نێوبژیڤانی عەمار حەكیم بۆ کێشە کەڵەکە بووەکانی هەولێر و بەغدا

عەمار حەكیم دوای بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر قەیرانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كۆبووەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە دەزگای ڕاگەیاندنی یەکێتی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە ۲ی نۆڤەمبر لە سلێمانی، شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق دیداریان کردووە.

لەم دیدارەدا عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق  بەپێویستی زانی لایەنەكانی بەشدار لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق پەرۆشی و خەمخۆری خۆیان بۆ یەكڕیزی گەلی كورد و دەستكەوتەكانی بەهەوڵی بێوچانیان بۆ چارەسەری كێشە نێوخۆییەكانی نێوانیان بسەلمێنن. هەروەها تیشكی خستە سەر ئەو سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بەدەستیهێناون.

لە كۆبوونەوەكەدا كۆسرەت رەسووڵ رایگەیاند: " دەبێت لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و بەغدا هەوڵەكانمان چڕتر بكەینەوە بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكانمان لەنێوان حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان و  پێشنیازكردنی دانیشتن و لێك تێگەیشتن بەمەبەستی چارەسەری كێشەكان، پێویستیشە پەلەبكەین بۆ زووتر گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ كۆمەڵانی خەڵك."

وتیشی: " هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دوژمنێكی هاوبەشیان هەیە، دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ یەك بەردەوام بین لە راوەدونان و لەنێوبردنی تیرۆریستان."

شاندی یەکێتی بۆ ئەم کۆبوونەوە پێكهاتبوون لە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، عومەر فەتاح ئەندامی مەكتەبی سیاسی، د. خەسرەو گوڵ و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی سەركردایەتی.

شیاوی  ئاماژەیە کە بە مەبەستی نێوەندگیری لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارسەری کێشە کەلەکە بووەکانیان  هەرێمی كوردستان عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە سەردانێك گەیشتە سلێمانی، دواتر لەگەڵ شاندێكی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، بڕیارە لەگەڵ حیزب و لایەنەكانی دیكەش دیدار بکات.

News Code 373

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 3 =