بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، قایمقایمی شەنگال کە هاوکات یەکێکە لە کەسایەتییە ئێزیدییەکانی شەنگال رایگەیاندووە کە ڕێگە نادەن جارێکی تر شەنگال بدرێتەوە بەدەست ئەو کەسانەی ناوچەکەیان رادەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد ئەویش دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و باسکردن جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و ئاساییکردنەوەی دۆزی کەرکووک بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.
فەهد حامید قایمقایمی شەنگال لەلێدوانێکدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی وتووە : بیستوومانە کە کاراکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، کاری لەپێشینەی خشتەی دیدارەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی عێراقی بووە.
قایمقایمی شەنگال ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە شەنگال ئارامە و ڕێگەنادەن بکەوێتە ژێر موزایەدە و سازشی سیاسیی و هەڵبژاردن، جەختیشی کردۆتەوە کە ئێزیدییەکان قبووڵیان نییە جارێکی تر ناوچەکەیان بدرێتەوە بەدەست ئەو کەسانەی لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەستبەرداریان بوو و شەنگالی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش فرۆشتووە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕازیبوونیان بە گەڕانەوەی پارتی بۆ ناوچەکە.
دوێنی شەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و چاوی بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت، باس لەوەشدەکرێت کە لەدیدارەکەی نێوان بارزانی و سەرۆک وەزیراندا باسیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال کردووە.
بۆچوونی ئێوە