پارتی کاندیدی خۆی بۆ سەرۆک کۆماریی عێراق ڕاگەیاند/ دەستوور رێگە نادات

پارتى دیموکراتى کوردستان بەفەرمى هۆشیار زیباری ئەندامی مەکتەبى سیاسی حزبەکەى بۆ پۆستى سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کردوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، پارتى بەشێوەیەکى فەرمى هۆشیار زێباری بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق کاندید کردوەو بۆ ئەو مەبەستەش فۆڕمى کاندیدبوونى وەرگرتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە ئێوارەى ئەمڕۆ هۆشیار زێباری فۆڕمى کاندیدی پۆستى سەرۆک کۆماری پڕکردوەتەوەو ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراقی کردوە.

كاندیدكردنی هۆشیار زێباری له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ له‌دوای ئەوە دێت کە یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەفەرمى بەرهەم ساڵحی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردوەتەوە، ئەوەش لەلایەن پارتییەوە بە هێڵی سور دانراوەو پێشتریش یەکێتى لێ ئاگادار کردوەتەوە کە ئەگەر یەکێتى بەرهەم ساڵح کاندید بکەن ئەوا پارتیش کاندیدی خۆی دەبێت.

هۆشیار زێباری لەدوای رووخانى رژێمى بەعس بەبەردەوامى لە بەغدا کاری کردوەو لە حکومەتەکانى عێراق پۆستى جیاجیای هەبووە کە گرنگترینیان پۆستى وەزیرى دەرەوەو دارایی، بەڵام ساڵى ٢٠٢٠ کاتێک وەزیرى دارایی بوو بەتۆمەتى تێوەگلان لەچەندین دۆسیەی گەندەڵیدا لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێوەرگیرایەوە.

کاندیدکردنى هۆشیار زێباری پۆستى سەرۆک کۆماری عێراق رووبەرووى گرفتى یاسایی دەبێتەوەو پسپۆڕێکى یاسایی ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی دەستور ھۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی کاندید بکات.

د. ئیسماعیل نامیق پۆسپۆڕی بواری یاسایی لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە، لەبڕگەی سێیەمی ماددەی ٦٨ دەستوری عێراقیدا ھاتووە: کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستە خاوەن ناوبانگێکی باش بێت، ھەروەھا گەواھی بۆ بدرێت کە دەستپاکە و ئاکاری رێکە و دادپەروەرە و دڵسۆزی نیشتمانە، هەروەها لەبرگەی چوارەمی ھەمان ماددەدا ھاتووە، بەتاوانێکی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ھۆشیار زێباری ئەو کاتەی وەزیری دارایی بووە لەسەر "دەست پیسیی و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات" متمانەی لێسەندرایەوە، پشت بەست بە رێکارەکانی پرساندن و متمانە لێسەندنەوەی، دروستە بوترێت؛ نە ناوبانگی باشە، نە دەستپاکە، نە ئاکاری رێکە، نە دادپەروەرە.

هەروەها ئەو پسپۆڕە یاساییە دەشپرسێت کە ئایا زیێباری دڵسۆزی نیشتمانە؟ ئەو یەکێک بوو لەرێبەرانی ریفراندۆم، بەئاشکرا داوای پارچە پارچە کردنی عێراقی ئەکرد، کەواتە یان ریفراندۆمەکە فشە بووە، یان ئێستا راست ناکات کەئەڵێت دڵسۆزی عێراقم.

سەبارەت بەبڕگەی چوارەم، ئەو د. ئیسماعیل نامیق دەڵێت" راستە ئەو حوکم نەدراوە، بەڵام ھۆکاری حوکم نەدانی ھاوکێشە سیاسیەکانی عێراقە، ئەگەر لەوڵاتی یاسادا بوینایە، دەبوو کاک ھوشیار و زۆربەی بەرپرسەکانی دیکە لەبەر شاشەکانی کونجی زیندان، سەیری دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بکردبا".

News Code 40696

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha