چراخانی کردنی ئه‌شکه‌وته‌کان، که‌ره‌فتوو وه‌ک نموونه‌

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ وڵاتانی جیهان به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به‌ که‌رتی گه‌شتیاری وڵاته‌که‌یان زۆربه‌ی ئه‌شکه‌وته‌ ناوداره‌کانی خۆیان چراخانی ده‌که‌ن.

ڕاپۆرتی مێهر - به‌شی کوردی؛ ئه‌شکه‌وت یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ئاسه‌واره‌ مێژوویه‌کانی مرۆڤ و سروشت، بۆ مرۆڤ ئه‌شکه‌وت یه‌که‌مین ماڵی دانیشتن و حه‌ونه‌وه‌ بووه‌ له‌ گه‌رما و سه‌رما و لاوفای سرووشت، واتا مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی بیدۆزێته‌وه‌ که‌ چۆن ده‌توانێت ماڵ و خانوو بۆ خۆی دروست بکات، ئه‌وه‌ ئه‌شکه‌وته‌کان بوون که‌ ئه‌م ئاسانکارییه‌یان بۆ دابین کرد و بوونه‌ خانووی یه‌که‌می مرۆڤ له‌ جیهاندا. له‌ ڕووه‌وه‌ ئه‌شکه‌وته‌کان گرنگییه‌کی یه‌کجار زۆریان له‌ ژیانی مرۆڤدا هه‌یه‌.

دوای ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌شکه‌وته‌وه‌، بۆ یه‌که‌مجار ده‌بێته‌ خاوه‌ن خانوو، ده‌ست ده‌داته‌ جوان کردن و درووست کردنی بڕێک تایبه‌تمه‌ندی له‌ نێو ئه‌شکه‌وه‌ته‌کاندا، بۆ نموونه‌ له‌ ئه‌شکه‌وتی که‌ره‌فتوو ئێمه‌ ده‌بینین که‌ چه‌ند هۆڵ و دیوه‌خانێک له‌ سه‌ر ده‌ستی خودی مرۆڤ هه‌ڵکه‌ندراون و به‌ بینای ئه‌شکه‌وته‌ زیاد کراوه‌. یان له‌ ئه‌شکه‌وتی مێژووی "ئاڵتامیرا" له‌ وڵاتی ئیسپانیا ده‌بینین که‌ له‌ سه‌ر دیواری ئه‌شکه‌وته‌کان چه‌ندین مرۆڤ و گامێش نه‌خش کراوه‌ و ئه‌مه‌ش نیشانی ده‌دات که‌ مرۆڤه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ڕاوچی گامێشه‌کان بوون و لایان وابووه‌ که‌ گه‌ر وێنه‌ی گامێشه‌کان له‌ سه‌ر دیواره‌کانی ئه‌شکه‌وته‌که‌یان بکێشنه‌وه‌ ئه‌وه‌ چی دیکه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ڕۆحی گامێشه‌کانیان کۆنترۆڵ کردووه‌ و ناتوانن له‌ ژێر گورزی ڕواچیه‌تی ئه‌وان ده‌ر بچن.

به‌رهێوانی ئه‌شکه‌وتی که‌ره‌فتوو

به‌ر هێوانی ئه‌شکه‌وتی که‌ره‌فتوو

ئه‌م جۆره‌ ئاسه‌وارانه‌ ڕه‌هه‌ندێكی مێژووی و مرۆڤ ناسی تایبه‌تی به‌ ئه‌شکه‌وته‌کان داوه‌ و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌شکه‌وته‌کان به‌ ڕاستی بۆ گه‌شتیاران جێگه‌ی سرنج و ڕامانه‌.

جۆره‌یه‌کی دیکه‌ش ئه‌شکه‌وت بوونی هه‌یه‌ که‌ به‌ ئه‌شکه‌وتی سرووشتی ناسراون، واتا به‌و چینه‌ له‌ ئه‌شکه‌وته‌کان ده‌وترێت که‌ تاکوو ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌ستی مرۆڤیان پێیان نه‌گه‌یشتووه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ی به‌ردینه‌یی و سروشتی خۆیان ماونه‌ته‌وه‌. وه‌ک ئه‌شکه‌وتی سه‌هۆڵانی مه‌هاباد که‌ ته‌واو سروشتی ماوه‌ته‌وه‌.

له‌ ڕووی سرووشتیه‌وه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ که‌ ئه‌شکه‌وتی که‌ره‌فتووش ئه‌وه‌نده‌ ساف و ڕێک نه‌بوونێت و پڕ بووبێت له‌ قه‌ندیلی به‌ردینه‌، به‌ڵام دوای نیشته‌جێ بوونی مرۆڤ له‌م ئه‌شکه‌وته‌دا ئه‌م قه‌ندیله‌ به‌ردینا تراشراون و له‌ناو بریوان تاکوو مرۆڤ هه‌م بتوانێت باشتر تێیدا بژیه‌ت و هه‌م له‌ ڕووی بیناوه‌، جوانتری کات بۆ ژیانی خۆی.

