سەیرانی ڕۆژی سێزدەبەدەر و ئاشتی لەگەڵ سروشت وەک نەریتێکی ئێرانی

لە ئێران ڕۆژی 13 ی خاکەلێوە وەکوو ڕۆژی سروشت ناونراوە و لە ئەو ڕۆژەدا خەڵک ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەبەن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە هەر وڵاتێکدا زۆربەی ڕۆژەكان ناویان لەسەر ناوە و لە ئێرانیشدا هەر بەو شێوەیەیە و هەر لە یەکەمی خاکەلێوەوە تا 29 ی ڕەشەممە زۆربەی ڕۆژەکان ناوێکیان لەسەر ناوە یەکێک لە ئەو ڕۆژانە، 13 ی خاکەلێوەیە کە بە ڕۆژی سروشت ناودێر کراوە.

ڕۆژی سروشت یان سێزدەبەدەر ڕۆژێکی نەتەوەیی لە ئێرانە کە خەڵک لە ئەو ڕۆژەدا دەچنە داوێنی سروشت و خۆشی ڕادەبوێرن و لە ڕاستیدا وەکوو ڕۆژی ئاشتی لەگەڵ سروشت چاوی لێدەکرێت.

فەلسەفەی سێزدەبەدەر

ڕۆژانی سەری ساڵ و شایی گێڕان لە نێو ئێرانیەکاندا لە چوارشەممە سووری واتا دوایین چوارشەممەی ساڵەوە دەستپێدەکات و لە ئەو ڕۆژەدا دەچنە پێشوازی ساڵی نوێیەوە و تا 12ی خاکەلێوە درێژەی هەیە و لە ڕۆژی سێزدەی خاکەلێوە کۆتایی دەهێنن بە ئەو ڕەوتە و خەڵک لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا ڕێورەسمی جیاواز بەڕێوە دەبەن و سفرەی حەوت سین دەچنن و جلی تازە لەبەر دەکەن و خۆراکی تایبەت دەخۆن و سەردانی کەسوکار و خزمیان دەکەن و شایی دەگێڕن. بە کۆتایی هاتنی ئەو ماوە و لە ڕۆژی 13 ی خاکەلێوە خەڵک خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕۆیشتن بۆ داوێنی سروشت و هەر لە چەند ڕۆژ لەوەوپێشەوە خەڵکی ئێران ئامادەی چێ کردنی خۆراکگەلێک وەکوو ئاش ڕشتە، دۆخوا و یاپراخ و کەباب و ... دەبن.

ئێرانییەکان لە ڕۆژی سێزدەبەدەردا سفرەی حەوت سینەکەیان هەڵدەگرن و ئەو سەوزەیەی کە شینیان کردووە لەگەڵ خۆیان دەیبەنە دەشت و بیابان و کەناری ئاو و دەیدەنە دەم ئاوێکی خوڕێنەوە، بەڵکوو هەموو وەیشوومەی ئەو ساڵە بە ئەو سەوزەیەوە دەربچێت.

لە نێو فەرهەنگی ئێرانیدا وا هاتووە کە ڕەقەمی 13 نەحس و شۆمە و دەبێ یەکەم سێزدەی ساڵ بچنە دەرێ و بەو شێوەیە ناخۆشی و وەیشوومەکان لە خۆیانەوە دوور بکەنەوە.

لە ئەم ڕۆژەدا لە ناوچە فارس نشینەکانی ئێران وا باوە کە سەوزە و چیمەڵانی و گژ و گیا گرێ دەدەنە یەکەوە و لەلایەک ئەوە بە واتای ئاشتی کردنەوە و گرێ دانی دۆستایەتی لەگەڵ سروشتە و ئەو کارە کە زیاتر لەلایەن گەنجانەوە ئەنجام دەدرێت بۆ مەبەستێکی دیکەش هەیە، ئەویش هاوکات لەگەڵ گرێ دانی گژو گیاکە ئەو ئارەزووەی کە لە دڵیاندایە بەهیوای بەدی هاتنیان دەیڵێنەوە.

بەڵام لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران زیاترئەوە باوە کە لە کۆتایی ڕۆژەکە و دوای شایی گێڕان و هەڵپەڕکێ و خواردنی خۆراکەکان 13 بەرد هەڵدەگرن و هاوکات لەگەڵ ڕۆیشتنەوەیان لە پشت سەری خۆیان فڕێی دەدەن و ئەو یاسایەش هەیە کە نابێت ئیدی پشتی سەری خۆت بڕوانی و نابێت لابکەیتەوە و ئەویش هەر بۆ دوور کردنەوەی وەیشوومە و ناخۆشییەکانە.

کۆرۆنا و ڕۆژی سروشت

هەر وەک دەزانین ئەمە بۆ دووهەم نەورۆزە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تەشەنەی سەندووە و بڵاو بووەتەوە و بە هەموو شێوەیەک ژیانی مرۆڤی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە. نەورۆزی ساڵی ڕابردوو لەبەر ئەوەی کە ڤایرۆسەکە تازە هاتبووە ناو ئێران و خەڵکی زۆر تووشێ ترس و دڵەڕاوکێ کردبوو، خەڵکی بەتواوەتی لە ماڵەکانی خۆیان مانەوە و هیچ کەسێک بە ئەو شێوە کە دەبوا، ڕێوڕەسمی نەورۆزی بەڕێوە نەبرد و یەکێک لە ئەو ڕۆژانەش ڕۆژی سروشت یان سێزدەبەدەر بوو کە هیچ کەس لە ماڵ دەرنەکەوت و هەموو خەڵک لە ماڵی خۆیدا مایەوە و بەڵام ئەمساڵ لەبەر ناسینی زیاتری ڤایرۆسەکە و هەروەها شکانی تۆزێک لە ترسەکان لە ئەو ڤایرۆسە، خەڵک کەم تا کورتێک و بە لەبەرچاوگرتنی ڕێنماییە تەندروستییەکان ڕێوڕەسمی نەورۆزیان بەڕێوە برد، بەڵام بە پێی بەرز بوونەوەی ڕیژەی تووشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا و لەسەر داوای بەرپرسان خەڵک ئەمساڵیش وەکوو ساڵی ڕابردوو دەیانەوێت ڕۆژی سێزدەبەدەر لە ماڵ بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.

News Code 36626

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 9 =