پێویستە کۆتایی بەم بارودۆخە ناسروشتییەی شنگال بهێنرێت

مەسعود بارزانی بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی شنگال رایدەگەیەنێت: "پێویستە کۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییەی شنگال بهێنرێت "

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی شنگال رایدەگەیەنێت: "پێویستە کۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییەی شنگال بهێنرێت و شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە رەسەنەکانی و پێویست دەکات رێوشوێنی وا بگیرێتە بەر کە چیتر کارەسات و زوڵم و تاوان لەدژی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر دووبارە نەبێتەوە".

لە پەیامەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە،: "ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کارەساتی تاوانی کۆمەڵکوژیی شنگالدا تێدەپەڕێت. کارەساتێک کە تێیدا تیرۆریستانی داعش بە شێوەیەکی دڕندانە تاوانیان بەرانبەر خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجام دا. ئەو تاوانە برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی کوردستان و هەرگیز لەبیر ناکرێت. لەم کارەساتەدا ئێزیدییەکان بەهۆی کوردبوون و بەهۆی ئایین و بیروباوەڕییان کەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و جەهل و بێویژدانیی تیرۆریستان".

دەقی پەیامەکەی بارزانی بۆ شەشەمین ساڵیادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی شنگال

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کارەساتی تاوانی کۆمەڵکوژیی شنگالدا تێدەپەڕێت. کارەساتێک کە تێیدا تیرۆریستانی داعش بە شێوەیەکی دڕندانە تاوانیان بەرانبەر خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجام دا. ئەو تاوانە برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی کوردستان و هەرگیز لەبیر ناکرێت. لەم کارەساتەدا ئێزیدییەکان بەهۆی کوردبوون و بەهۆی ئایین و بیروباوەڕییان کەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و جەهل و بێویژدانیی تیرۆریستان. ئەوەی تاوانبارانی داعش لەدژی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجامیان دا درێژەکراوەی ئەو زنجیرە کارەسات و تاوانانە بوو کە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی کوردستان ئەنجام دراوە.
لەم یادە دڵتەزێنەدا بە بەرزی یادی شەهیدان و قوربانیانی شنگال دەکەینەوە. هاوکات یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانانەیش دەکەینەوە کە بە خوێنی خۆیان شنگال و چیای شنگالیان لە دەست تیرۆریستان ئازاد کرد و مەردانە تۆڵەی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەیان لە تیرۆریستان کردەوە.
بە پێویستی دەزانم لێرەدا جارێکی تر جەخت لەوە بکەمەوە کە بە هەموو توانایەکمەوە پشتیوانی داواکاریی خوشک و برا ئێزیدییەکان دەکەم بۆ ئەوەی سەربەرزانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانێکی ئاسوودە و ئارام و دوور لە ستەمکاری و چەوساندنەوەیان هەبێت و بتوانن کاروباری خۆیان لە ناوچەکانیان بەڕێوە ببەن. جێگەی داخێکی زۆرە دەڤەری شنگالیش لە دوای ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر کەوتە بەر کاریگەریی پیلانی ناحەزانی خەڵکی کوردستان. ئەو کات بۆ ئەوەی ڕێگە لە کارەساتی تر و خوێنڕشتنی نێوان ئێزیدییەکان بگیرێت وا ڕێککەوتن کرا کە کۆنتڕۆڵی شنگال بدرێتە ئێزیدییەکان و ئێزیدییەکان هەر خۆیان ئیدارەی شنگال و ناوچەکانیان بکەن، بەڵام هەتا ئێستایش حکوومەتی عێراقی پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نەبووە و شنگال کەوتووەتە دەست خەڵکی تر. هەر بۆیەش هەتا ئێستا ئێزیدییەکانی دەڤەری شنگال لە ژیان و داهاتوویان دڵنیا نین و بۆ ناوچەکانیان نەگەڕاونەتەوە و هەر لە دۆخی ئاوارەیی و ژیانی کەمپەکاندا ماونەتەوە کە لە ڕاستیدا ئەوەیان زوڵمێکی گەوەریە.
بۆیە پێویستە کۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییەی شنگال بهێنرێت و شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە ڕەسەنەکانی و پێویست دەکات ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر کە چیتر کارەسات و زوڵم و تاوان لەدژی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر دووبارە نەبێتەوە.
لەیادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی شنگالدا دڵم بەردەوام لەگەڵ خوشک و برا ئێزیدییەکانە و هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە ناخهەژێنەم. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان.

 

News Code 33551

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 14 =