دراما ئێرانییەکان لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان بەخێرهێنراوە

مامۆستایەکی زانکۆ پێیوایە کە بەشێکی زۆری دراما بیانییەکان بە هۆی فەرهەنگ و کلتوری هاوردەکراو لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندا نەگونجاوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا گیرۆدەی دەیان کێشە و قەیرانی جیاوازە، بەڵام بە بڕوای توێژەران و کارناسان گەورەترینیان کێشەی کۆمەڵایەتییە کە هۆکاری سەرەکی ئەو کێشانەش کاریگەری خراپی میدیا و راگەیاندنە کە فەرهەنگ و کلتوری ناتەندروست دەگوازنەوە.

بە گوێرەی ئاماری ئەنجومەمی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ دا ١١ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە (تەڵاق) تۆمار کراوە، کە دەکاتە رۆژانە ٤٠ خێزان هەڵوەشاونەتەوە، و بە بەراورد بە هەشت ساڵی رابردوو رێژەکە لەسەدا ٤٢ زیادیکردووە، هەروەک بە پێی ئاماری ٢٠٢٠ی ئەنجومەنەکە مانگانە ٩٣١ خێزان لە یەکتر جیابوونەتەوە، و بەو پێیەش رێژەی جیابوونەوە زۆر زیادی کردووە.

کاریگەری سۆشیال میدیا

هۆکارەکانی جیابوونەوە و تەڵاق بە بڕوای توێژەرانی کۆمەڵایەتی کاریگەری سۆشیال میدیا و دراما بیانییەکانە.

د. موئمین زەڵمی مامۆستای زانکۆ و توێژەر بە ئاژانسی هەواڵی مێهری راگەیاند: لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کرانەوەی زیاتر کێشەی کۆمەڵایەتی و حاڵەتەکانی تێکچوونی شیرازەی خێزانەکان زیاتر بوون، ئەوەش بەشێکی زۆری بە هۆی فەرهەنگ و کلتوری هاوردەکراوە کە لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندا نەگونجاوە.

وتیشی: زیاتر لە بیست ساڵە لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەناڵە هەمەرەنگەکانەوە فیلم و درامای بیانی پەخش دەکرێت بەڵام بەشێکی زۆری دراماکان (ناتەندروست)ن و لەگەڵ فەرهەنگی کۆمەڵگەکەدا نەگونجاون، تەنها فیلم و سریاڵەکانی میدیای ئێرانن کە خەڵک (بە بێ ترس دەتوانن لە ناو ماڵ و خێزانەکانیاندا سەیریان بکەن).

 رای خەڵکی هەرێم لە سەر دراما ئێرانییەکان

بەناز محەمەد توێژەری کۆمەڵایەتی بە ئاماژە بە تەندروستی میدیای ئێرانی بۆ خێزانەکان بە ئاژانسی مێهری وت: خەڵک بە شێوەیەکی گشتی لە فیلم و دراما ئێرانییەکان رازییە، فیلمی وا هەیە دەیانجار دووبارە پەخشکراەوەتەوە بەڵام هێشتاش هەر تاسەی خەڵکی نەشکاندووە.

لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە کەناڵی ئاسمانی سەحەر لە رێگەی پەخشکردنی فیلم و دراما ئێرانییەکانەوە چوویە ناو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانەوە و دەیان هەزار هەواداری هەیە.

دراما ئێرانییەکان بینەری زۆریان هەیە

 کارزان عەلی میدیاکار کە لە شاری هەولێر دادەنیشێت، ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئێستاوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان زۆرینەی کەناڵە هەمرەنگەکان ریکلام بۆ دراما ئێرانییەکان دەکەن.

 بە وتەی کارزان زیاتر لە ٥٠ کەناڵی هەمەرەنگ لە هەولێردا پەخش دەکەن. کارزان بە ئاژانسی مێهری وت: دراما ئێرانییەکان بینەری زۆریان هەیە، داخوازیشیان زۆر لەسەرە، بۆیەش کەناڵەکان پەخشی دەکەن، تەنانەت بۆ ریکلامی بازرگانی، کۆمپانیای وا هەیە بە کەناڵەکان دەڵێن کە ریکلامیان تەنیا کاتێک دەدەنێ کە لە ناو فیلم و درامای ئێرانیدا پەخشی بکەن.

هەرێمی کوردستان کە لە زیاتر لە پێنج ملیۆن دانیشتوانی هەیە، لە هەر چوار پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە پێکدێت و زیاتر لە ١٠٠ کەناڵی ئاسمانی و لۆکاڵی هەواڵیی و هەمەرەنگی هەیە.

News Code 36722

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 7 =