ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر سەرەتای هەفتەی داهاتوو واژۆ دەکرێت

سەرچاوەیەکی پەڕلەمانی ڕایگەیاند کە لایەنە شیعەکان لە هەڵوێستە توندەکانیان بەرامبەر هەرێم پاشەکشەیانکردوە، له‌به‌رامبه‌ریشدا باس له‌وه‌ده‌كرێت، لایەنی کوردیش بەدەم داواکارییەکانی لیژنەی داراییەوە چوون.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەرێم ڕازیی بووە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەستی بەغدا بکات ‌و ڕۆژانەش 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بەمەرجێک لایەنە شیعییەکان بەڵێن بدەن کە لەماوەی ئەمساڵدا دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای نەوت‌ و گاز بدرێت تاوەکو لە بودجەکانی داهاتوودا ئەو گرفتانە دوبارە نەبنەوە کە ساڵانە لەنێوان هەرێم‌ و بەغدا ڕوودەدەن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌فه‌رمى حكومه‌تى هه‌رێم ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى بداته‌ ده‌ستى به‌غدا و سووره‌ له‌سه‌ر داواكاریه‌كانى خۆى كه‌ پێدانى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ به‌سۆمۆ له‌گه‌ڵ پێدانى 50%ى داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانى دیكه‌ به‌به‌غدا.

لەوچوارچێوەیەدا بەیار تاهیر پەڕلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکردوە، هەرێم ‌و بەغدا زۆر لەیەکتر نزیک بوونەتەوە و پێش بینی دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتنی نێوان هەرێم‌ و بەغدا واژۆ بکرێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتویه‌تى:"لەگەڵ ئەوەی هێشتا لایەنە سیاسییە شیعییەکان لەسەر هەڵوێستەکان لەبەرامبەر پشکی هەرێم سوورن، بەڵام کرانەوەیەک لەگفتوگۆکانی نێوان هەردوولادا دروست بووە، بەتایبەت لەسەر بڕگەی 11 کە کڕۆکی ناکۆکییەکانی نێوان هەردولایە".

بەوته‌ى پەرلەمانتارەکەی پارتی، "ئەگەر دۆخەکە بەو جۆرە بڕواتەپێش، ئەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەردوولا دەگەنە ڕێککەوتن‌ و پشکی هەرێمیش لەناو بودجەدا جێگیر دەکرێت".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ سیهام موسەی ئەندامی لیژنەی دارایی لەلێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیدا وتویه‌تى:"بڕگەی تایبەت بەدانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم، ئاستەنگی بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا دروستکردوە".

موسەوی ئاماژەی بەوەشکردوە، خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوولا لەسەرئەو بڕە نەوتەیە کە دەبێت هەرێم ڕادەستی بەغدای بکات، لەگەڵ ئەو لایەنەی کە دەبێت قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لەئەستۆ بگرێت، هەرچی لایەنی کوردییە سورن لەسەرئەوەی دەبێت ئەو ڕێککەوتننامەی پێشوتر لەنێوان هەرێم‌و بەغدا کراون بکرێنە بنەما بۆ ڕێککەوتنەکانی ئێستا، کە ئەوە لەلایەن کوتلە سیاسییە شیعییەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

News Code 36184

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 3 =