ئەسفەهان، شاری مێژوویی هەموو سەردەمەکانی ئێران

ئەسفەهان شارێکی مێژوویی ئێرانە کە لە هەموو سەردەمەکاندا بۆ ئەم وڵاتە گرینگ بووە و نازناوی نیوەی جیهانی پێ دراوە.

ئاژانسی  هەواڵی مێهر، بەشی گەشتیاریی: ئەسفەهان شارێکی مێژوویی و سێهەمین شاری پڕ جەماوەری ناوەندی ئێرانە و چواردەهەمین شاری گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دێتە ئەژمار. ئەم شارە بە بینا مێژووییەکانییەوە ناسراوە و ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی دەکەن.

پرد، مزگەوت، بینا و نژیاروانی تایبەتبەتی ئەو شارە لە هەموو جیهاندا ناوبانگی دەرکردووە. ئەم شارە گرینگە لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا رۆڵی سیاسی و ئایینی گرینگی گێڕاوە و تا ئێستاش یەکێک لە شارە گرینگەکانی ئێران دێتە ئەژمار.

لە شوێنە مێژووییەکانی ئەم شارە سی و سێ پول، پردی خاجو، کۆشکی چل ئوستوون، عەمارەتی عالی قاپوو دەتوانین ناو ببەین. هەروەها لە بواری پیشەییەوە پێگەیەکی باشی لە ئێران هەیە و ژمارەیەکی زۆر کارخانە و کۆمپانیای پیشەیی تێدایە. هەروەها پیشە دەستکردەکان یەکێک لە گرینگترین بەشە ئابوورییەکانی ئەم شارە گرینگەیە.

شوێنە گەشتیارییەکانی ئەسفەهان

گۆڕەپانی نەقش جیهان کە بە شێوەی فەرمی بە گۆڕەپانی ئیمام ناسراوە، لە جوانترین و خۆشترین شوێنەکانی ئەسفەهانە کە لە ڕیزی ئاسەوارە جیهانییەکانی یونسکۆدا تۆمار کراوە.

ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئەم گۆڕەپانە لە دیکەی شوێنەکان جیا دەکاتەوە، جوار گۆشە بوونی گۆڕەپانەکەیە. ئەم گۆڕەپانە خۆی هەڵگری هەندێ شوێنی مێژووییە وەکو کۆشکی عالی قاپوو، مزگەوتی شێخ لوتفوڵا، مزگەوتی ئیمام، بازاڕی قەیسەرییە و دەروازە چۆگانە.

پردی خاجوو، سی و سێ پرد، کۆشکی چل ستوون، چوارباخ عەباسی، عەمارەت هەشت بەهەشت، عەمارەتی منارجبان، کەنیسەی وانک، پارکی سەفە، باخی گوڵ، باخی باڵندەکان، تونێل ئاکواریۆم و ... لە دیکەی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەسفەهانن.

نژیاروانی تایبەتی ئەسفەهان لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە

یەکێک لە ڕێگاکانی ناسینی مێژووی شارەکان، لێکۆڵینەوە لە سەر بیناکان و نژیاروانی ئەو شارەیە، ئەسفەهان لەم بوارەدا لە جیهان ناوبانگی دەرکردووە. شێوازی تایبەت و زۆری لەم بوارەدا داهێناوە و لە مێژە گرینگی پێ داوە و هەر ئەم تایبەتمەندییە بۆتە هۆی ئەوەی گەشتیاران هەمیشە خوازیاری ڕۆشتن بۆ ئەو شارە بن و سەردانی بکەن.

لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا ، سەردەمی سەفەوییەکان گرینگترین سەردەمی نژیاروانی ئێران دیتە ئەژمار و نژیاروانی ئەسفەهان بۆ پێش ئەم سەردەمە دەگەڕێتەوە بەڵام پاش هەڵبژاردنی وەکوو ناوەندی ئێران لەو سەردەمە، گرینگی زیاتری پێ درا.

یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی بیناسازی لەم شارە، کەڵک وەرگرتن لە کاشی حەوت ڕەنگ و ڕازاوەیە کە شکۆیەکی تایبەتیان بە بیناکانی ئەو شارە داوە کە جگە لە جوانکاری، بۆتە هێمای بیناسازی ئەسفەهان.

 

News Code 36476

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 11 =