بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە کاتی بەشداریکردن لە دووەم پێشانگەی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە کۆمپانیاکانی ئێران لە هەولێر ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی باشە بۆ ترانزێت، ترانزێتکردن داهاتێکی باشی هەیە و یارمەتیی باری ئابووریی ئێران و وڵاتانی دیکەش دەدات.
ئیرەج مەسجدی ئیمارات بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەهای پێنج ملیار دۆلار لە ئیماراتەوە کەلوپەل هاوردە دەکات، لە کاتێکدا ئیمارات هیچ شتێک بەرهەمناهێنێت و تەنیا لە رێگەی ترانزێتەوە ئەو پارەیەی دەستدەکەوێت، "هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بەو شێوەیە پارەی دەستبکەوێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئیرەج مەسجدی وتی، ئێران پێشوازی لە پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەکات. "ئێران هەرێمی کوردستانێکی پێشکەوتووی دەوێت، لە رووی پیشەسازی، کشتوکاڵی و تەکنەلۆژیا.. بۆیە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین".
دووەم پێشانگەی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە کۆمپانیاکانی ئێران لە هەولێر کرایەوە، لە پێشانگەکە 135 کۆمپانیا لە 10 بواری جیاواز بەشدارن کە زۆربەیان بۆ یەکەمجار و بە بەرهەمی نوێ بەشداریی پێشانگەکەیان کردووە.
بۆچوونی ئێوە