بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مستەفا کازمی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای گەیشتنی بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و پێشوازی کردنی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکە، سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد.
سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، مەسعوود بارزانی و مستەفا کازمی چەندین پرسی ئابووری و سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ دەکەن.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، پاش بینینی بارزانی، کازمی جارێکی دیکە چاوی بە سەرۆکی حکومەت دەکەوێت و دواتر سەردانی پارێزگای دهۆک دەکات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هاوڕێی وەزیرانی دەرەوە ، بەرگری ، نەوت ، کۆچ و کۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکوومەتی فیدراڵی، بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی هەرێم لەنێویاندا هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێم پێشوازی لێکرا.
بۆچوونی ئێوە