دیواری ئه‌شکه‌وتی ئاڵتامیرا له‌ ئیسپانیا

وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌ ئاماژه‌ی پێدرا ئه‌شکه‌وت به‌ چه‌ندین هۆی زانستی و مێژوویه‌وه‌ گرنگی هه‌یه‌ و جێگه‌ی تێڕامانه‌ و ده‌توانێت گه‌شتیار زۆر باش له‌ خۆی کۆبکاته‌وه‌. له‌ دونیای ئێستاشدا گرنگییه‌کی یه‌کجار به‌ ئه‌شکه‌وته‌کان ده‌درێت و له‌ دواین هه‌نگاویشدا زانکۆی ئازادی کوردستان لقی سنه‌ کۆنفڕانسێکی زانستی سه‌رتانسه‌ری له‌ ئێراندا بۆ ئه‌شکه‌وتی که‌رفتوو به‌ڕێوه‌ برد تاکوو له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه‌ بتوانێت هه‌م ئاوڕێکی زیاتر له‌م ئه‌شکه‌وته‌ مێژوویه‌ییه‌که‌ی کوردستان بداته‌وه‌، هه‌م بتوانێت به‌ستێن بۆ گه‌شه‌دان به‌ دۆخی گه‌شتیاری ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌ جیهانییه‌، خۆش بکات.

به‌ڵام به‌ ڕاستی له‌ جیهانی ئه‌مڕۆ دا خاوه‌ن شوێنه‌ مێژووییه‌کان بۆ ڕاکێشانی گه‌شتیاری زیاتر زۆر کاری نوێ ده‌که‌ن که‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی ئاسه‌واره‌ دێرین و مێژووییه‌کانی کوردیش ئه‌م نوێگه‌ریانه‌ ڕچاو بکه‌ن، ئه‌گه‌رنا گه‌شه‌ پێدان به‌ که‌رتی گه‌شتیاری کارێکی ئه‌سته‌مه‌ و به‌م ئاسانیانه‌ نایه‌ته‌ دی.

بۆ نموونه‌ له‌ وڵاتی نیوزیلاند، ئه‌شکه‌وتی "ڕواکۆری" که‌ گه‌وره‌ترین ئه‌شکه‌وتی وڵاتی نیوزیلانده‌، له‌ هه‌نگاوێکی نوێدا چاراخان کراوه‌ و جیهناێکی یه‌کجار نوێ و بێ وێنه‌یان به‌ بینای ئه‌شکه‌وته‌که‌ داوه‌.

ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌ که‌ چه‌ندین هۆڵی به‌ردین و ناوداری هه‌یه‌، ساڵانه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار گه‌شتیار به‌ دوای خۆیدا ده‌کێشێت. له‌ نوێترین هه‌نگاودا ئیداره‌ی گه‌شتیاری نیوزیلاند ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌ی به‌ وردی چراخانی کردووه‌، وه‌ک بڵێی ئاسمانی ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌ش پڕ ببووبێت که‌ هه‌ساره‌ی ورد و جوان جوان.

چراخانی کردنی ئه‌شکه‌وتی ڕواکۆری له‌ وڵاتی نیۆزیلاند

ده‌وڵه‌تی نیوزیلاند ئه‌م کاره‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕاکێشانی زیاتر بۆ ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌ ئه‌نجام داوه‌ و ئه‌م کاره‌ش له‌ لایه‌ن گه‌شتیارانی بیانیه‌وه‌ پیشوازییه‌کی باشی لێکراوه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ ده‌یان وێنه‌شیان له‌ بلاو کردووه‌ته‌وه‌.

ناوچه‌ کوردنشینه‌کانیش به‌ گشتی پڕن له‌ ئه‌شکه‌وتی کۆن و مێژووی و سروشتی، وه‌ک ئه‌شکه‌وتی سه‌هۆلان و ئه‌شکه‌وتی که‌ره‌فتوو که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسیان کرا. ئه‌وه‌ی دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ جێگه‌ی پرسیار و ڕامانه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئایا ده‌کرێت ئیداره‌ی پیشه‌ی ده‌ستی و گه‌شتیاری شاره‌ کوردییه‌کان ده‌توانن ئه‌م ئه‌شکه‌وتانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ چراخان بکه‌ن؟ و له‌م ڕێگه‌وه‌ که‌رتی گه‌شتیاری ئه‌م ناوچانه‌ وه‌گڕتر بخه‌ن؟

شایانی باسه‌ که‌ پڕۆژه‌ی چراخانی کردنی پڕۆژه‌یه‌کی هه‌رزانه‌ و تێچووی زۆری پێویست نییه‌ و ته‌نیا پێویستی به‌ دیزاین و داڕشتنی پلانێکی هونه‌ری باش بۆ ئه‌شکه‌وته‌کان هه‌یه‌.

News Code 3850

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 9 =