سێ پۆل توێژەری کورد

سەرۆکی بەشی ئەدەب و وێژەی کوردی زانکۆ کوردستان پێی وایە سێ دەستە تۆێژەری کورد لە بواری ئەدەب دا بوونی هەیە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر, بەشی فەرهەنگ و هەونەر- دوکتۆر بەختیار سەجادی: توێژەرانی کوردی بواری ئەدەب و زانستە مرۆییەکان دەکرێت بە گوێرەی ئەو زمانەی پێی دەنووسن بە سەر سێ پۆلی جیاوازدا دابەش بکرێن: یەکەم، ئەوانەی کەمتر بە کوردی دەنووسن، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەنی توێژینەوەی جیدی و ڔەسەنن بە زمانەکانی تر. ئەمانە بۆخۆیان بە سەر دوو پۆلی تردا دابەش‌دەکرێن: ئەوانەی بە ئینگلیسی دەنووسن و ئەوانەی بە زمانەکانی تری بێجگە لە ئینگلیسی. ئەم پۆلە توێژەرە لەو ژورناڵانەدا وتار بڵاو دەکەنەوە کە دانپێدانراو و نوانەکراون. ئەوان، بە تایبەت ئەو دەستەیەی بە ئینگلیسی دەنووسن، بەرهەمیان لە گووکڵ سکاڵێر و ناوەندەکانی نوانەسازی و ئاماژەکاریدا ئامادەن. ئەوان لە کار و پیشەی خۆیاندا سەرکەوتوونە و بەرهەمیان سەرلەبەر بە ئینگلیسی و یاخود زمانێکی ترە، بەڵام بەرهەمی کوردیمان لێ نەبینیون. ئەمانە توێژەری کوردی کوردی‌نەنووسن.

پۆلی دووەم، زیرەک و چالاک و کوردی‌نووسن، بەڵام ئەو گۆڤارانەی بابەتیان تێدا بڵاودەکەنەوە نوانەکراو نین (با ئەگەر بۆ نموونە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمیشەوە دانپێدانراو بن). هەروەهاش، ئەو ناوەندانەی کتێبی ئەوان بڵاودەکەنەوە زۆربەیان خاوەنی مەرج و پێش‌مەرجەکانی دنیای ئەمڕۆی چاپەمەنی نین. ئەم گروپە لە توێژەران کەمتر بە زمانەکانی تر و بە دەگمەن بە ئینگلیسی دەنووسن و بۆیەش هیچ جۆرە ئامادەبوونێکیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرهەم‌هێنانی بیر و مەعریفە و زانست نییە. ئەوان دوورن لە ناوەندەکانی نوانەسازیی توێژینەوەی زانستی و تۆڕ و ژینگە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە توێژی توێژەران؛ بە پێچەوانەوە، خۆیان یان لایەنگرانیان ئامادەبوونێکی بەرچاویان لە تۆڕە گشتییەکاندا هەیە (وەک فەیسبوک و هاوشێوەکانی). گرنگی‌نەدان بە مێتۆدۆلۆژی یان ڕێبازناسیی لێکۆڵینەوە گرنگترین کێشە و خاڵی لاوازی نووسینی زۆربەی ئەو توێژەرانە پێک‌دەهێنێ.

پۆلی سێیەم کەمینەن. لە لایەکەوە بە کوردی دەنووسن و لە لایەکی تریشەوە بەرهەمیان لە ناوەندە باوەڕپێکراوە نێودەوڵەتییەکانی نوانەسازیدا ئاماژەی بۆ دەکرێ. ئەمانە بەداخەوه و دیسانەوە بەداخەوە ژمارەیان زۆر کەمە. ئەم پۆلە توێژەرە بە هۆی ئاگاداربوونیان لە مۆرک و تایبەتەمەندییەکانی توێژینەوەی پێوەر لە ئاستی جیهانیدا، هەوڵ‌دەدەن لە بەرهەمە کوردییەکانیشیاندا ئەو مۆرکانە ڕەچاوبکەن. ئەوان بە زۆری ڕووبەڕووی کێشەی شێوازی زانستیی نووسین دەبنەوە و بە هەستیاریی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ کاری توێژینەوەدا دەکەن و تەنانەت خاڵ و کاماشیان بۆ گرنگە.

کەواتە، ئەرکمان قورسە: دەبێ بە کوردی بنووسین بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی زمانەکەمان ‌لە ساتەوەختی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پرس و کێشە فیکری و زانستییەکاندا و هاوکات لە نووسینی کوردیشدا ڕەچاوی مێتۆدولۆژی بکەین؛ لە پاڵ ئەمەشدا، دەبێ بە ئینگلیسیش بنووسین بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ژوورێکی هەر چەند بچووک لە ناوەندە زانستییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ مژار و پرسە پێوەندیدارەکان بە زمان، وێژە، چاند و مێژووی کوردەوە.

پۆلی یەک و دوو، سەرەڕای ئەوەی باشترین و ناودارترین توێژەران و ڕۆشنبیرانی کوردیان تێدا جێگیر بوونە، بەڵام بۆ من ناتەواون و کەم‌وکۆڕییان هەیە و هەر بۆیەش ناتوانن ببن بە نوێنەک و ئولگوییەکی باش. گەرچی توێژەرانی هەر دوو پۆلەکە خاوەنی خاڵی بەهێزی تایبەت بە خۆیانن، بەڵام خاڵە لاوازەکانیشان بە زەقی دیارن: بەکوردی‌نەنووسینی پۆلی یەک و ڕەچاونەکردنی مێتۆدۆلۆژی لە لایەن پۆلی دووەوە. بۆیەش ڕەخنەی جیدیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە.

ژێدەر: لاپەڕەی تایبەتی دوکتۆر سەجادی لە فەیسبووک

News Code 34106

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 4 =