دەفرایەتییەکانی پەیوەندی ئابوری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران/ نەهێشتنی کۆڵبەری و هەژاری

ئابووریزانێکی کوردستانی وێڕای ئاماژە بە کاریگەری ئەرێنی پێوەندی پارێزگای کوردستان و هەرێمی کوردستانی عێراق، داکۆکی کرد: پێویستە بەرنامەیەکی ڕێک و پێکی زانستی بۆ پێوەندی ئەم دوو لایەنە دابڕێژرێت.

حامد قادرزادە لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر، سەبارەت بە گرینگایەتی گەشەی پێوەندی ئابووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، وتی: سنوور شوێنێکە بۆ ئاڵوگۆڕی شتومەک و ئەم گۆڕینەوەش ئەبێتە هۆی باشتر بوونی دۆخی ئابووری.

ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە لە بنەمای زانستی ئابووریدا ئاڵوگۆڕ کردن ئەبێتە هۆی بەرژەوەندی بۆ هەر دوو لایەنی پێوەندیدار، وتیشی: پارێزگای کوردستان و هەرێمی کوردستان لە مێژە شوێنی ئاڵوگۆڕی ئابووری، چاند و ... بووە و هەموو کات پێوەندی باش لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا بووە.

ئەم ئابووریزانە راشیگەیاند: ئاڵوگۆڕ کردن گەر بە پێی بنەما زانستییەکان بێت، ئەتوانێ دۆخی ئابووری هەردوو لا بگۆڕێت. پارێزگای کوردستان لە بواری زانستیی و بوونی کەسانی زانا و بلیمەت دۆخی باشتر لە هەرێمی کورستانە چونکوو هەرێم قەیرانی زۆری بینیوە و تازە ڕەوتی گەشەی خۆی دەست پێ دەکات.

قادرزادە باسی کاریگەری ئەرێنی پێوەندی پارێزگای کوردستان و هەرێمی کوردستانی لە سەر وڵاتی ئێرانی کرد و ڕاشیگەیاند: بە بوونی پێوەندی لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا، ئێران ئەتوانێ بەرهەمەکانی خۆی زۆرتر بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە بکات.

ناوبراو باسی هاوبەشیی زمانی و کەلتووری پارێزگای کوردستان و هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد و وتیشی: کوردستان بە بۆنەی درواسێ بوون لە گەڵ پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، کرماشان و هەمەدان ئەتوانێ ڕۆڵی باش بۆ گەشەی ئابووری ئەم ناوچە بگێڕێت.

ئەو هەروەها ئاماژەی بە پێشکەوتوویی پارێزگای کوردستان لە بواری پزیشکی و هەروەها بوونی سەرمایەی مرۆیی کارامە لەم بوارە کرد و ڕایگەیاند: ئەمەش خاڵێکی گرینگ و ئەرێنی بۆ پتەو کردنی پێوەندی دوو لایەنە و بێگومان دەبێتە هۆی گەشەی زیاتری پزیشکی لەم پارێزگا و هەروەها کاریگەری ئەرێنی لە سەر هەرێمی کوردستانیش دادەنێت و هەردوو وڵات لە بواری ئابوورییەوە بەهێزتر دەبنەوە.

ئەم ماموستای زانکۆیە باسی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئێرانی کرد و وتی: بەداخەوە یاسایەکی ڕێک و پێک بۆ بەدی هێنانی پێوەندی ئابووری لە نێوان دوو وڵات بوونی نییە بەڵام گەر بتوانین لە سەر سنوورەکانی پارێزگای کوردستان و هەرێمدا ژێرخانە ئابوورییەکان دابین بکەین و هەموو ڕۆژێ ئاگاداری پێداویستییەکان خەڵک و بازرگانان و بازاڕ بین، پەرەی ئابووری دوو لایەنی بەدواوە دەبێت و خەڵک لە ڕێگای یاساییەوە کاڵا ئاڵوگۆڕ دەکەن و ڕێژەی کۆڵبەری دادەبەزێت.

قادرزادە باسی چالاکی تورکیا لە بازاڕی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند: ئەم چالاک بوونە بە بۆنەی پشتیوانی دەوڵەت لە بازرگانان و فێرکاری باش ڕووی داوە و گەر وڵاتی ئێمەش ئەمانە لەبەرچاو بگرێت و گرینگی پێ بدات بێگومان سەرکەوتوو دەبێت.

ناوبراو داکۆکی کردە سەر بوونی بەرنامەیەکی ڕێک و پێک بۆ پێوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و ڕوونی کردەوە: پەرە دان بەم پێوەندییە بێگومان لە سەر ئابووری هەردوو لایەن کاریگەری دەبێت و بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی باش پێویستە لە ئەزموونی پسپۆڕان و ماموستایانی ئەم بوارە کەڵک وەربگرن.

News Code 38605

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha