تورکیا هێرشێکی بەرفراوان دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان

وەك تەواوكارییەك بۆ پڕۆسە سەربازییەكانی مانگی ڕابردوو لەهەردوو چیای مەتین‌و ئاڤاشین، توركیا بەنیازی ئەنجامدانی پڕۆسەیەكی سەربازی دیكەیە بۆ سەر قەندیل كە ئەنقەرە بەگرنگترین پێگەی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)ی دەزانێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ناوەندە چاودێرەكان پێشبینی ئەوەدەكەن، پێش ئەنجامدانی ئەو كردە سەربازییە، ئەنقەرە لەئاستێكی باڵادا هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بكات‌و سودیش لەهاوكارییەكانی پەیمانی ناتۆ وەربگرێت.

له‌و ڕوه‌وه‌ تەها عودە ئۆغڵۆ شارەزا لەكاروباری توركیاو پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان باس لەو پڕۆسە سەربازیە چاوەڕوانكراوەی توركیا دژ بەپارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) دەكات‌و دەڵێت:"پڕۆسە سەربازییەكە چەند مانگێكە ئامادەسازیی بۆ دەكرێت‌و هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش لەو هێرشە چاوەڕوانكراوەدا هاریكاری توركیا دەكەن".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاش دوو ڕۆژ پێش ئێستا لەلێدوانێكیدا باسی لەو هێرشە ساربازییە كردووەو چاودێرە سەربازییەكانیش قسەكانی ئەردۆغان والێكدەدەنەوە كە مەبەستی هێرشكردنەسەر قەندیلە.

ئۆغلۆ ئاماژەى به‌وه‌شكردوه‌، هێرشەكەی ئەمجارەی توركیا بۆ سەر پەكەكە وەك جارانی پێشوو نابێت، چونكە ئامادەسازییەكی باشی بۆكراوەو سوپای توركیاش چەكی تازەی تێدا بەكاردێنێت.

شارەزاكه‌ى كاروباری توركیاو پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان جەختی لەوەشكردۆتەوە، ئەگەری بەریەككەوتنی توركیاو پەكەكە لەماوەی ئایندە لەهەموو كاتێكی دیكە زیاترەو شەڕەكەشیان سەخت‌و دژوار دەبێت‌و توركیا نیازی وایە ئەو پرسە كۆتایی پێبێنێت.

ئۆغلۆ ئەوەشی وتوه‌، "ململانێی نێوان توركیاو پەكەكە لەڕووی چۆنێتی‌و چەندێتییەوە دەچێتە قۆناغێكی تازەوە، لەسایەی ئاڵۆزی ڕەوشی هەرێمی‌و نێودەوڵەتیشدا ناكرێت پێشبینی سەركەوتنی هیچ لایەكیان بكرێت".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ یوسف سەعید ئۆغڵو ڕۆژنامەنووس لەلێدوانێكیدا لەوبارەوە باسى له‌وه‌كردوه‌، "ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمجارەی توركیاو پەكەكە ئاسان نابێت، پەكەكەو لایەنگرەكانیان لەناو توركیا سەركردەكانی قەندیل بەسیمبولی باڵای خۆیان دەزانن، بۆیە بەئاسانی دەستبەرداری قەندیل نابن، وێڕای ئەوەی سروشتی جوگرافی ناوچەكە سەختەو پەكەكەش باش خۆی بۆ ئەو شەڕە چاوەڕوانكراوە ئامادەكردووە".

News Code 37478

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =