هاتنی بایدن کاریگەریی جەوهەری لە سەر پرسی کورد لە ناوچەکە نابێت

عوسمان گوڵپی، کارناسی پرسە سیاسییەکانی عێراق پێیوایە کە سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر کورد تاکتیکیە نەک ستراتێژیک و هاتنی بایدن کاریگەریی لاوەکی دەبێت نەک جەوهەری.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی : عوسمان گوڵپی لە دیمانەیەکی تایبەت لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهر ، لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەرکەوتنی جۆبایدن لە ئەمریکا و کاریگەریی ئەم هەڵبژاردنە لە سەر پرسی کورد لە ناوچەکە، وتی: ئەمریكا وەك یەك پاكێج مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكات، وە هاتن و ڕۆشتنی سەرۆكەكانی ئەمریكا گۆڕانكاری زۆر گەورە لە سیاسەتێ دەرەوەیاندا دروست ناكات .

وتیشی: هاتنی بایدن لە شوێنی ترامپ، كاریگەریەكی لاوەكی دەبێت نەك جەوهەری، بەڵام ئەوەی كە ئێمە پێمان وابێت جیاوازییەكە زۆرە و گۆرانكاری دەكات نەخێر.

عوسمان گوڵپی ڕایگەیاند: سەبارەت بە كورد بە گشتی، بەڕای من لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا ستراتیژیەتێك نیە كە كورد تیایدا چەق بێت یان بابڵێین پاكێجێك هەبێت كە تایبەتبێت بەكورد، چونكە ئەمریكا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی سیاسەتی خۆیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵە لەگەل كورد دەكات. 

ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەمریکا بەرژەوەندی خۆی چۆنی خواست ئاوا مامەڵەی لەگەڵ دەكات، بۆیە دەكرێت ئەمڕۆ پشتیوانبێت و سبەی پشتت بەر بدات، یان لەگەڵ بەشێک دۆستبێت و لەگەڵ بەشێکی تر دژ، هەر بۆیە هاتنی بایدنیش درێژكراوەی هەمان سیاسەتە، چونكە ستراتیژی ئەوان بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە نەك گەلانی ناوچەكە.

ئەو کارناسە سەبارەت بە کاریگەری هاتنی بایدن بۆ کۆشکی سپی و پەیوەندی لە گەڵ دۆزی کوردی سووریا جەختی کرد کە مامەڵەكردن لەگەڵ كوردانی سوریە، لە ژێر كاریگەری چەند شتێكدایە لەوانە، ڕادەی نزیكی و دووری ئەمریكاو توركیا كاریگەری هەیە، ڕێككەوتنەكان و سیاسەتی ڕووسیاو ئەمریكا كاریگەری هەیە، چونكە لەوێ جەنگەكە بەشێكی ئابووریە، بۆیە هیوادارم بایدن وەك كارتی فشار مامەڵە لەگەڵ كوردانی سوریە نەكات.

لە کۆتاییشدا وتی:  من هیوادارم بایدن بە جۆرێك سیاسەتی دەرەوە دابڕێژێتەوە كە ئارامی زیاتر بۆ ناوچەكە بگێڕێتەوە و كاریگەری لەسەر ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت.

News Code 34733

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 7 =