەمی تەوافوق (سازان)ی نێوان پێکهاتە و هێزە عێراقییەکان تێپەڕێنرێت و لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە پۆستەکان یەکلایی بکەنەوە، ئەوا بۆ کورد وا باشترە دەست لە پۆستی سەرۆک کۆماریی و جێگری پەرلەمان و ئەو چەند وەزیرە هەڵبگرێت کە تا ئێستا بە سازانی وەریگرتوون، چونکە پۆستی کاراتر هەن کە سودیان بۆ کورد زیاترە.

بەڵام پرسیارەکەی رووداو ناتێگەشتووییە لە سازان و تەوافوق وەک نەریتی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق، چونکە کاتێک باسی سازان دەکرێت، ئیتر هەر جۆرە وروژاندن و ناوهێنانێکی "زۆرینە" گومان خستنەسەر پڕۆسەکەیە.

ئەگەر تۆزقاڵێکیش ئەگەری سەرخستنی بەشداری لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە هەیە، بۆچی کورد داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناکات؟ لە کاتێکدا مافی خۆیەتی، چونکە یەکێکە لە هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی عێراق و بۆ نمونە پارتی (سی و یەک کورسی) هەیە، لە بەرامبەردا و هەر لەسەر بنەمای ئەو سی و یەک کورسییە داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات، لە کاتێکدا بە پێی "سازان" مافی کورد و لە ناو کوردیشدا مافی "یەکێتی"یە.

پێشتریش ئەمەم زەقکردبوویەوە، باشترین شتێک پارتی و یەکێتی دەتوانن پێشکەشی خەڵکی کوردستانی بکەن، وەڵامدانەوەی یەک پرسیارە: ئایا رێککەوتنی ستراتیجی ماوە یان بەسەرچووە؟، ئەگەر بەسەرچووە ئێستا لە کوردستان و عێراق ئەم دوو حزبە لەسەر چی نەریتێکی سیاسی حوکمڕانی دەکەن.

زۆرینەی چاودێرانی سیاسی، ناوخۆیی ونێودەوڵەتیش لایان روون نیە، ئەگەر بڕیارە سازانی نیشتیمانی هەبێت بۆ بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق، پارتی بۆچی کاندیدی هەیە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق؟ بۆچی پارتی نایەوێت یەکێتی بەرهەم ساڵح کاندید بکات بۆ سەرۆک کۆماری عێراق؟

ئەگەر زۆرینە و کەمینەش جێبەجێ دەکرێت، وا باشترە پارتی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کاندید بکات، چونکە قازانجی بۆ کورد زیاترە، کورد پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەبێت نەک سەرۆک کۆمار، ئەوکات کێشەی بەشە بودجە، مووچەی فەرمانبەران، پارەی گەنمی جوتیاران، پەیوەندی هەولێر و بەغدا، هێزی پێشمەرگە و ... تاد بە ئاسانترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەم باسە ماوەی داهاتووش، دووبارە لەسەروبەندی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم و پێداچوونەوە بە پێکهاتەی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و تەنانەت پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دێتەوە ئاراوە، بۆیەش وا باشترە، عاقڵمەندانی ناو پارتی و یەکێتی داوای یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە بکەن و جێگرەوە رێککەوتنامەی ستراتیجی بکەن، چونکە زۆرجار بەرپرسان و میدیاکانی نزیک لە پارتی دەڵێن "پارتی لەسەر بنەمای کورسی مامەڵەی لەگەڵ حزبە سیاسییەکان بە تایبەت یەکێتی نەکردووە، و زۆرجار لە بەشی خۆی پۆستی زیاتری داوە بە یەکێتی و حزبەکانیتریش، چونکە باوەڕی بە سازانی نیشتیمانی هەیە".

بەڵام زۆر گرنگە ئەوەمان لەبیر نەچێت، ئەم نەریتەی ئێستای حوکمڕانی عێراق کە لەسەر بنەمای تەوافوق و سازانی نیشتیمانییە بۆ پێکهاتە و هێزە سیاسییەکانی عێراق، لە سودی کورد دایە، و لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەم نەریتە سیاسییە و کارکردن بە زۆرینە و کەمینە، کورد وەک پێکهاتە و حزبە سیاسییەکانی پارتی و یەکێتیش قوربانی سەرەکی دەبن، چونکە ئەوکات میلیشیا دەبنە بەڵای گیانی هاوڵاتیان و نەک هەر کوردانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەر کوردێک لەهەر ناوچەیەکی عێراق ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

News Code 41084

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha