بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرۆک کۆماری عێراق و باڵیۆزی ئێران لەبەغداد لە کۆبونەوەیەکدا پرسی پەیوەندییەکانی بەغداد-تاران و هەماهەنگی لەو بوارانەدا کە لەخزمەتی گەلانی هەردولادایە تاوتوێ کرد.
راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک بەرهەم ساڵح لەکۆشکی سەلام پێشوازی ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کردووە و پرسی پەیوەندییەکانی بەغداد-تاران و چۆنییەتی بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە و فراوانکردنیان لەسەرجەم بوارەکاندا تاوتوێ کراون.
سەرۆک بەرهەم لەو دیدارەدا رایگەیاند، ئیدانەی تیرۆری موحسین فەخریزادە زانای دیاری ئێران دەکەن و "بەپێویستی دەزانن هەموان کاربکەن بۆ رێگریکردن لە دروستبونی گرژی و پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق هەموو جۆرە کردەوەیەکی توندوتیژی رەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە هێنانەکایەی ئاشتی و پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە عێراق باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی پشتیوانی لەئاسایش و ئارامی عێراق دەکات و هەروەها جەخت لەپەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردولا گەلی دۆست و دراوسێ دەکاتەوە.
بۆچوونی ئێوە