بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بارینی بەفر و سەرمای قورس لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کەمپی ئاوارە سوورییەکان بووە هۆی گیان لە دەست دانی ١٥ منداڵی سووری.
گازتە دیوار لەم بارەوە نووسیویە: یەک و نیو ملیۆن ئاوارەی سووری لە کەمپی عەفرین، جرابلۆس و ئەعزاز دەژین. ئەم کەسانە کە هێشتا لە چادر دان، بۆ زیندوو مانەوە لە ژێر بەفر و سەهۆڵبەندان هەوڵ ئەدەن.
٢٠ تا ٢٥ هەزار کەس لە گوندی گووچی نیشتەجێن. ڕێژەی هەوا لەوێ ئێستا ٧ دەرەجەیە. بە گوێرەی راپۆرتی گازتە دیوار ٣٥٠ ئوردوگای ئاوارەکان لە نێوان عەفرین و جرابلۆس هەیە. لەم ڕۆژانەی دوایدا ١٥ منداڵ بە هۆی سەرما و سەهۆڵبەندانەوە گیانیان لە دەست داوە.
مارک کاتس بەرپرسی یارمەتییە مرۆڤ دۆستانەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە دۆخی ئوردوگاکان لە لاپەڕەی تویتەری خۆیدا، نووسی: ئەم ئوردوگایانە وەکوو فیلمێکی ترسناک و تۆقێنەرە.
حکوومەتی تورکیا لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەوەی ڕەت کردەوە و رایگەیاند: ئەم وێنە هی ساڵانی پێشوویە.
Your Comment