کاتێک هەرێمی کوردستان کەرەستەی بۆ شەڕی داعش نەبوو، ئێران یارمەتی دا

کارناسێکی سیاسی کورد دەڵێت: کاتێ هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی کەرەستەی سەربازیەوە ئەو توانایەی نەبوو بەتەنیا ڕوبەڕوی داعش ببێتەوە، ئێران یەکەم وڵات بوو یارمەتی دا.

ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە ساڵوگەڕی شەهادەتی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران نزیک دەبینەوە. ژنڕاڵێکی گەورەی ئێرانی کە دۆست و دوژمن دەیانزانی چەند بوێر و دلێرە.

ئەو پیاوە نەترسە بە فەرمانی سەرۆک کۆماری وڵاتێک تیرۆر کرا کە پاڵپشتی هەمیشەیی تیرۆریستانە و بە دروست کردنی ئەلقاعیدە و تاڵەبان و لەم دواییانەشدا داعش، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی پڕکردووە لە شەڕ و ئاژاوە، تاکوو بتوانێ دزەی سیاسی و ئابووری و سەربازی لەم ناوچەیەدا بکات و هەموو سەروەت و سامانی وڵاتانی ئەم دەڤەرە تاڵان بکات.

لە کاتی سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سووریا، ئێران پشتی وڵاتانی دراوسێی خۆی بەر نەدا و چووە مەیدانی شەڕی تیرۆریزم و یارمەتی عێراق و سووریا و هەرێمی کوردستانی دا بۆ  باس لە کاریگەریی وڕۆڵی سەردار سولەیمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆڕینی هاوکێسەکانی شەڕ لە گەڵ داعش لە گەڵ کارناسێکی سیاسی کوردی عێراق قسە دەکەین.

دڵشاد نامێق فەرەج، کارناسی سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە دیمانە لە گەڵ هەواڵنێری مێهر لە ساڵوەگەڕی شەهادەتی سەردار حاجی قاسم سولەیمانی ، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێی کوردستان و یارمەتیە بێ درێغەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی:  ڕێکخراوی داعش لەو کاتەدا مەترسی بوو لەسەر تەواوی جیهان بەگشتی ولەسەر وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی، زیاتریش لەسەر دەوڵەتی عێراق وهەرێمی کوردستان، ئێران یارمەتی هەرێمی دا.

وتیشی: بێگومان لەو کاتەدا هەرێمی کوردستان وهێزی پێشمەرگە ئەرکێکی سەختی کەوتە سەرشان کاتێك ئەم ڕێکخراوە بەشێك لە خاکی هەرێمی داگیرکرد لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لەڕوی کەرەستەی سەربازیەوە ئەو توانایەی نەبوو بەتەنها ڕوبەڕوی داعش ببێتەوە، چونکە داعش پڕچەك بوو لەو چەکوچۆڵەی لە سوپای تێکشکاوی عێراق و بەشێک لە سوپای سووریا دەستی کەوتبوو، و هەرێم لە ژێر گەمارۆی عێراقدا بوو، حکومەتی عێراق وەك پێویست هاوکاری سەربازی لەگەڵ هەرێمدا نەدەکرد، بۆیە سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمیش ناچاربوون داوا لە دۆستاتی خۆیان بکەن بەهانایانەوە بێن ولەو شەڕەدا کۆمەکیان بکەن.

دڵشاد نامێق زیادی کرد: بێگومان کۆماری ئیسلامی ئێرانیش یەکێكە لە دەوڵەتانی دراوسێی عێراق وهەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکی لەمێژینە هەیە لە نێوان کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیدا و داعشیش دوژمنی هاوبەشی هەردوولایان بووە و هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرا کە ئێران وەك هاوبەشێکی گرنگ لە هەرێم بڕوانێت و هاوکاری بێت لەو جەنگەدا، هەر وایشبوو کە ئێران هاوکاری دەوڵەتی عێراق و هاوکاری هەرێمی کوردستانیشی کرد.

ئاسایشی ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەستە بەیەکترەوە

ئەو کارناسە سیاسییەی هەرێمی کوردستان لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی ئێران ئەوەندە بە گرینگیەوە دەڕوانێتە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:  لە ڕاستیدا کەوتنی هەرێمی کوردستان ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیشی ڕووبەڕووی مەترسی دەکردەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لەوەتەی دروستبووە هەوڵیداوە دراوسێیەکی باش بێت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و نەیویستووە ببێتە مایەی زیانگەیاندن بە ئێران و ئێران زووتر لە وڵاتانی تر واقیعی دەستووری و کیانی هەرێمی کوردستانی لە عێراقی نوێدا قبووڵ کرد و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ قەوارەی هەرێم بنیاتنا و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی لە هەرێم کردەوە، ئەمە وێڕای کردنەوەی نوێنەراتی حکومەتی هەرێمیش لە ئێران.

ئەوەشی وت کە ڕۆڵی هاوکارییەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی سیاسیەوە دەچێتە چوارچێوەی ستراتیژی هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر وهێزە تەکفیریەکان، و هەمانگی هەمەلایەنە لەپێناو سەقامگیری ناوچەکە وبەردەوامی پەیوەندی دۆستانە.هەرێمی کوردستانیش بەشێکی گرنگە لە پاراستنی ئەو سەقامگیریە هەرێمایەتیەدا و خشتێکی گرنگی بینایەکەیە، کە ڕۆڵ دەگێڕێت و پێگەیەکی وەهای هەیە کە نابێت نادیدە بگیرێت.

 ئەمریکا لە عێراق نەیتوانیوە ڕوانگەی هەرێمی کوردستان بۆ  پەیوەندی لەگەڵ ئێران لاواز بکات

ئاماژە بەوەش دەکات کە ململانێکانی ئەمریکا و ئێران، هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە بەشێك نەبێت لەو ململانێیانە، و بەئاشکرا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئێران وەك دراوسێیەکی گرنگ تەماشا دەکات و ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی ئێران و هیچ وڵاتێکی تری دراوسێی لە خاکی هەرێمەوە هەڕەشەی لێ بکرێت، بۆیە سەرەڕای هەبوونی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراقدا لە دوای ٢٠٠٣ ودوای هاتنی داعشیش، بەڵام هەمیشە وەفد و شاندە دیبلۆماسی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناو هەرێمی کوردستاندا پارێزراو بوون و ڕووبەڕووی مەترسی نەبوونەتەوە، و  بە هەمان شێوە شاندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکایش لە هەرێم لەلایەن ئێرانەوە زیانیان پێ نەگەیەنراوە، بۆیە هیچ کات هەبوونی ئەمریکا لە عێراق نەیتوانیوە ڕوانگەی هەرێمی کوردستان بۆ هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئێران لاواز بکات، کە بنەماکەی ڕێزگرتنی سەروەری دولایەنە وهەماهەنگی هاوسەنگە، بە پێچەوانەیشەوە پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕووبوونەوەی داعش لەسەر حسابی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا نەبووە، بەڵکوو هەموو بەهێزبوونێکی هەرێمی کوردستان مایەی ئارامی سنوورەکانی دەوڵەتانی دراوسێی بووە بە کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە، هەر بۆیە ئەو کۆمەک و بەدەمەوەهاتنەی دەوڵەتانی دنیا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق لەشەڕی داعشدا، حکومەتی هەرێم خستنیە خزمەتی ئارامی ناوچەکەوە بەگشتی و دەستبەرداری ڕوانگەی خۆی نەبوو بۆ مانەوەی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش بۆ هەردوولا و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گشت پێکهاتەکانی عێراق و سەروەری بڕیاری سیاسی عێراق.

هەرێمی کوردستان نیگەران بوو بە شەهید کرانی سەردار سولەیمانی

ئەو کارناسە  زیادی کرد: هەرێمی کوردستان لە گرژی وململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەمیشە ویستویەتی کاراکتەری خێر وئاشتی بێت، بەڵام ئەوەیشی ڕەچاو کردوە کە ئێران دراوسێیەتی وڕۆڵەکەیی لەبەرچاوگرتووە، بۆیە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر(حاجی قاسمی سولێمانی)، هەرێمی کوردستان نیگەرانی دەربڕی و لەسەر ئاستی ڕەسمی حکومی و حیزبی پرسەنامە و هاوخەمی بۆ ئێران دەربڕی، وە بەڕاشکاوی ئەوەی دوپاتکردەوە نابێت عێراق بکرێتە مەیدانی شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا، سەرەڕای ئەوەی بەشاندی ڕەسمی بەشداری مەراسیمەکانی پرسەی کرد کە لەکوردستان بەڕێوەچوون.

پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە ئاستێکی گرنگدایە

جەختیشی کرد: ئەمانە هەمووی پێمان دەڵێت پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە ئاستێکی گرنگدایە و پێویستە هەردوولا بایەخی ئەو پەیوەندییانە بەباشی بزانن و باشتر هەوڵی هەماهەنگی وکاری پێکەوەیی بدەن لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە ، چونکە ئێستا ئێران خاوەنی پێگەیە لە عێراقدا بۆیە هەرێم چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئێران کاراکتەری خێربێت لە هاندانی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ئەوەی شایستەی دارایی ومافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن و ڕێگە نەدەن جارێکی تر نائارامی و ململانێ وڵاتەکە بگرێتەوە، و ئەم جارە هاووڵاتی وخاکی هەرێمی کوردستان نەبنە قوربانی سیاسەتی چەوساندنەوەی حکوومەتی عێراقی کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ نائارامی و دواجاریش تێکچوونی سەقامگیری عێراق و نەمانی متمانەی نێوان پێکهاتەکان، ئەمە وێڕای زیندوبوونەوەی بیری توندڕەوی.چونکە بەدرێژایی مێژوو ئەم هەرێمە توشی چەندین کارەسات وهێرشی هاوشێوەی داعش بووەتەوە، زۆر جاریش خەڵکەکەی ناچار بە ئاوارەبوون و کۆچکردن ڕووە و کۆماری ئیسلامی ئێران بوون.

عێراق لە ڕووی سەروەری و جێبەجێکردنی یاسا و پابەندییە نێو دەوڵەتییەکانەوە تەواو نوقستانە

ئەوەشی وت کە من لەو باوەڕەدام عێراق لەڕوی سەروەری و جێبەجێکردنی یاسا و پابەندیە نێو دەوڵەتیەکانەوە تەواو نوقستان وبێ دەسەڵاتە و ناتوانێ پارێزگاری لە ئاسمان و سەروەری خۆی بکات، بۆیە زۆر جار کەسایەتیە دیبلۆماسیەکانیش بوونەتە قوربانیی ئەو لاوازی وبێ دەسەڵاتیەی دەوڵەتی عێراق، پێشتر ڕووسیا بەبێ پرس ئاسمانی عێراقی کردە ڕاڕەوی مووشەکەکانی خۆی بەرەو سووریا، تورکیا ڕۆژانە ئاسمانەکەی دەبەزێنێ لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە بەناوی لێدان لەپەکەکەوە، پەکەکە بەشێک لە خاکی عێراقی لەژێر دەستایە و جوکمی تێیدا دەکات... عێراق بێ دەنگە وناتوانێ جووڵەیەك بکات، بۆیە هێرشی سەر ڕەحمەتی (حاجی قاسم سولەیمانی)یش هەر نیشانەی ئەو لاوازی و بێ دەسەڵاتییەی عێراقە بەسەر ئاسمان وخاکی خۆیدا، کە ناتوانێت لەو هێزانە بپێچێتەوە کە سەروەریەکەی پێشیل دەکەن وحورمەتی دەوڵەتەکەی دەشکێنن، ئەمەیش هۆکاری خۆیی هەیە کە گرنگترینیان ئەوەیە دەسەڵات لە عێراقدا تەمسیلی ڕاستەقینەی گشت پێکهاتەکانی عێراق ناکات و بەڵکوو پێکهاتەیەکی دیاریکراو زاڵە ونەیتوانیوە سۆزی ئەوانی تر بۆ خۆی و دەوڵەتەکەیش دەستەبەر بکات.

کۆمەڵگای ڕووناکبیری عێراق و دەوڵەتی عێراق پێویستە پێش هەموو شت هەوڵی گێڕانەوەی متمانەی پێکهاتەکانی عێراق بدەن، دەوڵەتی عێراق ببێتە دەوڵەتی هەموان بۆ ئەوەی سەروەری وپیرۆزیەکانیشی لەلایەن هەموانەوە پارێزگاری لێ بکرێت ونەهێڵرێت ببێتە جێگای پێشێلکاری وبەزاندن، کارێك بکرێت سەروەری عێراق لە ئاستی گشت دەوڵەتاندا پارێزراوبێت.

News Code 35286

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha