مزگەوتی دارولئیحسانی سنە، شکۆی نژیارڤانی ئیسلامی

مزگەوتی دارولئیحسانی سنە یەکێک لە پڕبایەخترین بینا مێژووییەکانی کوردستانە کە هونەری ساز کردن و جوانکارییەکانی گرینگی زۆری هەیە.

بە پێی هەواڵی مێهر، وڵاتی ئێران وڵاتێکی خاوەن مێژووی بەشکۆیە و جوانی و سەرنجڕاکێش بوونی ئاسەوار و شوێنە مێژووییەکان نیشاندەری زانایی و تێگەیشتوویی وەستاکان و نژیاروانەکانی پێشووی وڵاتە.

ئەم وڵاتە بە هۆی شارستانییەت و فەرهەنگی پڕبایەخی، لە بواری تەلارسازییەوە خەزێنەیەکی گرینگ دێتە ئەژمار و مزگەوتی دارولئیحسان یا مزگەوتی جامیعەی سنە یەکێک لەو ئاسەوارانەیە.

ئەم مزگەوتە یەکێک لە گرینگترین و بەشکۆترین بینا ئیسلامییەکانی کوردستانە کە لە بەشی مێژوویی و کۆنی شار دایە و یەکێک لە گرینگترین نموونەکانی تەلارسازی سەردەمی قاجاڕە کە بە فەرمانی حاکمی ئەو سەردەمەی شار بنیات نراوە و لە شەقامی ئیمام خومەینی سنە دایە.

پێشینەی مزگەوتی جامێعەی سنە

شاری سنە لە سەردەمی سەفەویەکانەوە یەکێک لە ناوەندە فەرهەنگی و سیاسییەکانی ئێران بووە بۆیە ئاسەواری زۆری ئەو سەردەمە لەم شارەدا بە جێ ماوە. ئەو مزگەوتەی کە لە سەردەمی قاجاڕ و حکوومەتی فەتحعەلی شا جگە لە دو منارە شتێکی لێ نەمابوو، هەر مزگەوتی دارولئیحسانی سنەیە کە بە شێوەیەک نۆژەن کرایەوە تەنانەت منارەکانیشی ڕێک لە شوێنی پێشووی خۆیانن.

ئەم مزگەوتە لە لایەن ئەمانۆڵا خان ئەردەڵان و بە چاودێری ڕاستەوخۆی فەتحعەلی شای قاجاڕ بنیات نراوە و مێژووی ساز کردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1226 تا 1232ی کۆچی مانگی.

تایبەتمەندیەکانی تەلارسازی مزگەوت

مزگەوتی دارولئیحسانی سنە یەکێک لە پڕبایەخترین بینا مێژووییەکانی کوردستانە کە هونەری ساز کردن و جوانکارییەکانی گرینگی زۆری هەیە. لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەم مزگەوتە کەڵک وەرگرتن لە باشترین کەرەستەکانی بیناسازی و ڕازاندنەوەی تایبەت وەکوو کاشی کاری جوان و بەرچاوە.

لە سەر دیوارەکانی ئەم مزگەوتە ئایەتی قورئان نووسراوە و شێوەیەکی زۆر بەرچاو و سەرنج ڕاکێشی هەیە. هەروەها شیعری شاعیرانێک وەکوو میرزا فەتحوڵا خۆڕەم کوردستانی لە سەر بەردی مەڕمەڕ نوسراوەتەوە. هەروەها جگە لە قورئان، بەرهەمی شاعیرانێک وەکوو مەجدولمەمالیک، جەوهەری و میرزا سادق ئیسفەهانی لە سەر دیوارەکانی ئەم مزگەوتە دەبینرێت.

مزگەوتی جامیعە، مەکتەبی ناودارانی کورد

ئەم مزگەوتە وەکوو قوتابخانەی ئایینی کەڵکی لێ وەرگیراوە و تێدا 12 حوجرە بۆ فێرخوازانی ئایینی بینا کرابوو کە ئەو شوێنانەش بە شێوەیەکی جوان ڕازاونەتەوە. مزگەوتی جامیعە بۆتە مەکتەبی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیران و نووسەران و ماموستایانی ئایینی ئەو سەردەمە و تەنانەت لە وڵاتانیترەوە بە مەبەستی فێربوون سەردانی ئەم مزگەوتەیان کردووە.

ئەم مزگەوتە ساڵانێکە وەکوو شوێنێکی گەشتیاری سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە و هەموو کات میوانداری گەشتیاران و هۆگرانی مێژوو و ئایین بووە و پێویستە زیاتر بناسێندرێت و ڕێگا بۆ گەشتیاران و سەردانی ئەو شوێنە لە لایەن خەڵکەوە خۆش بکرێت.

 

News Code 36300

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =