بەختەوەری شووشەیی/ خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی هاوسەرگیری قورس

لە ئەم ڕاپۆرتەدا دەمانەوێت کاریگەری هەندێک فەرهەنگی نەشیاو لەسەر کەم بوونەوەی رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی گەنجان لە کۆمەڵگادا بخەینە بەر باسەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر , بەشی کەلتوور و فەرهەنگ:  پێکهێنانی ژیانی هاوبەش هەر لە سەرەتای بوونی مرۆڤەوە یەکێک لە بنەماكانی ژیان بووە، بەڵام لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بە پێی فەرهەنگی تایبەتی خۆیان بە شێوازی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت. هەر فەرهەنگێک لە سەرتاسەری جیهاندا ڕێوڕەسم و داب ونەریتێکی تایبەتی هەیە بۆ دەستپێکردنی ژیانی هاوبەش. ئەوە شتێکی ئاساییە کە ئێمەش وەکوو کۆمەڵگای کوردەواری دابونەریتی خۆمان هەبێت بۆ دەسپێکردنی ژیانی هاوبەش.

بەڵام بە هۆی گەشەی تەکنۆلۆژیا و بە واتایەک  بچووک بوونەوەی جیهان لە ئاستی گوندێکدا مرۆڤەکان فەرهەنگی زیاتر دەبینن و لەگەڵ کەسانی زیاتر بە فەرهەنگی جیاوازترەوە پێوەندی دەگرن و بەدڵنیاییەوە هەر ئەو باسە کاریگەری زۆر لە سەر لایەنەکانی ژیان لەوانە شێوەی هاوسەرگیری کاریگەری داناوە و دادەنێت.

شێوەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ڕابردوودا

ئەگەر قسەی کەسە بەساڵاچووەکانی ناو کۆمەڵگا گوێ بگرین یان کتێبە کۆنەکان بخوێنینەوە و تەنانەت هەندێک فیلمی چەند ساڵی لەمەوپێش ببینین ئەوە بە ڕاشکاوی دەکەوێتە بەر چاومانەوە کە ژیانی ئێمە و کۆمەڵگا هەر لە شێوەی بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی خوازبێنیەوە بگرە هەتاکوو مارەبڕین و ئاهەنگی شایی چەندە گۆڕانی بە سەردا هاتووە کە لە ڕاستیدا زۆربەیان بە هۆی نامۆ بوونی ئەو فەرهەنگە نوێیەوە لەگەڵ فەرهەنگی ئێمە بوونەتە هۆی کێشە بۆ ژیانە هاوبەشەکان تا هۆی پێشکەوتنیان و بەری بە هاوسەرگیری گەنجان گرتووە و زەواج نەکردنی گەنجانیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەکاتەوە.

لە ئەم نێوانەدا دۆخی ئابووری کۆمەڵگا کاریگەری هەرە زۆری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ دادەنیت. لە ئێستاشدا دۆخی ئابووری کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کوردستانیش بەتایبەتی بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە کە ئێستا مەبەستمان نییە شی بکەینەوە تووشی قەیران بووە، بەڵام ئاستی چاوەڕوانی کچان و کوڕان بەتایبەتی کچانیش هەر بەو خێراییە دەچێتە سەرەوە.

پێشتر بە پێی دابونەریت ڕێورەسمێکی کوڵ و کورت بۆ خوازبێنی و هەروەها مارەبڕین و تەنانەت ئاهەنگی شایی دەخرایە ڕێ و کەسەکان بە ئەو پەڕی خۆشەویستی و دۆستایەتییەوە ئاهەنگەکەیان دەگێڕا و دەچوونە نێو ماڵی هاوبەشیان و بە ساکاریترین کەلوپەلی ناوماڵ ژیانیان دەستپێدەکرد و ڕایاندەبوارد.

ئاسایی بوو کە بە کەمترین ئاستی کڕینی زێڕ(وەکوو نەریتێک کە زاوا بۆ بووکی دەکڕێت) و یان بە دانانی کەمترین ئاستی مارەیی (وەکوو ئەوەی کە ئایینی ئیسلام لەسەر زاوای داناوە کە بە بووکی بدات) یان بە کڕینی کەمترین و ساکارترین کەلوپەل ژیان دەست پێبکرێت بەڵام ئێستا مۆد و چاو لە خەڵک کردن وای کردووە کە زۆر کەس  ناتوانێ ژیانی هاوسەری پێکبێنێت.

کاریگەری سەرمایەداری لە سەر ژیانی هاوبەش

 لە سەردەمی ئێستادا بەهۆی پەرەسەندنی بیری سەرمایەداری و چوونە سەرەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکان، ئەو دابونەریتە کە پێشتر باس کرا گۆردراوە و کەسەکان چاوەڕوانی دەکەن کە زیاترین کێشی زێڕ بکڕدرێت یان زیاترین ئاستی مارەیی دابنرێت و بەربڵاوترین ئاهەنگی شایی بگێڕدرێت و بەنرخترین کەلوپەلی ناوماڵ بکڕدرێت و لە نێو ماڵی ئەوتۆدا ژیان بکرێت.

ئەگەرچی لە ڕاستیدا ئەوە نە زێڕ و نە مارەیی و نە کەلوپەلە کە دەتوانێت گەنجان بەختەوەر بکات، بەڵکوو ئەوە عەشق و خۆشەویستی و ناسینی ڕاستەقینە کەسە بەرانبەرەکەت و بەئەمەگ بوون و تێگەییشتن لە بنەڕەتی ژیانی هاوبەش و دەست نیشان کردنی ئامانجەکان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشە دەتوانێت بەختەوەری ڕاستەقینە بداتە کەسەکان. هەر ئەو ڕوانینە هەڵەیەش بووەتە هۆی ئەوەی کە گەنجان خۆیان ببوێرن لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، چونکوو لە باری ئابوورییەوە ناتوانن چاوەڕوانییەکانی خۆیان و ئەوەش کە بڕیارە ببێتە هاوژینیان دابین بکەن.

ئەوە ئاساییە کە جیهانی سەرمایەداری هەوڵ بدات بۆ پەرەپێدانی بیرەکەی خۆی و لە ئەنجامدا فرۆشی زیاتری کەلوپەلەکانی خۆی بەڵام ئەوە ئێمە و کۆمەڵگای ئێمەیە کە دەبێ شان بەشانی ئەو بیرە لە هەوڵی گەشەی فەرهەنگی خۆجەیی خۆمان و زیاتر لە هەموو شتێک بەرز کردنەوەی ئاستی خوێندنی ڕاستەقینە(نە وەک تەنیا بەڵگەیەک) بین تا بتوانین بە ڕوانینێکی ئاوەڵاتر بەستێن بۆ بەختەوەری گەنجانی کۆمەڵگا دروست بکەین.

ئەگەر بە ئاوها ڕوانینێکی قووڵەوە ژیانی هاوبەش پێک بێت بنەمای ژیانەکان پتەوتریش دەبێتەوە و لە ڕاستیدا ڕێژەی تەڵاق و گەندەڵی و خەیانەتیش کەمتر دەبێتەوە و گرینگتر لە هەموویان ئەوەیە کە ئەو بنەماڵەگەلە دەتوانن منداڵێک پەروەردە بکەن کە لە هەموو بوارێکەوە تەندروست بێت و وردە وردە کۆمەڵگا دۆخێکی باشتر پەیدا بکات و هەنگاو و هەوڵی زیاتر بنرێت بۆ پێشکەوتن و کەم کردنەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان.

News Code 36094

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 9 =