سەقز، شاری مێژوویی و کەونارەی کوردستان

سەقز دووهەمین شاری گەورەی کوردستانە کە لە سەر دوو تەپۆڵکەی درێژ کە ڕۆخانەیەک لە نێوانیاندا تێدەپەڕێ، بنیات نراوە و بە هۆی ئاسەوارە کەونارەکانی وەکوو شارێکی مێژوویی دەناسرێت.

بە پێی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەقز لە ناوچەیەکی شاخاوی و بەرز لە نێوان بەرزاییەکانی زاگرۆسدایە و مەودای تا شاری سنە 190 کیلۆمەترە.

زۆر کەس پێیان وایە هۆی ناونانی سەقز لە سەر ئەم شارە ئەوەیە کە ئەو شوێنە لە هۆزی سەکا بەجێ ماوە کە لە مێژوودا بە زۆری ناویان لێ براوە بەڵام هەندێ کەسیترپێیان وایە ناوی سەقز لە ناوی سیاکسار وەرگیراوە کە یەکێک لە ئەمیرەکانی مادە و یۆنانییەکان پێیان وتووە سیاکس.

سەقز شارێکی مێژووییە و لە هەندێ سەرچاوەدا باس لەەوە کراوە کە ئەو شارە لە سەردەمی سەفەوییەدا ناوەندی بازرگانی و داوپسەتی ئێران بووە. هەندێ شوێنی مێژوویی لەو شارەدا هەن کە کۆن بوونی دەسەلمێنن وەکوو غاری کەرەفتوو، قەڵای زیوییە، مزگەوتی دوو منارە، حەمامی حاجی ساڵح، مزگەوتی تورجان، کاروانسەرای تاجوانچی، بازاڕی سەقز و قورئانی مێژوویی مەولاناوا.

زیویە، قەڵای مێژوویی سەقز ئاسەواری بەجێ ماوی سەردەمی مادەکان

زیویە یەکێک لە شوێنە گرینگەکانی ئەو شارەیە کە وەکوو سەمبۆلی مێژوویی بوون دەناسرێت و گەشتیارانێکی زۆر سەردانی دەکەن. مێژوونووسان پێیان وابووە کە قەڵای زیویە هی سەدەی نۆهەم تا حەوتەمی پێش زایینە.لە درێژەی لێکۆڵینەوەی کۆنینەناسان لە ناوچەی مێژوویی زیویە، قەڵایەک دەرکەوت کە بە هۆی بەرزبوونی زۆری، بە سەر دیکەی دەڤەرەکانی ئەو ناوچەدا زاڵە و یەکێک لە پڕبایەخترین ئاسەوارە بە جێ ماوەکانی سەردەمی مادەکانە.

ساڵی 1325 بە هۆی با و بارانی زۆر، بەشێک لە تەپەی زیویە ڕووخا و بووە هۆی ئەوەی گەنجینە پڕبایەخەکانی دەرکەوێت. یەکەم لێکۆڵینەوەکان لە لایەن کۆنینەناسێکی جوولەکە بەڕێوە چوو و کە لە ماوەی 8 ساڵ کەندن و لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو شوێنە مێژووییە، خەساری زۆری بە سەر ناوچەکەدا هێنا وزۆربەی ئەو ئاسەوارانە لەو شوێنە دەری هێنا، بە مەبەستی فرۆشتن و بازرگانی کردن بۆ دەرەوەی وڵات گوێزرایەوە کە بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە تاوتی بوڕونز بکەین کە زۆر شتی پڕبایەخی تێدا بوو.

یەکەمین کەندن و لێکۆڵینەوە کارناسانە و بنەماییەکان لەم ناوچە بۆ ساڵی 1354 دەگەڕێتەوە کە لە سەر دەستی نەسرٶڵا موعتەمیدی کۆنینەناسی ئێرانی بەڕێوەچوو کە تا ساڵی 1373 درێژەی هەبوو. لە ساڵەکانی 1354 تا 1380 خوێندنەوەی باش لە سەر ئەم شوێنە ئەنجام بوو کە بووە هۆی ناسینی باشتری مێژووی زیویە و ئاسەوارێکی گرینگ دەرکەوت کە لەوانە دەبێ ئاماژە بۆ عاجی فێڵ بکەین کە شتیتری لە سەر کێشرا بوو.

زیویە بە باشی ناپارێزرێت

بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی قەڵای زیویە شوێنێکی گرینگی مێژووییە و هەمیشە گەشتیاری زۆری بە خۆیەوە بینیوە و هەر ئەوەش بەرژەوەندی باشی بۆ شارەکە و بە گشتی پارێزگا دەبێت بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بە باشی نەپارێزراوە و دەبینین کە ئەم قەڵا مێژووییە بەرەو لەناوچوون دەچێت.

گەرچی زیویە گرینگترین و بەناوبانگترین شوێنی مێژوویی شاری سەقزە بەڵام ئەم شارە کێو و ناوچەی سروشتی زۆری هەیە کە دەتوانین ئاماژە بکەین بۆ کێوی نەکەرۆز، کێوی سوڵتان، کێوی عەبدولڕەزاق، کێوی خان و وەزنە، کێوی جاقول و کێوی وەنەوشە بکەین.

گۆلی لەگزی، پیستی ئیسکی، پیستی سەیارە و مۆتۆر و پیستی ئەسپ سواری لە دیکەی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو شارە مێژووییەن.

هەروا کە پێشتر ئاماژەی بۆ کرا سەقز شارێکی کۆنە و خەڵکی ئەوێ بە هۆی بیروبڕوای قووڵیان مزگەوتی زۆریان ساز کردووە و لە بەراوەرد لە گەڵ شارەکانیتری کوردستان مزگەوت و خانە‌قای زۆریان هەیە. خانەقای نەقشبەندییە لە بازاڕی سەقز، مزگەوتی ناسراو بە مزگەوتی دوو منارە، مزگەوتی شێخ مەزهەر، مزگەوت و خانەقای شێخ مستەفا، مزگەوت و خانەقای شێخ عوسمان، تەکیەی باباشێخ، تەکیەی شێخ عەبدولکەریم و ... تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو شوێنە پیرۆزە ئایینیانەی شاری سەقزن.

سەقز بە بازاڕە ڕينگاوڕەنگەکانیشی ناسراوە و ناوبانگی دەرکردووە کە هەموو کات شوێنێکی باش و دڵخوازە بۆ کڕینی هەموو جۆرە کەلوپەلێک و بە تایبەت جلی کوردی وهەر ئەوەش دەتوانێ هۆکاری سەرنج ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ئەم شارە بێت.

گەرچی ئەم شارە شوێنی تایبەتی زۆری هەیە بەڵام لە هەندێ ڕووەوە کەمایەسی زۆریشی هەیە بۆ وێنە کەم بوونی شوێنە فەرهەنگییەکان و بەتایبەت مۆزە کە بۆ شارێکی مێژوویی پێویستە.

News Code 35741

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 2 =