ڕۆژی قودس پرسی فەلەستینی بە زیندوویی هێشتوەتەوە

"كاتێك كە جیاوازی نەتەوەی لە پرسی قودسدا دەخرێتە لاوە ئەوكات قودس بۆ كوردێك و عەرەبێك و فارسێك و ئینگلیزێكی موسڵمان وەك یەكە."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران گۆڕانکاری بەربڵاو لە پێکهاتە و ئامانجدانەری گرووپەکانی بەرخۆدان لە سەرتاسەری ناوچەکە هاتە ئاراوە.

زۆربەی ئەو گرووپانەی کە پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە فەلەستین و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دیکە چالاکیان دەکرد، لەسەر " نەتەوەپەرەستیی عەرەبی" ئامانجی خۆیان دیاری دەکرد و ئەوەیان دەکردە بنەمای چالاکییە شۆڕشگێڕانەکانی خۆیان. لە ڕاستیدا ئەو هەستە لە نێوان گرووپەکانی بەرخۆدان هەبوو کە ئەوان بە پشت بەستن بە ئامانجی هاوبەشیان واتا "عەرەب بوون" دەتوانن لە نێوان نەتەوە و سوپا عەرەبییەکان جۆرێک لە پتەو بوون، هەماهەنگی ویەکڕیزی بهێننە دی.

هەر بۆیە ئەو بابەتە خۆی بە تەنیا ببووەوە کێشەیەکی گەورە لە سەر ڕێگای بەرخۆدان، چونکوو ئاوەها بیرێک بووە هۆی ئەوەی کە پرس و بابەتی " کێشەی زایۆنیزم- ئیسلام" لە پرسی " کێشەی عەرەب-ئیسرائیلی" کورت ببێتەوە و تا ئەو ئاستە بێتە خوارەوە.

ئیسرائیل و ئەمریکاش ئەم بابەتە دەقۆزنەوە و دەیانەوێت پرسی فەلەستین و قودس نەبێتە پرسی جیهانی ئیسلام تاکوو دژبەرانی ئیسرائیل بەهێزنەبنەوە و لەم پێناوەشدا لە گەڵ چەندین وڵاتی موسڵمان نشێن کە بەرپرسان و حاکمەکانیان عەرەبن بەڵام ئیسلام بەلایانەوە گرینگ نییە، سازشیان کردووە و گوشاری سەر خەلکی فەلەستنیان زیاتر کردۆتەوە.

ساڵی 1358 ی هەتاوی بوو کە ئیمام خومەینی ڕێبەری شۆڕشی ئێران دوایین هەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی وەکوو ڕۆژی قودس ناودێر کرد و فەرمانی دا کە ئەمە وەکوو ڕۆژێکی جیهانی لە نێو موسڵمانان بێت و سەرجەم موسڵمانان ئەبێ لە ئەو ڕۆژەدا بۆ بەرگری لە مافی فەلەستینییەکان و شاری قودس لە بەرانبەر ستەم و داگیرکاریی ئیسرائیل ڕێپێوان بکەن.

سەبارەت بە گرینگی پرسی فەلەستین بۆ موسڵمانان لە گەڵ عوسمان گوڵپی، کارناس و شرۆڤە کاری پرسە سیاسییەکان وتووێژمان کردووە کە دەقەکەی لە خوارەوە هاتووە؛

گرینگایەتی ڕۆژی قودس

عوسمان گوڵپی سەبارەت بە گرینگایەتی دیاری کردنی ڕۆژی جیهانی قودس لە دوایین هەینی مانگی ڕەمەزان بۆ بەزیندوویی هیشتنەوەی پرسی فەلەستین و داگیرکرانی قودس وتی: لە راستیدا دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ قودس لە مانگێكدا كە ڕەمەزانە ولایەنی ڕۆحی خەڵكی موسڵمان لە هەمووكاتێك بەرزترە كاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر بە زیندوو هێشتنەوەی ئەو پرسە گرنگە بۆ ئەوانەی ئیمانیان هەیە.

سازشی عەرەب لە گەڵ زایۆنیزم

ئەو هەروەها لەبارەی سازشی هەندێ وڵاتی عەرەبی لە گەڵ ئیسرائیل و زایۆنیزم و پشت گوێ خستنی برایان و خوشکانی موسڵمانی خۆیان لە فەلەستین، ئاماژەی دا کە ئەوەی ناویان لێ ناوە جیهانی ئیسلامی تەنها ناوە نەك ناوەڕۆك، راستە لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان پێكهاتوون بەڵام بەشێكی زۆریان تەنها لە ڕیزبەندیدا لە جیهانی ئیسلامیدان ئەگەرنا لە ڕووی سیاسەتەوە كەوتوونەتە ژێر كاریگەری نەرێنی وڵاتانی ترەوە و بنەماكانی وڵاتی خۆیان لەدەست داوە و نەیانتوانیوە رەنگدەرەوەی كۆمەڵگەكەیان بن و خواستی دەوەی وڵاتانی خۆیان فەرز كردوە بەسەر هاوڵاتیانی خۆیاندا.

پرسی فەلەستین ئیسلامییە نەک نەتەوەیی

ئەم کارناسە هاوپەیوەند بە هەوڵی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بە نەتەوەیی کردنی پرسی قودس و فەلەستین و سڕینەوەی کێشەی قودس و ستەملێکراویی گەلی موسڵمانی فەلەستین لە ڕیزی پرسە گرینگەکانی جیهانی ئیسلام وتی: هەوڵی ئەوە دەدرێت کە قودس و فەلەستین پرسی هەموو جیهانی ئیسلام نەبێت و باسی ڕەگەزی عەرەب و غیرە عەرەب دێننە پێشەوە لە حاڵێکدا کە فەلەستین پەیوەستە بە ئیسلامەوە.

مەسەلەی قودس و ئیسرائیل كراوەتە پرسێكی سیاسی و زۆرێكیش كردویانەتە كەرەستەیەك بۆ بازرگانی كردن، لە كاتێكدا بەو شێوازە مامەڵەكردن زیانی گەیاندوە بە قودس و پرسی فەلەستین، چونكە ئەو پرسە لەسدا سەد پرسێكی ئاینیە نەك نەتەوەیی، بۆیە هەر كاڵایەكیتری بەبەردا بكرێت غەدر لەو پرسە دەكەین و دەبینە بەشێك لەو ستەمەی لە قودس دەكرێت.

هەر بۆیە پێویستە لەپرسی قودسدا جیاوازی نەتەوەیی و زمانی بخەینە لاوە ئەوكات توانیومانە مامەڵەیەكی تەندروستی لەگەڵ بكەین، كاتێك كە جیاوازی نەتەوەی لە پرسی قودسدا دەخرێتە لاوە ئەوكات قودس بۆ كوردێك و عەرەبێك و فارسێك و ئینگلیزێكی موسڵمان وەك یەكە، چونكە مامەڵەكردن لەگەڵ قودس بە قوڵكردنەوەی جیاوازی نەتەوەییەوە هەڵەیەكی گەورەیە و قودس باجەكەی داوە و دەچێتە خزمەت دژانی قودس و ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی نائارامی و ستەمی بەردەوام لەسەر قودس.

News Code 37173

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 5 =