ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاسایشی ئێرانە/ ئەمریکا خەڵکی عێراقی خۆش ناوێت

سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە دواهەمین ڕۆژی سەفەری خۆی بۆ عێراق لە دیدار گەڵ هوشیار زێباری، نێردراوی تایبەتی مەسعود بارزانی، وتی: هێمنی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان هێمنی و ئاسایشی ئێمەیە.

بە پێی هەواڵی مێهر، ئایەتوڵڵا ئیبراهیم ڕەییسی لەم دیدارەدا وتی: متمانە کردن بە ئەمریکییەکان هەڵەیە چونکوو ئەوان خەڵکی عێراق یان هەرێمیان خۆش ناوێت و داڵغەی ئاسایشی خەڵکی عێراقیان نییە.

ناوبراو پێوەندی کوردەکان و ئێرانی پێوەندییەکی قووڵ و بنەڕەتی زانی و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ئاواتی ئەوەیە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و هێمنایەتیدا بژین و ئەو ڕۆژانەی کوردستانی عێراق کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی داعش، خەڵکی ئێران پێیان وابوو ماڵ و حاڵی خۆیان تاڵان کراوە.

ئێران ئاواتی  ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە ئەمن و ئاسایشدا بێت

ئایەتۆڵا ڕەییسی بە ئاماژە بەوەی کە هێمنی و ئاسایشی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرینگە، داکۆکی کرد: بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە هۆی شێواندنی ناوچە و ئاسایشی خەڵکە و تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەوێ سەقامیان گرتووە و بڕوا کردن بەوان هەڵەیە.

سەرۆکی دەزگای داد ڕوونی کردەوە: ئێمە وەکوو کۆماری ئیسلامی ئێران پێمان خۆشە هەموو گرووپە کوردەکان یەکگرتوو بن و هەموو دووبەرەکی و دژایەتییەکان چارەسەر بکەن.

ناوبراو داوای لە بەرپرسە عێراقییەکانیش کرد تاوانبارە دەربازبووەکان بۆ هەرێمی کوردستان ڕادەستی ئێران بکەنەوە چونکوو ئەوان ماڵی خەڵکیان تاڵان کردووە و بۆ کوردستانی عێراق دەرباز بوون و ئێوە نابێ ئیزنی مانەوەی تاوانباران لە وڵاتەکەتان بدەن.

ئێران یەکەم وڵاتێک بوو بۆ شکستی هێنان بە داعش یارمەتی خەڵکی عێراقی دا

هوشیار زێباری، نێردراوی تایبەتی مەسعوود بارزانیش لەم دیدارەدا وێڕای ئاماژە بە  خاڵە هاوبەشەکانی بواری مێژوو و فەرهەنگی ئێرانی و عێراقییەکان، وتیشی: ئێران یەکەم وڵاتێک بوو بۆ بەرەنگاری لە گەڵ داعش یارمەتی خەڵکی عێراقی دا.

ئەو ڕایگەیاند: من و باڵوێزی ئێران لە عێراق بینەری یارمەتی شەهید سولەیمانی بۆ بەرەنگاری لە گەڵ داعش بووین و هەرگیز لەبیری ناکەین.

زێباری ئامادەیی هەرێمی کوردستانی عێراقی بۆ ڕادەست کردنەوەی تاوانبارە دەربازبووە ئێرانییەکان بە دەزگای دادی ئێران ڕاگەیاند و وتی: ئامادەین هاوکاری تەواومان لە بوارەدا لە گەڵ ئێران ببێت.

News Code 35994

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 7 =